رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند نوژدار محەممەد تاهیر دوای چوار ساڵ بێدەنگی، نوێترین بەرهەمی بەناوی "ئەڤ نازە" بڵاوکردەوە، هۆکاری ئەو بێدەنگییەی بۆ وەرگرتنی چارەسەری بۆ نەخۆشییەکەی و دوو دڵییەتی لە هەڵبژاردنی بەرهەم و بڵاوکردنەوەی.
لەبارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی کە لە ئاوازی خۆی و تێکستی هەوار بەدرخان ئاکرەییە، هونەرمەند میوانی هەواڵەکانی کاژێر 17:00ـی رووداو بوو کە رۆژانە لەلایەن شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری دیاری رووداو پێشکێش دەکرێت، جگە لە بەرهەمە نوێیەکە و کارە هونەرییەکانی، تیشک خرایە سەر نەخۆشییەکەی کە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و لە 2017 چارەسەری لەبارەیەوە وەردەگرێت.
لە دەستپێکی گفتوگۆکەدا، شەهیان تەحسین بە پێکەنینەوە دەپرسێت، بۆچی ماوەیەکە دیار نیت؟ هیچ کێشەیێکت لەگەڵ راگەیاندندا هەیە؟ نوژدار محەممەد تاهیر لە وەڵامدا دەڵێت، ئەو کەم دەردەکەوێت، دەبێت کارێکی کردبێت بۆ ئەوەی دواتر دەرکەوێت. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر هونەرمەند شتێکی نوێی نەبێت، دەرنەکەوێت باشترە.
لەبارەی چیرۆکی بەرهەمی "ئەڤ نازە"، هونەرمەند دەڵێت، لە 2009یەوە ئەم بەرهەمەی بەدەستەوە بووە، بڕیاربوو یەکێک لە تراکەکانی نێو ئەلبوومەکەی بێت، بەڵام دواتر بڕیاری دواخستنی داوە، لە بری ئەو گۆرانییە، کاری لەسەر بەرهەمێکی دیکە کردووە.
گوتیشی، خۆشحاڵە بە دواخستنی ئامادەکردنی گۆرانییەکە، بە بڕوای ئەو خێری تێدا بووە، چونکە دواتر توانیان کار و هزر و دابەشکردنی میوزیکی باشتری بۆ بکەن، بەتایبەتیش لە رووی تەکنیکەوە.
پێشکێشکاری رووداو لەبارەی شێواز و ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە دەڵێت، رۆمانسین و ریتمێکی خاویان هەیە، ناوەڕۆکیان خەمگینن و باس لە دووری دەکەن، هەر لە بەرهەمی "بابە لیسکێ"یەوە ئەوە بەدی دەکرێت و دەڵێت، لەو کاتەوە گوێ لە گۆرانییەکانی بووە، بەڵام لە بەرهەمی "ئەڤ نازە" ئەو شێوازە گۆڕاوە و دەپرسێت هۆکاری ئەو گۆڕانکارییە چییە؟
نوژدار محەممەد لە وەڵامدا دەڵێت، بێدەنگی لە کەسایەتی خۆیدا هەیە. هەروەها مرۆڤ هەموو رۆژێک یەک جۆر خواردن بخوات لێی تێر دەبێت، خەڵکیش شتی جیاوازیان دەوێت، بە بڕوای ئەو دەبێت بەرهەمێکی جوان و تێر زانست پێشکێش بکات، تێکستێکی سەنگین و ئاوازێکی هێژای هەبێت.
گوتیشی، ئامانجی بوو بەرهەمێک بە ناوەڕۆکێکی شاد پێشکێش بکات، چونکە چەندین ساڵی ناخۆشی تێپەڕکرد و قژی سپی کردبوو، هەرچەند قژی خۆی تەواو سپی نییە، بەڵام بڕیاردا دووبارە قژی رەشبکاتەوە و بگەڕێتەوە سەر شێوازی پێشووی.
روونیشیکردوە، گۆرانییە نوێیەکەی لە جۆری بەرهەمە "تەڕەبی"یەکانە و ئێستا تا رادەیەک نەماوە، بە تەکنیکێکی رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتی و بە گوتنێکی کوردی پێشکێشی کردووە، بەلایەوە گرنگە گۆرانی کوردی بە هەموو شێوازەکانی میوزیک پێشکێش بکات.
لەبارەی ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە دەڵێت، بیرۆکەی بەرهەمەکە بۆ براکەی هەرمان محەممەد تاهیر دەگەڕێتەوە و نواندن بۆ ئەو سەخت بووە، بەڵام لە بەرهەمەکەدا نواندنی کردووە، روو لە شەهیان تەحسین دەکات و دەڵێت: "نازانم تا چەند سەرکەوتوو بوومە"، ئەویش وەڵامی دەداتەوە: "رەخنەگر نیم، بەڵام وابزانم باش بوویت".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە بەرهەمی کەم بڵاودەکاتەوە و لە هەڵبژاردنی تێکست، میوزیک و ڤیدیۆکلیپ هەستیارە، هونەرمەند گوتی، هەڵبژاردنی تێکست بۆ ئەو ئاسانە، چونکە شاعیرەکە هاوڕێیەتی ئەویش هەوار بەدرخان ئاکرەییە و بەردەوام پێکەوەن، بەڵام قۆناخی میوزیک بۆ ئەو لە هەمووی سەختترە، چونکە دەبێت مامەڵە لەگەڵ خەڵکی بیانی بکات، لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا سەختە، هەرچەند میوزیک بۆ خۆی زمانی لێکتێگەیشتنە، بەڵام گرنگ هەستە کە چۆن دەگات.
شاعیر هەوار بەدرخان ئاکرەیی، تێکستی بۆ ژمارەیەک گۆرانیبێژ نووسیوە، لەوانەش نوژدار محەممەد تاهیر، دیارترینیان تێکستی گۆرانیی "بگەهە من" کە یەکێک لە بەناوبانگترین گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندەیە و زیاتر لە سێ ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە.
گوتیشی، سیداد قادر تەمەنی 20 ساڵە و دابەشکردنی میوزیکی بۆ گۆرانییەکە کردووە و لەو رووەوە کەسێکی لێهاتووە، بەو ستایلە دەبێتە یەکەم کاری، هەروەها یەکەم کاری هاوبەشیانە. روونیشیکردەوە، دەیتوانی دابەشکردنی میوزیکی گۆرانییەکە بە هونەرمەندێکی تورک یان عەرەب بسپێرێت، بەڵام مەبەستی بووە گەنجێکی دهۆک ئەو کارە بکات.
لە گفتوگۆکەدا شەهیان تەحسین دەیەوێت بچێتە نێو مژارێکی دیکە، چونکە دەزانێت هەوادارانی ئەو هونەرمەندە دەیانەوێت بیزانن، ئەویش رەوشی تەندروستییەتی و دەڵێت، گۆرانییەکەی و دانیشتن لەگەڵی وزەیەکی ئەرێنی بووە بۆ ئەو، هەروەها دەپرسێت، دەکرێت بڵێن گۆرانییە نوێیەکە مژدەی چاکبوونەوەتە لە نەخۆشییەکەت؟ نوژدار محەممەد بە زەردەخەنەیەکەوە دەڵێت: "سوپاس بۆ خودا من باشم، ناڵێم وەک پێشترم، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئێستا زۆر باشم و بەردەوام چارسەری وەردەگرم". گوتیشی: "نەخۆشی بووەتە هاوڕێی و وەک هاوڕێیەکی دەیبینێت، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵیدا بژی". هەروەها بە شەهیان تەحسین دەڵێت: لە رووی تەندروستییەوە "وەک پێشتر نیم، بەڵام دەتوانم بڵێم لە تۆ باشترم"، ئەویش لە وەڵامدا بە پێکەنینەوە دەڵێت: "کێ دەڵێت من باشم؟".
دوای قسەی نوژدار محەممەد تاهیر پەیامێک بوو بۆ هەوادارانی، تێیدا داوای لێبوردنی لێیان کرد بۆ هەر کەموکوڕییەک کە بەهۆی درووکەوتنەوەی هەیبووبێت، بەڵام هۆکارەکە بارودۆخی ژیانی بووە، یەکێک لەوانەش تەندروستیی ئەو بووە، هۆکارێکی دیکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ئەو لە کاری هونەریدا دوو دڵە، ئەگەر لە کارێک دڵنیا نەبێت نایکات، گوتیشی: "بڕوام بە جۆریەتی هەیە، نەوەک چەندیەتی".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بۆ وەرگرتنی چارسەر دەچێتە دەرەوەی وڵات، ئەمەش کاتی دەگرێت، لە دوای وەرگرتنی چارەسەری دەگەڕێتەوە، چونکە "بەبێ کوردستان ناتوانم"، بەڵام بەڵێن دەدات لە ماوەی داهاتوودا بەرهەمی دیکەی هەبێت.
ڤیدیۆکلیپی "ئەڤ نازە" لە دەرهێنانی حوسێن سەعیدە و لە 22 شوێنی جیاواز لە ماوەی پێنج رۆژدا وێنەگیراوە و لە کەناڵی تایبەتی هونەرمەند لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ