رووداو دیجیتاڵ
'کەی دێیتەوە' یەکێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی هونەرمەند عەلی مەردانە و لە دوای ئەو لەلایەن ژمارەیەک لە هونەرمەندان گوتراوەتەوە، هونەرمەند رابەر کوردستانی، بۆ یادکردنەوەی ئەو هونەرمەندە کۆچکردووە، ئەم بەرهەمەی بە دەنگی خۆی و بە میوزیکێکی نوێ گوتووەتەوە.
رابەر کوردستانی، بە رووداوی راگەیاند، گوتنەوەی گۆرانیی 'کەی دێیتەوە' وەفایەکە بۆ هونەرمەندی گەورەی کورد عەلی مەردان کە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەرهەمهاتووە و بڵاوکراوەتەوە.
کاری دابەشکردنی میوزیک، ژەنیاری پیانۆ و عود و میکس و ماسترینگی ئەم بەرهەمە، لەلایەن هونەرمەند عیرفان موتەکییایی کراوە.
دیمەنی ڤیدیۆکلیپەکە لە نێو سرووشت و لە وەرزی بەهاردا وێنەگیراوە و محەممەد تەسووڵی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و لە کەناڵی تایبەتی رابەر کوردستانی لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
رابەر کوردستان، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و خاوەنی چەند بەرهەمێکە، لە 21-10-2021 لە 14یەمین فیستیڤاڵی میوزیکی هەرێمی ئیران لە شاری کرمانی ئێران بەشداربوو و گۆرانی و حەیرانی ناوچەی موکریانی پێشکێشکرد.
عەلی مەردان، لە 1904 لە کەرکووک لە دایکبووە و لە 1981 کۆچی دوایی کردووە، لە دوای هەشت ساڵ خوێندن لە تەکیە کە فێری تەجویدی قورئان و ھەندێ مەقاماتی کوردی و قۆڕیاتی تورکمانی بووە، کەرکووکی جێھێشتووە و رووی لە گوندی لەیلان کردووە، دواتر دەچێتە بەغدا و مەقاماتی کوردی، فارسی و عەرەبی لە شارەزایانی کورد، فارس و عەرەب فێر دەبێت و وەک شارەزایەک لە بواری مەقاماتی ناوچەکەدا دەناسرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ