وێنەیەکی دەگمەنی مێرلن مۆنرۆ بە 21 هەزار دۆلار فرۆشرا

12-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن مێرلن مۆنرۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وێنەیەکی پاسپۆرتی مێرلن مۆنرۆی، ئەکتەری کۆچکردووی ئەمریکی کە واژۆی خۆی لەسەرە، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە زیاتر لە 21 هەزار دۆلار فرۆشرا. 
 
وێنەکە لە رۆژێکی تایبەتدا گیراوە کاتێک لەگەڵ هاوژینی ئەوکاتی، جۆ دیماجیۆی ئەفسانەی بیسبۆڵ، خۆیان بۆ بەسەربردنی مانگی هەنگوینی لە ژاپۆن ئامادە دەکرد.
 
میدیا ئەمریکییەکان بڵاویانکردووەتەوە، وێنەکە قەبارەیەکی بچووکی هەیە و رۆژی چوارشەممە 9ـی تەممووزی 2025 لە زیادکردنێکدا لەلایەن خانەی "RR"ـی شاری بۆستنی ئەمریکا رێکخرابوو و بە بڕی 21 هەزار و 655 دۆلار فرۆشرا.
 
لەسەر وێنەکە بە مەرەکەبی سوور نووسراوە: "بۆ بەڕێز پۆڵدز، سوپاس و باشترین سڵاوەکانم، مارلین مۆنرۆ دیماجیۆ."
 
چیرۆکی وێنەکە بۆ 29ـی کانوونی دووەمی 1954 دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەو دوو هاوژینە بەناوبانگە، کە تەنیا دوو هەفتە بوو ژیانی هاوژینییان پێکهێنابوو، سەردانی باڵەخانەیەکی فیدراڵییان لە سان فرانسیسکۆ کرد بۆ دەرکردنی پاسپۆرت بۆ گەشتەکەیان بۆ ژاپۆن. مێرلن مۆنرۆ، ئەوکات27  ساڵ بوو و وێنەی گونجاوی پاسپۆرتی نەبوو، بۆیە دیماجیۆی 40 ساڵان، لە کۆشکێکی وێنەگرتن؛ چەند کۆپییەکی لە وێنەیەکی مۆنرۆ چاپ کرد. کاتێک گەڕایەوە، مۆنرۆ یەکێک لە وێنەکانی بۆ فەرمانبەری پاسپۆرتەکە واژۆ کرد.
 
هەرچەندە ئەم وێنە واژۆکراوە بە فەرمی لە پاسپۆرتەکەیدا بەکار نەهات، بەڵام یەکێکە لەو کۆپییە رەسەنانەی لەو رۆژەدا چاپکراون.
 
جۆ دیماجیۆ دووەم هاوژینی مۆنرۆ بوو، پێش ئەو ژیانی هاوژینی لەگەڵ پۆلیسێک بە ناوی جەیمس دۆهێرتی و سێیەم و دوایین جار بووە هاوژینی ئارسەر میلەر، شانۆنووسی ناسراو کە پێش مردنە کتوپڕەکەی لە تەمەنی 36 ساڵیدا لێی جیا بووەوە.
 
مێرلن مۆنرۆ، ئەکتەر، گۆرانیبێژ و مۆدێلی ئەمریکییە، بە رۆڵگێڕانی لە فیلمی کۆمیدی "Blonde Bombshell" ناوبانگی پەیداکرد، دواتر لە چەندین بەرهەمی دیکەی سینەماییدا بەشداربوو و بەهۆیەوە کۆی داهاتی فیلمەکانی تاوەکو مردنی لە 1962ـدا، زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو کە بە دوو ملیار دۆلاری ئێستا دەخەملێندرێت، لە 1999 دامەزراوەی فیلمی ئەمریکی، ناوی لە ریزبەندی شەشەمی لیستی گەورەترین ئەفسانەی شاشەی ژن لە سەردەمی زێڕینی هۆڵیوود تۆمارکرد.
 
لە دوای بەشداریکردن لە چەند کورتە فیلمێک، لە 1950 گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای فۆکس واژۆکرد و لە چەندین فیلمی کۆمێدیدا رۆڵی گێڕا، لەوانە "As Young as You Feel" و "Monkey Business"، لە 1953 بووە یەکێک لە ئەستێرەکانی هۆڵیوود و فیلمەکانی زۆرترین داهاتیان هەبوو.
 
لە 1954 کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلمی تایبەت بە خۆی دامەزراند، بەڵام دواتر کۆمپانیای فۆکس گرێبەستێکی نوێی پێبەخشی و کرێی بەشداریکردنی لە فیلمدا بەرزکردەوە.
 
لە رێگەی فیلمی "Some Like It Hot" کە لە 1959 بڵاوکرایەوە، خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی وەک باشترین ئەکتەر بەدەستهێنا و ئەم بەرهەمە لە هەردوو رووی بازرگانی و هونەرییەوە سەرکەوتوو بوو، دوایین فیلمی تەواو نەکراوی ئەو ئەکتەرە بەناوی "The Misfits"یە کە لە 1961 وێنەگیراوە.
 
مۆنرۆ، ژیانێکی پڕ لە سەختی بەڕێکرد، هەر لە ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەرەوە بگرە، تاوەکو نەخۆشی دەروونی و پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی لەگەڵ چەندین کەسایەتی و دواتریش جیابوونەوەی، دواجار لە تەمەنی 36 ساڵیدا لەرێگەی خواردنی دەرمانێکی زۆر کۆتایی بە ژیانی هێنا. بەم دواییە لە بەشێک لە میدیا ئەمریکییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکرا کە کوژراوە، نەوەک خۆی کوشتبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە