رێز لە پەیکەرساز فوئاد عەلی نرا و پڕۆژەیەکی بۆ هەولێر هەیە

08-09-2025
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
فەرهەنگ غەفوور خەڵاتی زێڕین رادەستی فوئاد عەلی دەکات
فەرهەنگ غەفوور خەڵاتی زێڕین رادەستی فوئاد عەلی دەکات
نیشانەکردن فوئاد عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە شاری هەولێر، پارێزگای هەولێر بە هاوئاهەنگیی بەڕێوبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، خەڵاتی زێڕین و بڕوانامەی رێزلێنانی بەخشییە فوئاد عەلی، پەیکەرسازی ناسراوی کورد، کە دانیشتووی ئیتاڵیایە و خاوەنی ئەزموونێکی پڕشنگداری هونەری نێودەوڵەتییە.
 
رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2025 لە هۆڵی چالاکیی قوتابخانەکانی هەولێر بەڕێوەچوو، وەک رێزگرتنێک بوو لە کار و چالاکییە هونەرییەکانی فوئاد عەلی کە بەشێکی زۆری پەیکەرەکانی لە ئیتاڵیا و ئەورووپا دانراون.
 
فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە لێذوانێکدا بۆ رووداو، خۆشحاڵیی خۆی بەو بۆنەیە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، "مامۆستا فوئاد عەلی کەسایەتییەکی دیاری کوردستانە لە هەندەران و هونەرمەندێکی جیهانییە، بەداخەوە کارەکانی لە هەولێر نین، بەڵام لە ئیتاڵیا، لە فلۆرەنسا و چەندین شاری دنیا کارەکانی دانراون".
 
باسی لەوەش کرد، پڕۆژەیەکی هونەریی فوئاد عەلی پێشکێشی پارێزگای هەولێر کراوە و بڕیارە کاری لەسەر بکرێت. گوتیشی: "پڕۆژەکانی لە لامانە و ئێمە بە هەند هەڵیدەگرین، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی ئەم کارە هونەرییانە پێویستیان بە بودجەیەکی باش و تەرخانکراو هەیە و چاوەڕێی دەرفەتین".
 
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بەڵێنی ئەوەی دا کە "ئەگەر رۆژێک لە رۆژان بودجە لەبار بێت، هەموو ئەو پڕۆژە و خەونانەی کە هەیەتی لە هەرێمی کوردستان، دەتوانین بیکەین بە کردەیی". روونیشیکردەوە، پڕۆژەیەکی ئێستا لەلای پارێزگاری هەولێرە و بڕیارە ئەنجام بدرێت.
 
لەبارەی پڕۆژەکەوە، فوئاد عەلی، پەیکەرساز، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارە هونەرییەکە لە یەکێک لە دەروازەکانی شاری هەولێر دادەنرێت".ئاماژەی بەوەش کرد هەولێر زۆر جوان بووە و گەورە بووە، بەڵام پێویستیی بە کاری هونەری و سەوزایی زیاتر هەیە و جەختی کردەوە: "هیچ گەلێک سەرناکەوێت ئەگەر گرنگی بە هونەر نەدات".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە