زێڕ ناجێگیرە؛ یەک مسقاڵ 10 هەزار دینار دابەزی

30-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناجێگیریی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان و نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، یەک مسقاڵ زێڕ 10 هەزار دینار دابەزی.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 795 هەزار دینارە، عەیار 22 بە 833 هەزار دینار و عەیار 18ـەش بە 682 هەزار دینارە.
 
بەراورد بە دوێنێ، هەر مسقاڵێک زێڕ نزیکەی 10 هەزار دینار دابەزیوە، دوێنێ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 805 هەزار دینار بوو.
 
ئەو نرخەی زێڕ لە سەر بنەمای نرخی یەک ئۆنسە بە 3 هەزار و 973 دۆلار دیاریکراوە.
 
دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی 0.25٪ کەمکردەوە. ئێستا رێژەکە 3.75٪ بۆ 4٪ـە.
 
ئەمە دووەم جارە ئەمریکا 0.25٪ رێژەی سوود کەمدەکاتەوە.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەدوای بڕیارەکە گوتی، لە کورتخایەندا، مەترسیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان هەیە. بڕیاری پێشوەختەشیان نەداوە لەبارەی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە مانگی 12.
 
بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بانکی ناوەندی هاندەدات رێژەی سوود کەمنەکاتەوە، بۆیە قسەکانی پاوڵ بوونە هۆی دابەزینی نرخی زێڕ.
 
ئەمڕۆش نرخی زێڕ جێگیر نییە؛ بەیانیی ئەمڕۆ ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 3920 دۆلار دابەزیبوو، بەڵام دواتر بەرزبووەوە.
 
هۆکارێکی دیکەی ناجێگیریی نرخی زێڕ، کۆبوونەوەی سەرۆکانی ئەمریکا و چینە.
 
رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، رایگەیاند، رازیبووە پێناسیی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی کاڵا چینییەکان کەم بکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زلهێزەی بەتایبەتی لە بواری بازرگانیکردندا کەمکردووەتەوە.
 
ترەمپ باسی لەوە کرد، ئێستا 47٪ـی پێناسیی گومرگی بەسەر کاڵا چینییەکاندا دەسەپێنێت، ئەمەش نزیکەی 10٪ کەمترە لە رێژەی پێش کۆبوونەوەکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قاڵبە زێڕی بچووک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

یەک ئۆنسە زێڕ بە 4828 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی، دوای ئەوەی رۆژی رابردوو گەیشتە بەرزترین ئاستی یەک مانگی رابردووی خۆی.