رووداو دیجیتاڵ
ستیڤن داینتۆن، بەڕێوەبەری بانکی بارکلیز رایگەیاند، وەبەرهێنەران مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و رێژەی سوود بە کەم دەبینن.
داینتۆن، لە چاوپێکەوتنێکدا لە پەراوێزی لوتکەی "پێشینەی دەستپێشخەریی داهاتووی وەبەرهێنان" لە مەیامی گوتی، "ئەگەر رووداوەکانی ئێستا تاوەکو هاوین بەردەوام بن و نرخی نەوت لە نێوان 110 بۆ 130 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بمێنێتەوە، ئەوا ئەمە نیگەرانییەکی گەورە بۆ قەرزەکان، گەشە و مەترسییەکانی پاشەکشەی ئابووری دروستدەکات." گوتیشی، بازاڕ ئەم مەترسییانەی وەک پێویست بە هەند وەرنەگرتووە.
رۆژی هەینی پێنوێنەکانی پشکەکانی ئەمریکا دابەزین، ئەمەش لەکاتێکدایە نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 112 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە. پەرەسەندنی گرژییەکان لە ئێران نیگەرانییەکانی لەبارەی ئەوەی کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیان بە ئابووریی جیهان دەگەیێنێت، قووڵتر کردووەتەوە.
داینتۆن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوروپا رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە، چونکە زلهێزە ئابوورییەکانی کیشوەرەکە گەشەیەکی خاویان بەخۆوە بینیوە و توانای سنوورداری دارایی حکومەتەکان وایکردووە وڵاتانی ئەورووپا کەمتر توانای بەرگەگرتنی شۆکەکانیان هەبێت.
بەڕێوەبەری بانکی بارکلیز گوتیشی، ئەورووپا بەهۆی پچڕانی دابینکردنی نەوت و گازەوە کاریگەریی زۆر گەورەی دەکەوێتە سەر.
ستیڤن داینتۆن ئاماژەی بەوەشکرد، بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا بەهێزترە، ئەوەش بەهۆی بەهێزیی خواستەکانی بەکاربەران، وەبەرهێنان لە ژێرخانی زیرەکیی دەستکرد و خەرجییەکانی بەرگری.
داینتۆن پێشیوایە، "رەنگە چارەسەرکردنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خێراتر بێت لەوەی چاوەڕوان دەکرێت و ئەگەری زۆرە بازاڕەکان بەهێز ببنەوە" ،ئاماژەی بەوەشکرد کە پشکەکانی ئەمریکا و ئاسیا باشترە لە پشکەکانی ئەورووپا.
گوتیشی، ئەگەر ماوەی ئەم شۆکە کورت بێت، رەنگە بانکە ناوەندییەکان دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود بکەنەوە، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بێت، پێشبینی دەکات سیاسەتڤانانی نەختینەیی روو لە توندکردنەوەی سیاسەتەکان بکەن و رێژەی سوود زیادبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ