رووداو دیجیتاڵ
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکەیان ئامادەن دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەڵام مەرجیان ئەوەیە دڵنیایی وەربگرن لە شایستە داراییەکانیان.
مایڵز کاگینز رۆژی سێشەممە، 29ـی نیسان لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، حکومەتی عێراق هێشتا گرێبەستەکانی ئەوانی پەسند نییە.
گوتەبێژەکەی ئەپیکور ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکان بڕێکی زۆر پارەیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و گوتی: "نزیکەی یەک ملیار دۆلارمان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی عێراق، کاگینز رایگەیاند: "حکومەتی عێراق بە گرێبەستەکانی ئێمە رازی نییە"؛ لە بەرامبەردا، پێداگری لەسەر یاساییبوونی گرێبەستەکان کرد و گوتی: "گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی نەوت رەوا و یاسایین."
بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەر، کاگینز ئاشکرای کرد "ناوی ژمارەیەک کۆمپانیا بۆ وردبینی لە خەرجییەکانی دەرهێنانی نەوت پێشنیاز کراون"، داواشی لە حکومەتی عێراق کرد: "کاتی ئەوەیە حکومەتی عێراق روانینی خۆیان بە نووسراو بخەنە روو."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ مایڵز کاگینز:
رووداو: بەڕێز کاگینز. راگەیێندراوێکی ئێوەم بینی لە رۆژانی رابردوودا کە دەڵێت نەگەیشتوونەتە رێککەوتن [بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت] و بێهیوان. بۆچی بێهیوان؟
مایڵز کاگینز: بەیانی باش کاک محەممەد. خۆشحاڵم کە بەم شەوە درەنگە لەگەڵ ئێوەم لە شاری نیویۆرک. دڵخۆشم کە رووداو بەردەوامە لە رووماڵکردنی ئەم بابەتە گرنگەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا. دەمەوێت هەڵوێستی ئەپیکورتان بۆ روون بکەمەوە. کۆمپانیاکانمان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەوەش هەرکاتێک کە رێککەوتن بکرێت. ئێمە پێویستمان بە رێککەوتنە بۆ فرۆشتن. لە هەمان کاتدا رێککەوتنێک بۆ کۆمپانیایەکی راوێژکاری نێودەوڵەتی کە بەپێی یاسای بودجەی عێراق پێویستە. دۆخی ئێستا ئەوەیە کە حکومەتی عێراق چەندین بژاردەی پێشکەش کراوە. ئێمە چەندین رەشنووسمان پێشکەش بە عێراق کردووە بۆ رێککەوتنی فرۆشتن و هەروەها چوارچێوەی کار بۆ کۆمپانیایەکی راوێژکاری نێودەوڵەتی [بۆ وردبینی لە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت]، بەڵام هێشتا چارەسەری کۆتایی ئەم بابەتە نەکراوە. رێککەوتنی نووسراو نەبووە کە پێشکەش بە هەموو لایەنەکان کرابێت تاوەکو واژۆبکرێت.
رووداو: بەڵام بەڕێز کاگینز، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، زۆربەی کێشەکان چارەسەر بوون و تەنیا کێشەی تەکنیکی ماوە. کێشەی تەکنیکی واتە چی؟
مایڵز کاگینز: لەو کاتەوەی دوا جار قسەم لەگەڵ ئێوە کرد، هەندێک پێشکەوتن هەبووە لە رێکخستنی پێدانی شایستە داراییەکان بۆ فرۆشتنی نەوت لە داهاتوودا و قەرزەکان، کەواتە هەندێک رێککەوتنی زارەکی هەیە لەبارەی بنەماکانی میکانیزمی پێدانی شایستە داراییەکان. ئەو کێشەیەی کە هێشتا پێویستی بە کار و رێککەوتن هەیە، چوارچێوەی کارە؛ ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەو کۆمپانیایە چۆن دەبێت کە دێت وردبینی دەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت. هێشتا لەسەر ئەو کۆمپانیایە رێککەوتن نەکراوە. با بیری ئەو بینەرانەی بێنمەوە کە ئەمڕۆ سەیرمان دەکەن لە هەولێرەوە تاوەکو زاخۆ و سلێمانی، کە هەمواری مادەی 12 [ـی دەستووری عێراق] وا دەخوازێت کۆمپانیایەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بێت بۆ دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و تێچووی گواستنەوەی نەوت لە هەر کێڵگەیەک لە هەرێمی کوردستان.
ئەو کۆمپانیا وردبینیکارەش راپۆرتی کۆتایی خۆی پێشکەش دەکات؛ راپۆرتێک دەداتە بەغدا، هەولێر و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت. بەوەش دەریدەخات ئەو تێچووە چەندە کە پێویستە بە کۆمپانیاکان بدرێت بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت بە هەر کێڵگەیەک. پێویستە لایەنەکان لەسەر ئەمە رێکبکەون. پێویستە سەرەتا شێوازی کارکردن و کات بۆ کۆمپانیاکە دیاری بکرێت. ئەمە زۆر گرنگە، بەڵام هێشتا لەسەری رێکنەکەوتووین. لە کۆتاییدا، پێویستە بزانین چ جۆرە راپۆرتێک بەرهەم دەهێنن و هاوبەشی پێ دەکەن. هەموو ئەم کارانەی کە ئەو کۆمپانیایە دەیکات، پێویستە هاوسەنگ بێت، پێویستە لەگەڵ یاسای بودجەی عێراق بگونجێت، هەروەها لەگەڵ گرێبەستەکانی ئێستای ئێمەش بگونجێت کە هاوبەشییە لە بەرهەمهێنان و گرێبەستی رەوا و یاسایین، بەڵام لە لایەن حکومەتی عێراقەوە لە دادگەکان سکاڵایان لەسەر کراوە بەڵام یاسایی بوون و بەردەوامن. من نزیکەی دوو ساڵە لە چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ئێوە، رایدەگەیێنم کە گرێبەستەکانمان بەردەوامن و دادگاکانی عێراقیش ناکۆک نین لەگەڵ ئەوە. کەواتە پێویستە کۆمپانیاکە کارەکەی بکات کە بەشێوەیەک بێت هاوسەنگ بێت و لەگەڵ گرێبەستەکانمان بگونجێت.
رووداو: ناوی هیچ کۆمپانیایەک دیارە؟
مایڵز کاگینز: کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور ناوە پێشنیازکراوەکانی کۆمپانیا راوێژکارییەکانیان بینیوە. کۆمپانیاکانمان هیچ ناڕەزایەتییەکیان نییە لەسەر ناوەکان کە دێن و ئەم کارە گرنگە دەکەن. کەواتە ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە کۆمپانیاکە چ کارێک دەکات و چۆن کار دەکات؟ بەڵام کۆمپانیاکانمان نەبوونەتە رێگر، بەڵکو ئێمە تەنیا دەمانەوێت دڵنیا بین کە گرێبەستەکانمان پارێزراون. ئەو گرێبەستانەی کە کۆمپانیاکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیانە.
رووداو: بەڕێز کاگینز، بەپێی زانیارییەکانمان، حکومەتی عێراق دەسەڵاتێکی زۆری داوە بەو کۆمپانیا نێوەندگیرەی کە دێت و وردبینی لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و خەرجییەکانی نەوت دەکات. ئێوە پێتانوایە دەسەڵاتێکی زۆر دراوە؟ ئەو دەسەڵاتانە چین کە ئێوە پێتانوایە زۆرە و ناڕازین؟
مایڵز کاگینز: کۆمپانیاکان لە ئەپیکور دەیانەوێت بەردەوام بن لە کارکردن لە چوارچێوەی یاساکانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئێمە هیچ ناکۆکییەکمان لەگەڵ حکومەتی عێراق نییە. ئەوەی ئێمە چاوەڕوانی دەکەین لە حکومەتی عێراق ئەوەیە کە پابەند بێت بە راگەیێندراوەکانی. ئێمە هەموو سەرکردەکانی عێراقمان بینیون، لەوانەش سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت، باسی ئەوەیان کردووە کە چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوت چەندە گرنگە. وەزیری نەوت کۆبوونەوەیەکی گەورەی لە 20ـی نیساندا [ئەم مانگە] ئەنجامدا. ئێوە ئێستا وێنەکانی ئەم کۆبوونەوەیە پەخش دەکەن. کۆمپانیاکانمان بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیەکیان کرد و بەشدارێکی چالاک بوون تیایدا.
رووداو: بەڕێز کاگینز، لە دیداری سلێمانی کە لە چەند هەفتەی رابردوو لە سلێمانی بەڕێوەچوو، بەڕێز عەبدولغەنی [وەزیری نەوتی عێراق] لەوێ بوو و لە پانێڵێکدا قسەی کرد. ئەوکات باسی لەوە کرد بە زووترین کات کۆبوونەوە دەکرێت و بە زووترین کاتریش دەست بە هەناردەی نەوت دەکرێتەوە. هۆکار چییە وەزارەتی نەوت بەردەوام گەشبینی پێشان دەدات، بەڵام لە بەرامبەردا ئێوە رەشبینن و پێتانوایە هیچ نەکراوە، تەنانەت رەنگە گەڕابینەوە بۆ چوارگۆشەی سەرەتا لە گفتوگۆکان؟
مایڵز کاگینز: بێگومان زۆر جار بیستوومانە کە هەناردەکردنەوەی نەوت بە زووترین کات دەستپێدەکاتەوە. رەنگە کەسیش نەبێت کە زیاتر لە کۆمپانیاکانی نەوت بیەوێت هەناردەکردنەوەی نەوت بە زووترین کات دەستپێبکاتەوە کە نەوت بۆ هەناردەکردن بەرهەم دەهێنن. ئێمە زۆر روون بووین. بە ئاشکرا رامانگەیاندووە، بە تایبەتی رامانگەیاندووە کە مەرجەکانمان چین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت. ئێستاش کاتی ئەوەیە حکومەتی عێراق بۆچوونی خۆی دەربخات و رێککەوتنی نووسراو بۆ چوارچێوەی کار بۆ کۆمپانیا راوێژکارییەکەی نەوت بنووسێتەوە. هەر کە ئەو رێککەوتنە نووسراوەمان هەبێت، ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.
رووداو: بەڕێز کاگینز، لە دوایین راگەیێندراوتان باستان لەوە کردووە کە گفتوگۆی زۆرباش کراوە، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە شایستە داراییەکانی ئێوەوە هەیە، کەس خۆی لێنادات، جا چ قەرزەکانی رابردوو بێت، یان شایستە داراییەکانی داهاتوو. ئێوە هێشتا لەسەر ئەو مەرجەتان رژدن کە دەبێت قەرزەکانی رابردووتان بدەنەوە، ئینجا دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکەنەوە؟
مایڵز کاگینز: پێم وایە ئەوە شتێکی باشە کە دۆلاری ئەمریکیت لایە. ئەو دۆلارانەی ئێمە قەرزدارین بۆ کۆمپانیاکانمان و بەشداربووان و کارمەندانمان زۆر گرنگن. هەروەها وەک بنەمایەکی سادە لە کاروباری بازرگانیدا، ئەگەر شتێک بەرهەم بهێنیت، پێویستە پارەت پێ بدرێت بۆ ئەوەی کە بەرهەمت هێناوە. وەک پێشتر باسم کرد، پێشکەوتن هەبووە لە گفتوگۆ و رێککەوتنەکان بۆ چۆنیەتی و کاتی پێدانی شایستەکان و قەرزەکان بە کۆمپانیاکانمان. ئێستا، گەورەترین کێشە رێککەوتنە لەسەر چوارچێوەی کاری کۆمپانیا راوێژکارەکەی وردبینی، چونکە ئەگەر چوارچێوەی کار بۆ ئەو کۆمپانیایە نەبێت، ئەگەر ئەو چوارچێوەی کارە لەگەڵ گرێبەستەکانمان نەگونجێت، ئەوا شایستەکانی داهاتوومان دەکەونە مەترسییەوە. کەواتە بەڵێ، ئەمە پەیوەندی بە پارەوە هەیە. پەیوەندی بە هەناردەکردنی نەوتەوە هەیە. پەیوەندی بە گەشەکردنەوە هەیە بۆ ئابووری عێراق بۆ هەموو خەڵک.
رووداو: با هەندێک پرسیاری دووبارە و چەندبارە بکەینەوە، بەڕیز کاگینز. با دوایین زانیاری بزانین لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت. ئێستا رۆژانە چەند بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن، بە چەند دەیفرۆشنەوە و دەیدەن بە کێ؟
مایڵز کاگینز: کۆمپانیاکانمان ئێستا نەوت دەفرۆشن بە نزیکەی 28 بۆ 32 دۆلار بۆ بەرمیلێک. ئەمەش کەمترە لە نیوەی نرخی فرۆشتنی نەوت کە بۆ بازاڕەکانی جیهانی هەناردە دەکرێت. بۆیە ئێمە ئەوەندە رژد و داکۆکی دەکەین لەسەر ئەوەی کە نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە بەندەری جەیهان بفرۆشرێت، چونکە ئەو نەوتە لە بازاڕی جیهانی بە 67 بۆ 75 دۆلار بۆ بەرمیلێک دەفرۆشرێت. ئێمە ئێستا نەوت بە نێوخۆ دەفرۆشین بە پاڵاوگە نێوخۆییەکان کە بە کواڵیتی بەرز و تواناداری هەرێمی کوردستان پاڵاوتن دەکرێت. ئامانجی ئێمەیە کە نەوت بگەڕێنینەوە بۆ بۆری بۆ ئەوەی بۆ جیهان هەناردە بکرێت.
رووداو: دیارە بەرمیلێک نەوت بە چەند دەفرۆشن؟
مایڵز کاگینز: بەڵێ. وەک باسم کرد، نەوتی فرۆشراوی ناوخۆیی لە نێوان 28 بۆ 32 دۆلارە بۆ بەرمیلێک. کەمێک بەرز و نزم دەبێتەوە، بەڵام ئێمە سەرنجمان لەسەر خەڵاتە گەورەکەیە کە نەوت هەناردە بکەین لە ڕێگای بۆرییەکەوە.
رووداو: بەڕێز کاگینز، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند شایستەی دارایی ئێوە قەرزدارە؟
مایڵز کاگینز: بڕی قەرزی شایستە دواکەوتووەکان لە تشرینی یەکەمی 2022 تاوەکو ئاداری 2023، نزیکەی 1 ملیار دۆلارە. وەک بیرهێنانەوەیەک، هەر مانگێک کە بۆرییەکە داخراوە تێچووەکەی ملیارێک دۆلارە بۆ هەموو لایەنەکان، کەواتە هەر کە نەوت بگەڕێنینەوە بۆ بۆرییەکە، هەمووان پارەی زیاتریان دەبێت بۆ هاوبەشی پێکردن و دابەشکردن، لەوانەش پارەدان بۆ شایستە دواکەوتووەکانمان کە قەرزی کۆمپانیاکانە.
رووداو: ئەمە یەکەمجارە لە راگەیێندراوی ئەپیکور بێئومێدی ببینم، ئەم بێئومێدییە بەردەوام دەبێت، یان هێشتا ئومێدێکتان ماوە؟
مایڵز کاگینز: کۆمپانیاکانمان پابەندن بە وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان. کۆمپانیاکانمان نزیکەی 10 ملیار دۆلاریان وەبەرهێناوە بۆ بنیاتنانی پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کردووە لە ساڵی 2005ـەوە.گۆڕانکارییەکان زۆر بەرچاون لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، باڵەخانە بەرزەکان، رووناکییە بریقەدارەکان. زۆربەی ئەمانە لە گەشەکردنی کەرتی نەوت و گازەوە دێن. ئێمە پابەندین بە بینینی وەبەرهێنانی زیاتر و گەشەکردنی زیاتر لە نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و بۆ سوودی هەموو گەلی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ