رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی هەفتەیەکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 81% بەرزبووەتەوە، بەڵام داهاتی مانگانە 30% کەمیکردووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاوی کردەوە، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 22-11-2025 تاوەکو رۆژی هەینی، 28-11-2025، بریتییە لە 21 ملیار و 764 ملیۆن و 367 هەزار دینار.
هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور، بە گوێرەی ماڵپەڕەکە 11 ملیار و 969 ملیۆن و 694 هەزار دینار بووە، بەمەش داهاتی ئەم هەفتەیە بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی 10 ملیار دینار زیادیکردووە.
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە کۆدەکرێنەوە.
ماڵپەڕەکە داهاتی مانگانەی سنوورەکەی بڵاوکردووەتەوە، لە 25-10-2025 بۆ 25ـی ئەم مانگە، 51 ملیار و 854 ملیۆن و 750 هەزار دینار بووە، لەکاتێکدا مانگێک پێشتر 74 ملیار و 800 ملیۆن و 822 هەزار دینار بووە. بەمەش داهاتەکان لە ماوەی مانگێکدا 17ملیار دینار کەمیکردووە.
داهاتی پار لەو سنوورانە زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە و ئەم ساڵیش تاوەکو ئەمڕۆ زیاترە لە 824 ملیار دینار.
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند.
بە دروشمی "بەسیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"، نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی ماڵپەڕەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ