رووداو دیجیتاڵ
بە نمایشکردنی فیلمی سینەمایی 'Blonde' لەبارەی ژیانی مێرلن مۆنرۆ، ئەستێرەی سینەمای هۆلیوود و جیهان، چالاکییەکانی فیستیڤاڵی فیلمی دۆڤیلی فەرەنسی تایبەت بە سینەمای ئەمریکی دەستپێدەکات.
چالاکییەکانی فیستیڤاڵەکە لە 2 تاوەکو 11 ئەیلوولی 2022 لە شاری دۆڤیلی فەرەنسی بەڕێوەدەچێت، تێیدا چەندین بەرهەمی سینەمایی ئەمریکی نمایشدەکرێن.
بڕیارە ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 23 ئەیلوولی ئەمساڵ لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوبکرێتەوە و پێشتر وەک ئامادەکارییەک بۆ بڵاوکردنەوەی، چەند وێنە و ترەیلەرێکی بڵاوکرانەوە.
ئانا دی ئارماسو، ئەکتەری کوبی کە رۆڵی کارەکتەری مێرلن مۆنرۆ لە فیلمەکەدا دەگێڕێت، لەبارەی ئەم رۆڵەوە دەڵێت، بۆ گێڕانی رۆڵەکە سەختی زۆری بینیوە و بۆ ماوەی نۆ مانگ راهێنانی کردووە، بەتایبەتیش راهێنانی لەسەر تۆنی دەنگی مۆنرۆ.
سیناریۆی فیلمەکە، لە کتێبی 'Blonde' لە نووسینی جۆیس کارۆل ئۆتس وەرگیراوە کە لە 2000 بڵاوکرایەوە و باس لە وێستگە گرنگەکانی ژیانی مۆنرۆ دەکات.
مێرلن مۆنرۆ، ئەکتەر، گۆرانیبێژ و مۆدێلێکی ئەمریکییە، بە رۆڵگێڕانی لە فیلمی کۆمیدی 'Blonde Bombshell' ناوبانگی پەیداکرد، دواتر لە چەندین بەرهەمی دیکەی سینەماییدا بەشداربوو و بەهۆیەوە کۆی داهاتی فیلمەکانی تاوەکو مردنی لە 1962ـدا، زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو کە بە دوو ملیار دۆلاری ئێستا دەخەملێندرێت، لە 1999 دامەزراوەی فیلمی ئەمریکی، ناوی لە ریزبەندی شەشەمی لیستی گەورەترین ئەفسانەی شاشەی ژن لە سەردەمی زێڕینی هۆلیووددا تۆمارکرد.
لە دوای بەشداریکردن لە چەند کورتە فیلمێک، لە 1950 گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای فۆکس واژۆکرد و لە چەندین فیلمی کۆمێدیدا رۆڵی گێڕا، لەوانە 'As Young as You Feel' و 'Monkey Business'، لە 1953 بوو بە یەکێک لە ئەستێرەکانی هۆلیوود و فیلمەکانی زۆرترین داهاتیان هەبوو.
لە 1954 کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلمی تایبەت بە خۆی دامەزراند، بەڵام دواتر کۆمپانیای فۆکس گرێبەستێکی نوێی پێبەخشی و کرێی بەشداریکردنی لە فیلمدا بەرزکردەوە.
لە رێگەی فیلمی 'Some Like It Hot' کە لە 1959 بڵاوکرایەوە، خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی وەک باشترین ئەکتەر بەدەستهێنا و ئەم بەرهەمە لە هەردوو رووی بازرگانی و هونەرییەوە سەرکەوتوبوو، دوایین فیلمی تەواو نەکراوی ئەو ئەکتەرە بەناوی 'The Misfits'یە کە لە 1961 وێنەگیرا.
مۆنرۆ، ژیانێکی پڕ لە سەختی بەڕێکرد، هەر لە ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەرەوە بگرە، تاوەکو نەخۆشی دەروونی و پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی لەگەڵ چەندین کەسایەتی و دواتریش جیابوونەوەی، تاوەکو دواجار لە تەمەنی 36 ساڵیدا لەرێگەی خواردنی دەرمانێکی زۆر کۆتایی بە ژیانی هێنا و بەم دواییە لە بەشێک لە میدیا ئەمریکییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکرا کە کوژراوە، نەوەک خۆی کوشتبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ