ژمارەیەک گەنجی کورد کار لەسەر یارییەکی ڤیدیۆیی نوێ دەکەن

دوێنێ کاژێر 10:37
پەسار فایەق
نیشانەکردن Fast x Play
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ستۆدیۆی (Fast x Play)، وەک یەکەمین ستۆدیۆی پەرەپێدانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە باشووری کوردستان، ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی پڕۆژەیەکی نوێ دەکات کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەمساڵ بکەوێتە بەردەستی هۆگرانی یارییە ڤیدیۆییەکان.
 
ستۆدیۆکە لە 2020ـەوە دەستی بە کارەکانی کردووە. بیرۆکەی دروستبوونی تیمەکە لە پرسیارێکی سادەوە سەرچاوەی گرتووە: "بۆچی کورد وەک بەکارهێنەرێکی بەردەوامی یارییە ڤیدیۆییەکان، خاوەنی یاریی تایبەت بە خۆی نییە؟". ئەم پرسیارە بووە هەوێنی کارەکانیان و لە 2023 یەکەم یارییان بە ناوی (End Up Alone) بڵاوکردەوە، کە یارییەکی ترسناک و تێڕامان بوو لە دیدی کەسی یەکەمەوە.
 
پڕۆژەکە لەلایەن دەزگای روانگەوە لەنێوان زیاتر لە 1500 پڕۆژەدا هەڵبژێردرا و لە پێشانگەی هایتێکس لە هەولێر، وەک یەکێک لە پڕۆژە سەرکەوتووەکان خەڵاتی بردەوە.
 
سەرەتای 2025 بۆ تیمەکە وەرچەرخانێکی گرنگ بوو، ئەویش دوای بڵاوکردنەوەی دووەم یارییان بە ناوی (Deep In The Dread). ئەم یارییە کە لە جۆری ترسناک و نهێنیئامێزە، باس لە چیرۆکی گروپێک نێو کتێبخانە لە کۆشکێکی کۆندا دەکات، تێیدا یەکێک لە کچەکان رووبەڕووی رووداو و دۆخێکی نائاسایی دەبێتەوە.
 
ساکان ئەسەدی، بەڕێوەبەری ستۆدیۆی (Fast X Play) بە رووداوی راگەیاند: "بڵاوکردنەوەی یاری (Deep In The Dread) سەرکەوتنێکی مەزن بوو بۆ ئێمە و سەلماندمان کە دەتوانین کێبڕکێ بکەین".
 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ئەم بەرهەمە تاوەکو ئێستا لە رێگەی پرۆگرامی ستریم لە چین، ئەمریکا، کۆریا، ئەڵمانیا، رووسیا و هۆڵەندا بڵاوکراوەتەوە".
 
لەبارەی پلانی داهاتوویان، ساکان ئەسەدی ئاشکرای کرد، ئێستا کار لەسەر یارییەکی نوێ دەکەن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ناوەڕاستی 2026ـدا بڵاودەکرێتەوە. گوتیشی: "ئێمە وەک تیمێک ناڵێین یەکەمین لە جیهان، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەکەمین و باشترینین لە کوردستان. لە چیرۆکەوە تاوەکو بچووکترین وردەکاریی یارییەکانمان خۆمان بونیاتی دەنێین و شانازی بە داهێنانەکانمانەوە دەکەین".
 
بەڕێوەبەری ستۆدیۆکە جەخت لەوە دەکاتەوە، لە دیزاین، تەلارسازی و پلانی ناو یارییەکانیاندا، هەوڵدەدەن نوێگەری بکەن و مۆرکی کوردی لە کارە جیهانییەکانیاندا نیشان بدەن.
 

ساکان ئەسەدی، سوپاسی پشتگیرییەکانی کەناڵی رووداو و دەزگای روانگەی کرد، هەروەها سوپاسی ئۆرەنج کۆرنەر و فایڤ وەن لابی کرد کە هاوکاربوون لە پێشخستنی توانا و بەرهەمەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە