رووداو دیجیتاڵ
جەستن تیمبەرلێک، ئەستێرەی دیاری میوزیکی پۆپ، دوای چەندین مانگ لە کێشەی تەندروستی و هەڵوەشاندنەوەی چەند کۆنسێرتێک، دواجار نهێنیی نەخۆشییەکەی بۆ هەوادارانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، تووشی نەخۆشیی لایم بووە.
تیمبەرلێک لە پۆستێکی ئینستاگرامدا دوای کۆتاییهاتنی گەشتە جیهانییەکەی "The Forget Tomorrow World Tour"، دانپێدانانێکی درێژی بڵاوکردەوە، تێیدا باسی لەو ئازار و ماندووبوونە زۆرە کرد کە لە ماوەی گەشتەکەیدا تووشی ببوو. ئەو نووسیویەتی: "زۆر لە ئێوە دەزانن، لە ماوەی ئەم گەشتەدا رووبەڕووی چەندین کێشەی تەندروستی بوومەتەوە... لە پشتی پەردەوە، من تووشی نەخۆشیی لایم بووم".
نەخۆشیی لایم، لە رێگەی گەستنی جۆرە زیندەوەرێکی بچووکەوە بەناوی "Tick" دەگوازرێتەوە، دەبێتە هۆی نیشانەی وەک ئازاری جومگەکان، ماندووبوونی تووند و کێشەی دەماری. تیمبەرلێک ئاماژەی بەوەدا، ئەم دەستنیشانکردنە وەڵامی ئەو "ئازارە زۆرەی دەمارەکان" و "هەستکردن بە ماندوویەتی و نەخۆشیی سەیر"ـی داوەتەوە، کە لەسەر شانۆ هەستی پێدەکرد.
ئەو ئەستێرەیە روونیکردەوە، سەرەڕای ئازارەکان، بڕیاریدا بەردەوام بێت لە گەشتەکەی، چونکە "ئەو خۆشییەی نمایشکردن پێی دەبەخشێت، زۆر لەو گوشارە کاتییە زیاتر بوو کە جەستەی هەستی پێدەکرد".
ئەم دانپێدانانە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی گەشتەکەیدا، تیمبەرلێک ناچار بوو چەندین کۆنسێرت لە ئەووروپا و ئەمریکا هەڵبوەشێنێتەوە یان دوایانبخات، لەو کاتەدا هۆکارەکەی بە "کێشەی تەندروستی" راگەیەندرابوو. ئەو سوپاسی هەوادارانی کرد بۆ تێگەیشتنیان و بەڵێنی دا گرنگی بە تەندروستیی خۆی بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ