رووداو دیجیتاڵ
لەنێو شەڕی سەخت و مەترسییەکانی تیرۆرەوە، چیرۆکی ئەفسەرێکی پێشمەرگە بەناوی رێبین رۆژبەیانی، بە شکۆمەندییەوە دەدرەوشێتەوە. بەڵگەفیلمێکی نوێی تۆڕی میدیایی رووداو، ژیان و خەباتی ئەو ئەفسەرە دەخاتەڕوو، کە ئاوێتەیەک لە تێکۆشانی سەربازی، قوربانیدان و خولیای بەدەستھێنانی زانستە لەپێناو خزمەتکردنی گەل و نیشتمانەکەیدا.
"شکۆمەندی دوا پلەی سەربازییە"
رێبین رۆژبەیانی، ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگێکی پڕ لە ھەستەوە باسی ئەو ساڵانەی ژیانی دەکات کە تێیدا لەنێو شەڕ و ناخۆشیدا ژیاوە و دەڵێت: "تەواوی ژیانی سەربازیم ھەر لەنێو شەڕ و ناخۆشی و تیرۆر بوومە"، لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ ئەوەی ماڵباتەکەی دڵنیا بکاتەوە، بەردەوام دەیگوت "جێگەمان زۆر باشە". ئەم قسانە قوربانیدانی سەربازێک نیشاندەدەن کە ئازارەکانی خۆی بۆ دڵنەوایی ماڵباتەکەی دەشارێتەوە.
شەڕی داعش، بە بۆچوونی رێبین، یەکێک بووە لە قورسترین شەڕەکان، چونکە "داعش دەھات بۆ ئەوەی بمرێت" لەو شەڕەدا، ھاوڕێی زۆری شەھید و بریندار بوون. "شەھیدبوون لە ناخی سەربازدا دوا پلەی سەربازی و شکۆمەندییە"؛ ئەم وتەیە قووڵایی مانای قوربانیدان لە فەرھەنگی پێشمەرگایەتیدا دەردەخات.
پێشمەرگە: لە ناوێکی نێوخۆییەوە بۆ ھێزێکی جیھانی
ناوی پێشمەرگە مێژوویەکی دێرینی ھەیە و بۆ یەکەمجار لە 1946 لە کاتی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا پێشنیاز و پەسەند کرا. پێشمەرگە بە مانای "مەرگی خۆیان پێش دەخەن" هێمای قوربانیدانی ئەو شەڕکەرانەیە کە بۆ ئازادیی گەلەکەیان تێدەکۆشن.
لەگەڵ سەرھەڵدانی رێکخراوی داعش و تاوانەکانیان، پێشمەرگە بووە ناوێکی جیھانی. رۆڵە سەرەکییەکەی لە شکاندنی ئەو رێکخراوە تووندئاژۆیەدا وایکرد ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە بەردەوامی داوای بەدامەزراوەیی کردنی پێشمەرگە بکەن. جۆیل رەیبێرن، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ سووریا، لە بەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا رایگەیاند "پێشمەرگە لە عێراق رۆڵێکی زۆر کاریگەر و بێوێنەیان گێڕاوە لە هەڵمەتی لەنێوبردنی داعش، کورد ھێزی سەرەکی و کاریگەری لەناوبردنی داعش بوون"، ئەم دانپێدانە جیھانییە، شکۆمەندی پێشمەرگەی گەیاندە ئاستێکی باڵا.
رەگ و ریشەی پێشمەرگایەتی
رێبین رۆژبەیانی لە 1987 لە پارێزگای ھەولێر لەدایکبووە. چیرۆکی پێشمەرگایەتی لە ماڵباتەکەیدا مێژوویەکی دێرینی ھەیە؛ برا، خاڵ، باوک و باپیری، ھەموویان پێشمەرگە بوون و لەمبارەیەوە دەڵێت: "دوو خاڵم شەھیدن، باپیرم شەھیدە." هەروەها دەڵێت: "لە منداڵییەوە گوێی لە چیرۆکی قارەمانێتی ئەوان بووە و ئەو شتە لە ناخمدا پەرەی سەند". باپیرە گەورەی رێبین، شەھید یونس سۆرخان، لە شەستەکاندا پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە، لە 1974 شەھید بووە، داستانێکی قارەمانانەی لە دەشتی ھەولێر تۆمارکردووە. ئەم میراتە خێزانییە، رۆڵێکی سەرەکی لە دروستکردنی کەسایەتی سەربازیی رێبیندا بینیوە.
دوای راپەڕینی بەھاری 1991، یەکەم فێرگە سەربازییەکان لە کوردستان دامەزران، وەکو فێرگەی قەڵاچواڵان و ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ. لە 6ـی کانوونی دووەمی 2007، رێبین پەیوەندی بە کۆلێژی سەربازی زاخۆوە کرد، دواتر پلەی مولازمی دووەمی لە ریزەکانی سوپای عێراق وەرگرت. ویستێکیش ھەبوو لە ھەرێمی کوردستان کە بە بەشداریکردن لە سوپای نوێی عێراق، ژمارەی کورد زیاد بکرێت، بۆیە وەک خۆی دەڵێت، بۆ زیادکردنی رێژەی کورد لە سوپای عێراقدا چووەتە نێو ئەو سوپایە، لە 2008 تاوەکو کۆتایی 2012 لەوێ خزمەتیکردووە.
لە 10ـی ئابی 2014، یەکەم شەڕی راستەقینەی رێبین بەرامبەر داعش، شەڕی ئازادکردنەوەی گوێڕ بوو. شەڕی دژی تیرۆر پڕ بوو لە مەترسی و سەختی. بۆمبە چێندراوەکان یەکێک بوون لە گەورەترین بەربەستەکان لە بەردەم پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە، رێبین لەمبارەیەوە دەڵێت: "داعش زۆر بۆمبی چێندراویان بەکاردەھێنا، کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو لەسەر پێشمەرگە". بەپێی ئاماری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، لە شەڕی دژ بە داعشدا، ھەزار و 654 پێشمەرگە شەھید بوون، نۆ ھەزار و 707 پێشمەرگەش بریندار بوون، لەگەڵ 62 پێشمەرگەی بێسەروشوێن.
خوێندن و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان: لە ئەمریکاوە بۆ بەریتانیا
لەدوای تێکشکاندنی داعش، پێشمەرگە بووە مانشێتی میدیا جیھانییەکان. حکومەتی بەریتانیا و ئەمریکا ھەلی خوێندنیان بۆ ئەفسەرانی پێشمەرگە رەخساند. رێبین رۆژبەیانی، یەکەم کوردە کە چووەتە خولی (Maneuver Captain's Career Course) لە ئەمریکا. سەبارەت بە ھۆکاری وەرگیرانی لەو خولەدا، رێبین دەڵێت: "یەکێک لەو ھۆکارانەی کە من بەشدارییم کرد لە ئەمریکا ئەوە بوو کە حەزیان دەکرد بزانن من بە مەیدانی لە شەڕی داعش بووم، بزانن شەڕی داعش چۆنە".
دوای تەواوکردنی خولی ئەمریکا و گەڕانەوەی بۆ کوردستان، رێبین راپۆرتێکی 12 خاڵی پێشکێش بە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە سەبارەت بەو زانست و زانیارییانەی کە بەدەستی ھێنابوون. پاش دوو ساڵ، رێبین بۆ خولێکی دیکەی ئەفسەرانی ئەرکان چووە بەریتانیا. لە 4ـی تەممووزی 2023، رێبین یوونس و ژمارەیەک ئەفسەری دیکەی کوردستان دەچنە بەریتانیا بۆ کۆلێژی سەربازی بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پلەی سەربازی. لە 20ـی تەممووزی 2023، ئاھەنگی دەرچوونی خولەکە بەڕێوەچوو. رێبین یونس، ماستەرنامەکەی لە زانکۆی ئەرکانی بەریتانیا لە ژێر ناونیشانی (ئاستەنگەکانی بەردەم بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر) پێشکێشکرد.
بەڵگەفیلمی (شکۆمەندی) بەرهەمی بەشی بەڵگەفیلمی تۆڕی میدیایی رووداوە، لە دەرھێنانی زانا نەوزاد و بەرھەمھێنانی حەکیم شەریف و رووبار خالیدە. بەڵگەفیلمەکە چیرۆکی قارەمانێتی و خزمەتکردن بە نیشتمان دەخاتەڕوو، وەکو ھێمایەک بۆ ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە ژیانیان بۆ بەرگری لە خاک و گەلەکەیان تەرخانکردووە.
(شکۆمەندی) کاژێر 22:30ـی سێشەممە 7ـی ئۆکتۆبەری 2025 لە شاشەی رووداو پەخش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ