رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی نێتفلێکس وادەی بڵاوکردنەوەی وەرزی سێیەمی زنجیرەی "Squid Game" ئاشکرا دەکات کە دوایین وەرزی زنجیرەکە دەبێت و چیرۆکەکەی کۆتایی دێت.
زنجیرەکە بەرهەمی کۆریای باشوورە و رووداوەکانی لە نێو ئەو وڵاتە روودەدەن، بڕیارە وەرزی نوێی لە 27ـی حوزەیرانی 2025 بڵاوبکرێتەوە.
راگەیاندنی وادەی بڵاوکردنەوەی وەرزی دووەمی زنجیرەکە، لە دوای کۆتاییەکی سەرنجڕاکێشی دوایین ئەڵقەی وەرزی دووەم دێت کە لە 26ـی کانوونی یەکەمی 2024ـدا لە حەوت ئەڵقەدا بڵاوکرایەوە.
هۆکاری زوو ئامادەکردنی وەرزی سێیەمی زنجیرەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەگەڵ وەرزی دووەمدا، دوایین وەرز وێنەگیراوە، لە کاتێکدا وەرزی یەکەم لە 2021 بڵاوکرایەوە.
رۆژی سێشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2025 وەرزی دووەمی زنجیرەکە بووە پڕبینەرترین زنجیرە کە بە زمانی ئینگلیزی نییە لە تۆڕی نێتفلێکس، 173 ملیۆن بینەری هەیە و 1.2 ملیار کاژێر بینراوە.
وەرزی یەکەمی زنجیرەکە، لە ماوەیەکی کەمدا توانی ببێتە پڕبینەرترین زنجیرە لە تۆڕەکەدا و بەربژێری 17 خەڵاتی ئێمی کرا و توانی حەوتی بەدەست بێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ