رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆمپانیای هیلال رایگەیاند، بەردەوامن لە پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرۆمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە دەگەیێننە ئاستێک کە بەشی بەرهەمهێنانی کارەبای 24 کاژێری بکات.
لە کۆنفرانسی وزە لە عێراق، کە ئەمڕۆ سێشەممە 28-01-2025 لە بەغدا بەڕێوەچوو، عەبدوڵڵا قازی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هیلال لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیاکەی ئێستا لە کێڵگەی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی 530 ملیۆن پێ سێجا گاز، 1100 تۆن LPG بەرهەم دەهێنێت.
وەکو بەڕێوەبەری کۆمپانیای هیلال ئاماژەی پێدا، "پێش کۆتایی ئەم ساڵ زیاتر لە 270 ملیۆن پێ سێجا گازی دیکە دەخەینە سەر تۆڕەکە، ئەمەش فاکتەرێکی گرنگ دەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی کارەبای 24 کاژێری لە هەرێمی کوردستان."
سەبارەت بە هەناردەکردنی گازی کێڵگەی کۆرمۆر، عەبدوڵڵا قازی ئەوەی خستەڕوو، "گازی کۆرمۆر گازێکی عێراقییە بۆ هەموو عێراق، شتێک نییە بەناوی هەناردەکردن. راستییەکەی وەبەرهێنانە لە سەرچاوەکانی عێراق لەسەر خاکی عێراق."
جگە لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای هیلال سەرقاڵی پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکانی پارێزگای دیالەشە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای هیلالی عێراقی باسی لەوە کرد، کۆمپانیاکەی بەنیازە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا پرۆژە گازییەکانی لە پارێزگای دیالە تەواو بکات.
سەبارەت بە پرۆژەکانی دیالە، قازی باسی لەوە کرد، کێڵگەکانی خەشەم ئەحمەر، مەنسوورییە، جەڕیابیکا، تەل غەزال و نۆدمان دەتوانن ببنە بنکەیەکی گرنگی پیشەسازیی گاز لە ناوچەکەدا.
عەبدوڵڵا قازی داوای لە حکومەت کرد رۆڵی چاودێر و یاسادانەر ببینێت، نەک جێبەجێکار و پێیوایە کەرتی تایبەت توانای ئەوەی هەیە ئەم ئەرکە بە ئاستێکی بەرزتر جێبەجێ بکات.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای هیلال باسی لە کێشەی رۆتینی ئیداری کرد و گوتی، "رێگربوونە لە خێراکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی خەشەم ئەحمەر."
عەبدوڵڵا قازی نموونەی بە کێڵگەی کۆرمۆر هێنایەوە و گوتی، "کاتێک لە ساڵی 2007 دەستمان بە پرۆژەی پەرەپێدانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر کرد، حکومەت چەندین دەسەڵاتی بە کۆمپانیاکە دا بۆ تێپەڕاندنی هەندێک رێوشوێنی رۆتینی، کە بەهۆیەوە کۆمپانیاکە توانیی لە ماوەی 15 مانگدا گاز بەرهەم بهێنێت."
قازی جەختی لەوە کردەوە، پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکان جیاوازە لە کێڵگە نەوتییەکان لەڕووی کات، تێچوو، تەکنەلۆژیا و پێویستی بە رێوشوێنی تەندروستی و ئەمنیی تایبەتە.
هەروەها روونیکردەوە، هۆکاری کەمیی وەبەرهێنان لە کەرتی گازدا دەگەڕێتەوە بۆ تێچووی بەرز و مەترسیی زیاتر بەراورد بە نەوت. بەم هۆیەوە داوای لە حکومەت کرد، کاری زیاتر بکات بۆ راکێشانی کۆمپانیاکان بۆ وەبەرهێنان لەم کەرتەدا.
بەپێی قسەکانی بەڕێوەبەری کۆمپانیای هیلال، پارێزگای دیالە خاوەنی چەندین کێڵگەی گرنگی گازە کە دەتوانن رۆڵێکی بەرچاو لە پیشەسازیی گازی عێراقدا بگێڕن، لەوانە: کێڵگەی خەشەم ئەحمەر، کێڵگەی مەنسوورییە، کێڵگەی جەڕیابیکا، کێڵگەی تەل غەزال، کێڵگەی نۆدمان.
عەبدوڵڵا قازی ئەوەشی خستەڕوو، ئەم کێڵگانە دەتوانرێت ببەسترێنەوە بە کێڵگەکانی عەجیل و کێڵگە گازییەکانی پارێزگای سلێمانی.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای هیلال پێیوایە، ئەگەر حکومەت ئەو کارە بکات، سوودی گشتیی بۆ هەموو عێراق دەبێت، یارمەتیی دابینکردنی کارەبا دەدات، هەروەها پەرەپێدانی پیشەسازی گاز خێرا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ