رووداو دیجیتاڵ
"زەوی سەخت و ئاسمان دوور" پڕۆژەی فیلمێکی بڵندی هەوراز محەممەد، دەرهێنەر و رەخنەکاری سینەماییە، تێیدا وێنەی تێکشکاوی مرۆڤی دوای جەنگ دەخاتەڕوو.
هەوراز محەممەد جگە لە دەرهێنانی فیلمەکە، سیناریۆکەشی بە هاوبەشی لەگەڵ مەنسوور تەیفووری نووسیوە، وێنەگرتنی لە کانوونی یەکەمی 2024 دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.
هەوراز محەممەد، بە رووداوی راگەیاند، فیلمەکە ناوەڕۆکێکی درامایی کۆمەڵایەتیی هەیە، لەو جۆرە فیلمانەیە کە لە فۆڕمدا شیعرییە، لە ناوەڕۆکیشدا ریالیزمی – جادووییە.
"زەوی سەخت و ئاسمان دوور" ئیدیۆمێکی کوردییە و گوزارشت لە دۆخێکی ناهەموار و پڕ تەنگژە دەکات، بەجۆرێک ئەوەی بەردەستە سەخت و ئەستەمە و هیوا بەخش نییە. هەروەها ناوی دیوانێکی شیعریی مارف ئاغایی، شاعیری کۆچکردووی کوردە. هەوراز محەممەد دەڵێت، ناوی بەرهەمەکە جگە لەوەی دەرهاوێشتەی ناوەڕۆکی سیناریۆی فیلمەکەیە، لە ژێر کاریگەریی ناونیشانی دیوانە شیعرییەکە ئامادەکراوە.
دەرهێنەری فیلم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکە ئەزموونێکی سینەمای سەربەخۆیە لە هەرێمی کوردستان؛ زۆربەی بەشداربووانی خۆبەخشانە لە پێناو دروستکردنی سینەمایەکی هونەری هەنگاو دەنێن.
هەوراز محەممەد، روونیشیکردەوە، بیرۆکەی فیلمەکە بۆ زیاتر لە 10 ساڵ دەگەڕێتەوە و کار لەسەر سیناریۆکەی کراوە، "هیچ دیمەنێکی نییە بەر دەیان جار بیرلێکردنەوە نەکەوتبێت".
گوتیشی، فیلمەکە بۆ فێستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتییەکان دەنێردرێت و پلانیان هەیە لە سینەماکانی کوردستان پێشانی بدەن.
لە فیلمەکەدا، بەختیار پەنجەیی، مریەم بووبانی، ئەژدەر سازگار و دیمەن زەندی و ئەژدەر سازگار وچەندین ئەکتەری دیکە رۆڵی تێدا دەگێڕن.
بەرهەمهێنەری فیلم رەوەز حەمە ساڵحە، بەڕێوەبەری هونەری بەرهەم تەیب و بەڕێوەبەری وێنەگرتن سالم سەڵەواتییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ