رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە 1ی ئابەوە پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیهاندا جێبەجێ دەکات و دوایین وادە بۆ جێبەجێکردنی درێژناکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە 27ی تەممووزی 2025 هاوارد لوتنیک، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، وادەی جێبەجێ نەکردنی پێناسی گومرگی درێژ ناکرێتەوە و 1ی ئاب جێبەجێ دەکرێت. دەشڵێت، "هێزی گومرگ دەست بە کۆکردنەوەی پارە دەکات."
لە مانگی نیسانەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستی بە سەپاندنی پێناسی گومرگی کردووە بەسەر وڵاتاندا و چەند جارێک رێژە و کاتی جێبەجێکردنیانی گۆڕیوە. رۆژی 9ی تەممووز، ترەمپ رایگەیاند، لە 1ی ئابەوە پێناسەکان جێبەجێ دەکەن.
وەزیری بازرگانیی ئەمریکا گوتیشی، "وڵاتانی ئەورووپا هیوا دەخوازن بتوانن رێکبکەون، بەڵام ئەوە لە دەسەڵاتی سەرۆک ترەمپە کە سەرۆکایەتی گفتوگۆکان دەکات."
تاوەکو ئێستا تەنیا پێنج وڵات توانیویانە خۆیان لە پێناسە گومرگییەکانی واشنتن بپارێزن و رێککەوتنی بازرگانییان لەگەڵ ئەمریکا کردووە، کە بەریتانیا، ڤێتنام، ئیندۆنیزیا، فلیپین و ژاپۆنن.
ئێستا ژمارەیەک وڵات و ناوەندی دیکەی جیهانیش لە هەوڵی رێککەوتندان لەگەڵ ئەمریکا، دیارترینیان یەکێتیی ئەورووپا و چینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ