رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو نمایشی "Hamilton" لە 2026 لە دامەزراوەی جۆن ئێف کێنێدی بۆ هونەرە شانۆییەکان لە واشنتن بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەو دامەزراوەیەدا، نمایشکردنی بەرهەمەکە هەڵوەشایەوە.
جێفری سیلەر، بەرهەمهێنەری شانۆگەرییەکە، رۆژی چوارشەممە 5ـی ئاداری 2026 (بە کاتی ئەمریکا) رایگەیاند: "بە سادەیی ناکرێت نمایشەکەمان بە ویژدانێکی ئاسوودە بەشدار بێت و بەشێک بێت لەو کولتوورە نوێیەی کە بەسەر سەنتەری کێنێدی دا سەپێندراوە".
"Hamilton" بە یەکێک لە شاکارە شانۆییەکان دەناسرێت و براوەی چەندین خەڵاتی گرنگی شانۆییە، لەوانەش خەڵاتی تۆنی وەک باشترین بەرهەمی شانۆیی میوزیکئامێز.
شانۆگەرییەکە لە 2018 لە دامەزراوەی کێنێدی پێشاندرا، لە 2022 جارێکی دیکە لەو دامەزراوەیەدا نمایشکرا. بڕیاربوو لە 3 ئادار تاوەکو 26ـی نیسان نمایشەکە لە هەمان دامەزراوە بەڕێوەبچێت.
دۆناڵد ترەمپ، گۆڕانکاری لە دامەزراوەی کێنێدی دا کردووە و بەرپرسانی ناچارکردووە دەستلەکاربکێشنەوە.
جگە لە بەرهەمهێنەرانی "Hamilton"، ژمارەیەک هونەرمەندی دیکە، نمایشە هونەرییەکانیان لەو دامەزراوەیە هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەمە یەکەمجار نییە بەرهەمهێنەرانی شانۆگەرییەکە تێکەڵ بە مژاری سیاسی دەبن، لە 2016 لە کاتی نمایشکردنی لە برۆدوەی، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا ئامادەبوو و ستافی شانۆگەرییەکە پەیامێکیان ئاڕاستە کرد و داویان کرد حکومەتی ترەمپ "دەست بە بەها ئەمریکییەکانمەوە بگرێت" و "لە بری هەموومان کار بکات".
دامەزراوەی کێنێدی لەلایەن حکومەتی ئەمریکا و بەخشینی تایبەتەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت، چەندین هۆڵی میوزیکی، خانەی ئۆپێرایی و شانۆیی لەخۆدەگرێت، ساڵانە بە ملیۆنان کەس سەردانی دەکەن.
شانۆنامەی "Hamilton" لە 2004 نووسراوە و باس لە ژیانی ئەلیکسێندەر هامڵتن، دامەزرێنەری ئەمریکا و بەشداریی لە شۆڕشی ئەمریکا و ژیانی سیاسیی ئەمریکا دەکات، لە 2008 تاوەکو 2015 ئاوازی بۆ دانراوە و پشت بە میوزیکی هیپ هۆپ بەستراوە، بەڵام شێوازی ئاڕ ئاند بی، پۆپ، سۆڵ و میوزیکی دیکەی کلاسیکی ئەمریکی لەخۆدەگرێت.
یەکەم نمایشی لە 17ـی شوباتی 2015 لە برۆدوەی لە نیویۆرک بوو، براوەی 11 خەڵاتی تۆنی جگە لە چەندین خەڵاتی دیکەی جیهانی.
سەرەتای 2025 داهاتی ئەم بەرهەمە شانۆییە یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند و تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج ملیۆن بینەری هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ