رووداو دیجیتاڵ
بەنزینی قوڕقوشماوی (Leaded Gasoline) بۆ مرۆڤ و ژینگە مەترسیدارە. ئەو بەنزینەیە کە مادەی سیانە ئەسیلی قوڕقوشمی تێدایە یان مادەی زیادکراوی دیکەی بنچینە قوڕقوشمی تێدایە.
یەکەمجار لە ساڵانی 1920 بەرهەمهێندرا بۆ باشترکردنی کارکردن و رێگریکردن لە تەقەتەقی بزوێنەری ئۆتۆمبێل. بۆ ماوەی دەیان ساڵ، باوترین جۆری سووتەمەنی بوو لە سەرانسەری جیهان، تاوەکو کاریگەرییە تەندروستی و ژینگەییە مەترسیدارەکانی ئاشکرا بوون.
بەنزینی قوڕقوشماوی چییە؟
• ماددەی زیادکراو: سیانە ئەسیلی قوڕقوشم وەک "مادەیەکی دژە ناکینگ" تێکەڵ بە بەنزین دەکرا.
• ئەرک: وای دەکرد بزوێنەرەکان نەرمتر کاربکەن، کارایی سووتەمەنی زیاد دەکرد و پارێزگاری لە زمانەی بزوێنەرەکە (وەلف) دەکرد.
• پاشماوەی لاوەکی: کاتێک دەسووتێنرا، گەردیلەی قوڕقوشم و گازی ژەهراوی دەردەدا.
بەکارهێنانی لە جیهاندا
• وڵاتانی پیشەسازی
- لە ساڵانی 1970 تاوەکو 1990 بەهۆی مەترسییە تەندروستییەکانەوە دەستیان بە قەدەخەکردنی قۆناخ بە قۆناخی بەنزینی قوڕقوشماوی کرد.
- ئەمریکا لە ساڵی 1996 قەدەخەی کرد.
- یەکێتیی ئەورووپا تاوەکو ساڵی 2000 بە تەواوی قەدەخەی کرد.
• وڵاتانی تازە گەشەسەندوو
- زۆربەیان تاوەکو ساڵانی 2000 بەهۆی تێچوو، ژێرخان و کێشەی سیاسییەوە بەردەوام بوون لە بەکارهێنانی.
- هەندێک وڵاتانی ئەفریقا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئاسیا تاوەکو ئەم دواییانەش بەکاریان دەهێنا.
قەدەخەکردنی جیهانی: لە ئابی 2021، پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP) رایگەیاند کە بەنزینی قوڕقوشماوی لە سەرانسەری جیهاندا بنبڕکراوە، دوای ئەوەی دوایین بڕی بەنزینەکە لە جەزائیر تەواو بوو.
کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ
قوڕقوشم ژەهرێکی بەهێزە و کار لە مێشک و دەمار دەکات و هیچ ئاستێکی سەلامەتی نییە. توێژینەوە زانستییەکان دەریدەخەن ئەم کاریگەرییانەی هەیە:
• منداڵان
- لاوازبوونی ژیری، کەمبوونەوەی زیرەکی و کێشەی فێربوون.
- رەفتاری ناڕێک، کەمبوونەوەی سەرنج و زیادبوونی مەترسیی تووندوتیژی/تاوان لە داهاتوودا.
• گەورەکان
- بەرزە پەستانی خوێن، نەخۆشیی دڵ و زیان گەیشتن بە گورچیلەکان.
- پووکانەوەی دەمارەکان و لەدەستدانی یادەوەری.
• ئافرەتانی دووگیان
- لەبارچوون، لەدایکبوونی ناکام و پێشوەختە و کێشەی گەشەکردن لە کۆرپەلەدا.
تەنانەت بڕێکی کەمیشی کە لە رێگەی دووکەڵی ئۆتۆمبێلەوە هەڵدەمژرێت، بە تێپەڕبوونی کات لە ئێسک و شانە نەرمەکانی جەستەدا کۆدەبێتەوە.
کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە
• پیسبوونی هەوا: گەردیلەکانی قورقوشم بە شێوەیەکی بەرفراوان بەنێو بەرگەهەوادا بڵاوبوونەوە و هەوای شارەکانیان پیس کرد.
• پیسبوونی خاک: قورقوشم لەسەر شەقامەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان نیشتووە و بۆ دەیان ساڵ ماوەتەوە (چونکە بە شێوەی بایۆلۆجی شی نابێتەوە).
• پیسبوونی ئاو: دزەی کردووەتە نێو رووبار، دەریاچە و ئاوی ژێرزەوی.
• زنجیرەی خۆراک: لەلایەن بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانەوە هەڵمژراوە، لەلایەن ئاژەڵانەوە خوراوە و لە کۆتاییدا گەیشتووەتە مرۆڤ.
• ئاژەڵی کێوی: زیانی بە سیستەمی دەماری ئاژەڵان گەیاندووە، بووەتە هۆی کێشەی زاوزێ و فرەچەشنیی زیندەیی.
زیادبوونی تاوان
بەرکەوتنی درێژخایەن بە قوڕقوشم بە بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان بەستراوەتەوە. بۆ نموونە:
• توێژینەوەیەک ئاشکرای کردووە کە لە نێوان ساڵانی 1992 تاوەکو 2002، لە ئەمریکا رێژەی تاوان 56% کەمبووەوە، کە هۆکاری بەشێکی دەگەڕێنرێتەوە بۆ کەمبوونەوەی بەرکەوتن بە قوڕقوشم.
توێژینەوە نوێیەکان
• توێژینەوەیەکی نوێ کە لە لایەن زانکۆی تۆرنتۆی کەنەدییەوە کراوە و ئەم ساڵ بڵاوکراوەتەوە، بەدواداچوونی بۆ تەندروستیی زیاتر لە 600 هەزار کەسی پێگەیشتووی ئەمریکا کردووە کە بە منداڵی لە ساڵانی 1960 تاوەکو 1674 بەرکەوتنیان لەگەڵ بەنزینی قوڕقوشماوی هەبووە. دەرکەوتووە کە ئەو کەسانە ئەگەری لەدەستدانی یادەوەرییان 20% زیاترە لە کەسانی دیکە.
• توێژینەوەیەکی دیکە کە لە لایەن زانکۆی کارۆلاینای باشوور لە ئەمریکا کراوە، مەزەندە دەکات بەرکەوتن بە بەنزینی قوڕقوشماوی کێشەی دەروونی بۆ 150 ملیۆن کەسی لەیدایکبووی ساڵانی نێوان 1966 و 1986 دروست کردبێت، لەنێویاندا دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و پەرشبوونی سەرنج.
کۆدەنگیی زانایان
• بەنزینی قوڕقوشماوی بە یەکێک لە زیانبەخشترین پیسکەرە ژینگەییەکان دادەنرێت کە تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی جیهان بەکارهاتبێت.
• بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، بەرکەوتنی قوڕقوشمی نێو بەنزین لە سەدەی بیستەمدا بووەتە هۆی مردنی پێشوەختەی ملیۆنان کەس و زیانی بەربڵاوی بە ژیریی منداڵان گەیاندووە.
• توێژینەوەکان مەزەندەی دەکەن کە قەدەخەکردنی بەنزینی قوڕقوشماوی ساڵانە رێگری لە زیاتر لە 1.2 ملیۆن مردنی پێشوەختە کردووە و تریلیۆنان دۆلاری لە بواری خەرجیی تەندروستی و بەرهەمهێناندا بۆ ئابووریی جیهان گەڕاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ