رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەدسن ویلیامز و کۆنەر ستۆری، هەردوو ئەستێرەی زنجیرەی (Heated Rivalry)، وەک پێشکێشکار لە خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆبسی ساڵی 2026 بەشدار بن، ئەمەش دوای ئەو سەرکەوتنی گەورەیەی زنجیرەکەیان لە ماوەی رابردوودا بەدەستیهێنا.
ئەمە یەکەمین دەرکەوتنی فەرمیی ئەم دوو ئەکتەرەیە لە رێوڕەسمێکی گەورەی خەڵاتەکاندا دوای بڵاوبوونەوەی زنجیرەکەیان لەسەر شاشەی (HBO-Max). پێشتر فڕانسوا ئارنۆ، هاوکارەکەیان لە هەمان زنجیرە، لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی هەڵبژاردەی رەخنەگران وەک پێشکێشکار دەرکەوت.
هەدسن ویلیامز و کۆنەر ستۆری، دوای بڵاوبوونەوەی زنجیرەکە، ناوبانگێکی زۆریان پەیدا کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی گەورەیان هەبووە. هەرچەندە وەرزی یەکەمی زنجیرەکە لە 26ـی کانوونی یەکەمی رابردوو کۆتایی هات، بەڵام بەردەوام لە میدیاکاندا باسی ئەو دوو ئەکتەرە دەکرێت.
زنجیرەی (Heated Rivalry) کە لەلایەن جەیکۆب تیرنییەوە نووسراوە و دەرهێنراوە، باس لە چیرۆکێکی خەیاڵیی جیهانی وەرزشی هۆکی دەکات. چیرۆکەکە لە دەوری دوو یاریزانی رکابەر دەسوڕێتەوە کە بریتین لە شەین هۆلاندەر (هەدسن ویلیامز) و ئیلیا رۆزانۆڤ (کۆنەر ستۆری) و پەرەسەندنی پەیوەندیی نێوانیان لە ماوەی 10 ساڵدا نیشان دەدات.
تۆڕی (Crave) و (HBO Max) بە فەرمی نوێکردنەوەی زنجیرەکەیان بۆ وەرزی دووەم راگەیاندووە. جەیکۆب تیرنی ئاشکرای کردووە، بۆ وەرزی نوێش وەک دەرهێنەر بەردەوام دەبێت، بەڵام رەنگە نووسەری نوێ بۆ تیمی کارکردن زیاد بکات.
رێوڕەسمی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆبی 2026، رۆژی یەکشەممە 11ـی کانوونی دووەم بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ