رووداو دیجیتاڵ
ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، هەردوو لایەنی هەرێمی کوردستان و عێراق دەسەڵاتی مامەڵەکردنی نەوتیان هەیە و دەشڵێت، بڕیارەکەی دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی، گرفتێکی ئەوتۆی یاسایی بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دروست ناکات.
رۆژی پێنجشەممە، 30-03-2023، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند: ''هەردوو لایەنی هەرێمی کوردستان و عێراق دەسەڵاتی مامەڵەکردنی نەوتیان هەیە، بەڵام بەپێی چوارچێوەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش.''
شەوی هەینی، 24-3-2023، میدیا جیهانییەکان ئاشکرایان کرد، حکومەتی تورکیا بڕیاری دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بە عێراق راگەیاندووە و تێیدا گوتوویەتی "دادگەکە بە سوودی عێراق بڕیاری داوە"، هەروەها گوتوویەتی: "ئەنقەرە بڕیاریداوە چیدیکە بەبێ رەزامەندی و مۆڵەتوەرگرتن لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق، رێگە بە کەشتییە نەوتییەکان نەدات لە بەندەری جەیهانەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان بەڕێبکەون".
دارا سێکانیانی دەڵێت، لە پڕۆژەیاسادا زۆر بە روونی باسی ئەوە کراوە پڕۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت دەبێ بە هاوبەشیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بێت، بەڵام ''گرفتەکە لەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە رابردوودا جۆرێک بێمتمانەیی لە نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان دروستبووە و هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە داهات بە شەفافی رادەست بکات و ئەوانیش وەکو پێویست شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان نەناردووە.''
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دوو جار شاندی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کردووە، لەگەڵ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ کۆبووەتەوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی فەرمی.
بەپێی زانیارییەکان، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) دەیەوێت فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان بگرێتە دەست، ئەوە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە سۆمۆ بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان نەوتەکە بفرۆشن.
ئەو پەرلەمانتارە لەوبارەوە دەڵێت، دەستوور زۆر بە روونی باس لەوە دەکات، کە بە هاوبەشیی هەردوولا دەبێ نەوت بفرۆشرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان سەربەخۆیانە مامەڵەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی کردووە و سۆمۆ ئاگادار نەبووە، حکومەتی عێراق و سیاسەتی نەوتی عێراقیش ئاگاداری وردەکارییەکانی رێککەوتنی کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبوون.
درەنگی شەوی 28-3-2023، کۆمپانیای DNOـیی نەرویجی، کە رۆژانە 107 هەزار بەرمیل لە تاوکێ و پێشاپوور بەرهەمدەهێنێت، رایگەیاند، دەستدەکەن بە داخستنی بیرەکانیان، بە دوای ئەویشدا چەند کۆمپانیایەکی دیکە راگەیێندراویان لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە، کە بەهۆی نەبوونی شوێنی کۆگەکردن و بەهۆی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوت، بیرە نەوتەکان دادەخەن تاوەکو هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە.
دارا سێکانیانی ئومێد دەکات حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کۆتایی بە قۆناخی رابردوو بێنن و ئەوە سەرەتای قۆناخێکی نوێ بێت، بۆ ئەوەی بتوانن لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق و خەڵکی کوردستان ئەم دۆسیەیە چارەسەر بکەن. دەشڵێت: ''یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی حکومەتی سوودانیش بریتییە لەوەی کە یاسای نەوت و گاز بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، گەڵاڵە بکرێت و لە پەرلەمان کارەکانی تەواو بکرێت.''
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق پێیوایە ئەگەر هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی دەستووردا ئامادە بێت و هەموو لایەنە کوردییەکان لە بەغدا یەکدەنگ و هاوڕا بن، دەتوانن دەنگیان بە دادگەی فیدراڵی یان هەر شوێنێکی دیکە بگەیێنن. گوتیشی، ''چونکە ئەمە بەرژەوەندیی سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەرانە و پەیوەندی بە لایەنێکی دیاریکراوەوە نییە و دەبێ بە کۆدەنگی پشتیوانی لە پڕۆسەکە بکەن.''
دارا سێکانیانی پەرتەوازەیی و لێکترازانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە هۆکاری سەرەکیی گرفتەکانی پەیوەست بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەزانێت و جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێ پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا هاودەنگ بن.
ئەو پەرلەمانتارە پێشنیاز دەکات، بۆردێکی راوێژکاری یاسایی-ئابووریی شارەزا، لە کەسانی پسپۆڕ پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی شارەزایانە لەگەڵ لایەنی بەغدا سەبارەت بە بابەتەکانی بودجە و یاسای نەوت و گاز دانوستاندن بکەن بۆ ئەوەی ئەگەر دواجار بەغدا پابەندی رێککەوتنەکان نەبوو، بتوانێت پەنا بۆ دادگەی فیدراڵی، پەیوەندیی دیپلۆماسیی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان بەرێت.
بەپێى پڕۆژەیاسای بودجەی 2023، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت و داهاتەکەى وەکو داهاتى کۆتایی خەزێنەى دەوڵەت تۆمار دەکرێت، کە دەگوترێت راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کێشە بۆ رێککەوتنی ئەو دوو لایەنە لەسەر بودجەی ساڵی 2023 دروست دەکات.
دارا سێکانیانی لەبارەی پڕۆژەیاسای 2023 گوتی: ''تائێستا لیژنە جیاوازەکانی پەرلەمان کۆبوونەوەی یەکەمیان بۆ نەکردووە و دەبێ کۆببنەوە''. دەشڵێت، ''پێموانییە بڕیارەکەی دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی گرفتێکی ئەوتۆی یاسایی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دروست بکات، چونکە لە بودجەدا زۆر بە روونی باسی ئەوە کراوە هەرێمی کوردستان دەبێ رۆژانە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە چوارچێوەی سیاسەتی نەوتی عێراقدا و لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت و داهاتەکەشی دیار بێت.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ