پزیشکێک بەهۆی مردنی ئەستێرەیەکی (Friends) زیندانیکرا و سێی دیکەش دادگەیی دەکرێن

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن ماتیۆ پێری Friends
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پزیشکێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ماددەی 'کیتامین'ـی بۆ ماتیۆ پێری، ئەستێرەی زنجیرەی (Friends) دابینکردبوو، سزای 30 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ئەو ئەکتەرە سزا بدرێت.
 
دکتۆر سلڤادۆر پلاسێنسیا، یەکێک بوو لەو پێنج کەسەی تۆمەتبارکرابوون بەوەی لە رێگەی تۆڕێکی نهێنییەوە ماددەی سڕکەری (کیتامین)ـیان بە ماتیۆ پێری فرۆشتووە.
 
ماتیۆ پێری، ساڵی 2023 لە تەمەنی 54 ساڵیدا بە مردوویی لە ماڵەکەی خۆی لە لۆس ئەنجلس دۆزرایەوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەدەست ئاڵوودەبوون و خەمۆکییەوە دەیناڵاند.
 
ماڵباتی پێری داوای سزایەکی قورسی بۆ پزیشکەکە کردووە و بە "تاوانبارترین کەس" ناساندوویانە. لە دادگە سوزان مۆریسن، دایکی ماتیۆ پێری، ئاماژەی بە نامەیەکی پزیشکەکە کردبوو، تێیدا پێری بە "گەمژە" ناوبردبوو و پرسیاری ئەوەی کردبوو، ئاخۆ ئامادەیە چەند پارە بدات بۆ دەرمانەکان.
 
دایکی پێری بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە رووی لە پزیشکەکە کرد و گوتی: "هیچ شتێکی گەمژانە لەو پیاوەدا نەبوو. تۆ سوێندت خواردبوو ژیانی خەڵک بپارێزیت، دەبوایە کوڕەکەی منیشت پاراستبووایە".
 

پلاسێنسیا لە دادگە داوای لێبووردنی لە ماڵباتی پێری کرد و گوتی: "من لە ئاستی خۆمدا شکستم هێنا. هیچ بیانوویەک نییە. ناتوانم ئەوەی روویداوە چاکی بکەمەوە. دەزانم دەبوایە ئەوم بپاراستبووایە، زۆر داوای لێبووردن دەکەم".
 
شێریلین پیس گارنێت، دادوەری ناوچەکە جگە لە سزای زیندانییەکە، سزای دارایی پێنج هەزار و 600 دۆلاریشی بەسەر پزیشکەکەدا سەپاند و دەستبەجێ رەوانەی زیندان کرا.
 

لە نامەیەکدا بۆ دادوەر، پلاسێنسیا دان بەوەد دەنێت کە سەرەڕای ئەوەی نیشانەکانی ئالوودەبوونی لە پێری بینیوە، بەڵام بەهۆی کێشەی دارایی کلینیکەکەیەوە، بڕە پارە زۆرەکان سەرنجی راکێشاوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.
 

پلاسێنسیا دانی بەوەداناوە کە لەنێوان 30ـی ئەیلوول بۆ 12ـی تشرینی یەکەمی 2023، نزیکەی 20 شووشە کیتامینی بە ماتیۆ پێری و یاریدەدەرەکەی فرۆشتووە. داواکاری گشتی رایگەیاندبوو، ئەو پزیشکە و تۆمەتبارانی دیکە "قۆستنەوەی ئاڵوودەبوونی پێرییان بۆ دەوڵەمەندبوونی خۆیان بەکارهێناوە".
 
جگە لە پلاسێنسیا، چوار کەسی دیکەش لە دۆسییەکەدا تێوەگلاون، لەنێویاندا پزیشکێکی دیکە، یاریدەدەرەکەی ماتیۆ پێری و ژنێک کە بە (شاژنی کیتامین) ناسراوە؛ ئەوانیش دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لە مانگەکانی داهاتوودا سزاکانیان بۆ دەردەچێت.
 
کیتامین ماددەیەکی پزیشکیی بەهێزە کە سەرەتا وەک بێهۆشکەر لە نەشتەرگەرییەکان و بۆ کەمکردنەوەی ئازاری زۆر بەکاردەهات، هەروەها بەم دواییانە وەک چارەسەرێکی کاریگەر بۆ خەمۆکیی تووند بەکارهێنراوە. ئەم دەرمانە مرۆڤ دەخاتە دۆخێکی نیمچە بێهۆشییەوە، تێیدا هەست بە ئازار ناکات، بەبێ ئەوەی کاریگەریی مەترسیدار لەسەر کۆئەندامی هەناسەدانی دروست بکات، بۆیە زۆرجار لە حاڵەتە فریاگوزارییەکاندا سوودی لێ دەبینرێت.
 
لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان، بەشێک لە خەڵکی وەک ماددەی هۆشبەر بە نایاسایی بەکاری دەهێنن بۆ گەیشتن. بەکارهێنانی ئەم ماددەیە بەبێ چاودێریی پزیشک مەترسیی گەورەی هەیە؛ دەبێتە هۆی تێکدانی توانای بیرکردنەوە و لەبیرچوونەوە، هەروەها بەکارهێنانی بەردەوامی زیانی جددی بە میزڵدان، گورچیلە و جگەر دەگەیەنێت.
 

زنجیرەی (Friends) بە یەکێک لە کاریگەرترین و بەنێوبانگترین زنجیرە کۆمیدییەکانی دەناسرێت، کە بۆ ماوەی 10 وەرز لەنێوان ساڵانی 1994 بۆ 2004 پەخشکرا. 
 
چیرۆکی زنجیرەکە باس لە ژیانی رۆژانە، خۆشەویستی و کێشەکانی شەش هاوڕێ دەکات کە لە شاری نیویۆرک دەژین و پێکەوە رووبەڕووی بەرزی و نزمییەکانی ژیان دەبنەوە. 
 

تاوەکو ئێستا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە بەسەر دوایین وەرزی، زنجیرەکە بە یەکێک لە خۆشەویستترین بەرهەمەکان دەمێنێتەوە و نەوە دوای نەوە بینەری نوێ بۆ خۆی پەیدا دەکات.
 

لە زنجیرەکەدا، ماتیۆ پێری رۆڵی چاندلەر بینگی دەگێڕا، کە بە کەسایەتییەکی گاڵتەجاڕ و خاوەن قسەی نەستەق و تەنزئامێز ناسرابوو. پێری بە شێوازە تایبەتەکەی لە نواندندا، وایکرد چاندلەر ببێتە یەکێک لە خۆشەویستترین کارەکتەرەکان لای بینەران و زۆرجار بە "دڵی کۆمیدی"ـی گرووپەکە دەناسرا. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە