"دایکانی من" خەڵاتی بینەرانی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی کوردی لەندەنی بەدەستهێنا

02-05-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن دایکانی من
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیلمی دۆکیۆمێنتاریی "دایکانی من" لەنێو باشترین سێ فیلمی هەڵبژێردراوی بینەرانی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی کوردی لەندەن هات، بەپێی دەنگی بینەران. دەرهێنەرێکی فیلمەکەش دەڵێت "دایکانی من، چیرۆکە تراژیدیاکانی ئەنفال دەگێڕێتەوە".
 
زەهاوی سنجاوی و ئیبراهیم سەعیدی، بەیەکەوە دەرهێنەری فیلمەکەن و عەباس ‌غەزالی بەرهەمیهێناوە. زەهاوی سنجاوی بە رووداوی راگەیاند، "لە دوازدەمین فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی کوردی لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا، (دایکانی من)، لەنێوان 50 هەرە باشترین فیلمە بەرچاوەکانی ساڵانی رابردووی سینەمای کوردی، توانیی لەنێو سێ باشتریندا بێت و ببێتە تاکە فیلمی دۆکیۆمێنتاری".
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمساڵ فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی کوردی لەندەن بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، فیلمی "دایکانی من" توانیی یەکێک لە سێ خەڵاتی بینەرانی بەشی "سینەمای کلاسیکی کوردی" بباتەوە.
 
لە بەشی (سینەمای کلاسیکی کوردی) 50 فیلم لە باشترین بەرهەمەکانی مێژووی سینەمای کوردی لە دەرهێنانی سینەماکارانی ناوداری کورد لەوانە: فیلمە سینەماییەکانی (رێگا، ئومێد، بووکی زەوی، رمە، ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان، کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن) چەندین بەرهەمی دیکەی سینەماکارانی بەناوبانگی کورد بەشداربوون و سێ فیلم لەلایەن بینەرانەوە دەستنیشانکران و بە ناونیشانی فیلمە هەڵبژێردراوەکانی بینەران لە رێوڕەسمی کۆتاییدا ناسێندران.
 
ئەو فیلمانەی لە فیلمەکانی فیستیڤاڵدا زۆرترین بینەریان هەبوو:
 
یەکەم: فیلمی (زەڕ- Zer) لە دەرهێنانی کازم ئۆز، لە باکووری کوردستان.
 
دووەم: فیلمی (باکوورBakur) لە دەرهێنانی پایان دێمیرێل لە باکووری کوردستان.
 
سێیەم: (دایکانی من All My Mothers) لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماکارانی کورد ئیبراهیم سەعیدی و زەهاوی سنجاوی لە هەرێمی کوردستان. 
 
زەهاوی سنجاوی لەبارەی فیلمەکەیانەوە دەڵێت "دایکانی من، لە ساڵی 2008 بەرهەمهێندراوە، پێشتریش لە فێستیڤاڵی سینەمایی حەقیقەتی ئێران خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاریی ئێران و نێودەوڵەتیشی بەدەستهێناوە، هەروەها لە هەمان ساڵدا لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا پیشاندراوە".
 
12مین فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی لەندەن و هەشتەمین خولی پێشبڕکێی کورتە فیلمی رێزلێنانی سینەماکاری هەرمانی کورد "یەڵماز گۆنای" بە نمایشی 118 بەرهەم لە سێ بەشی فیلمە سینەماییەکان، بەڵگەفیلمەکان، کورتە فیلمی چیرۆکی و ئەنیمەیشن بەڕێوەچوو.
 
فێستیڤاڵەکە لە رۆژانی 16 تاوەکو 27ی نیسانی 2021 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەی ئۆنلاین لە شاری لەندەنی پایتەختی وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەچوو.
 
فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن کە ساڵی 2001 دەستی بە کارەکانی خۆی کردووە، گەورەترین فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی سەبارەت بە خەڵکی کورد یان ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی بە کوردەکانەوە هەیە هەژماردەکرێت، کە هەموو ساڵێک بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و بیانی؛ لە چەندین بەشی پێشبڕکێ و دەرەوەی پێشبڕکێی، وۆرکشۆپی فێرکاری، کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی سینەمایی، کۆڕی رەخنە و هەڵسەنگاندنی فیلمەکان، لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڤن کۆستنەر لە فیلمی (Horizon)

کێڤن کۆستنەر بەهۆی نەدانی پارەی جلوبەرگ سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت

لە کاتێکدا کێڤن کۆستنەر، ئەکتەر و دەرهێنەری ناسراوی هۆڵیوود، هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی بودجە دەدات تاوەکو زنجیرە فیلمە کلاسیکییەکەی (Horizon: An American Saga) تەواو بکات، ئێستا بەهۆی نەدانی پارەی کرێی جلوبەرگی فیلمەکە، رووبەڕووی سکاڵایەکی یاسایی بووەتەوە.