وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا: 23.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ لە ئامەد دۆزراوەتەوە

29-06-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تورکیا دەڵێت، ئەم ساڵ 41 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان دۆزراوەتەوە، 58%ی نەوتەکە کە دەکاتە 23.8 ملیۆن بەرمیل، لە سنووری ئامەدە.
 
وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی چالاکییەکانی تایبەت بە دۆزینەوەی یەدەگی نەوتی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، لە 5 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 41 ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتی خاویان لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان دۆزیوەتەوە، 23.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە سنووری ئامەد بووە کە 58%ی کۆی یەدەگی نەوتە دۆزراوەکە پێکدەهێنێت.
 
بەپێی وەزارەتەکە، لە ئامەد 307 بیری نەوتی کارا هەیە و رۆژانە 16 هەزار و 400 بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێندرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانجیانە تاوەکو کۆتایی ساڵ رۆژانە بەرهەمەکە بگەیێننە 20 هەزار بەرمیل.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، تاوەکو ئێستا 330 ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوت لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان دۆزراوەتەوە.
 
رۆژی 25ی مانگ، دەستەی رێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا، راپۆرتی مانگی نیسانی ئەم ساڵی هاوردەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەراورد بە هەمان مانگی پار، بەرهەم بە رێژەی 2.2% بەرزبووەتەوە و گەیشتوەتە 4 ملیۆن و 291 هەزار و 488 تۆن. زۆرترین نەوت لە رووسیا، کازاخستان و سعودییەوە هاوردە کراوە.
 
19ی ئایاری 2025، ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، لە گاباری شرنەخ رۆژانە 81 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن، ئەوەش 8%ی کۆی پێداویستی رۆژانەی تورکیا لە نەوت دابین دەکات.
 
رۆژی 2ی ئایاری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "بەرهەمی رۆژانەی گابار 81 هەزار بەرمیلی تێپەڕاند. تاوەکو ئەمڕۆ لە گابار زیاتر لە 26 ملیۆن بەرمیل بەرهەممان هەبووە کە تێکڕای بەهاکەی نزیکبووەتەوە لە دوو ملیار دۆلار. تاوەکو کۆتایی ئاداری 2025 بەرهەمی رۆژانەی نەوت لەسەرانسەری تورکیادا بەو کارانەشی لە گابار دەکرێت 135 هەزار بەرمیلى تێپەڕاندووە و ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە."
 
تورکیا سەرەتای ئایاری 2021 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ناوچەی گاباری شرناخ راگەیاند. ئەوکات تورکیا رایگەیاند، بەرھەمھێنانی رۆژانەی نەوت لە شرناخ 70 ھەزار بەرمیلە.
 
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی شرنەخ، سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن. هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی نێوخۆی تورکیا دابین دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە