رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی هەولێر، لە پای نیو سەدە خزمەتکردن بە هونەر، خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە ئەیام ئەکرەم، ئەکتەری کۆمیدی ناسراو بە (شەمۆ)؛ لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەشدا، خۆزگەی ئەوەی خواست هاوڕێ کۆچکردووەکانی ئامادەبان.
رێوڕەسمەکە ئەمڕۆ دووشەممە، لە هۆڵی بەڕێوبەرایەتیی شانۆی هەولێر، بە چاودێریی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و هیوا سوعاد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و بەرێوەبەری شانۆی هەولێر بەڕێوەچوو.
ئەیام ئەکرەم، لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا، سوپاسی پارێزگاری هەولێر، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانی کرد و گوتیشی: "چاوی هەمووتان ماچ دەکەم، زۆر زۆر سوپاس".
شەمۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بەداخەوە ئێستا من بیرم لای برادەرەکانمە ئەوانەی کۆچیان کردووە، کاک گۆڤار، کاک نەوزاد، کاک عەباس، کاک عەبداڵ، کاک بولبول، هەموو لێرە بوون، لێرە ئیشمان کردووە پێکەوە، بەڵام ئەوان کۆچی دواییان کردووە، خوا لێیان خۆش بێت".
لە رێوڕەسمەکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر رایگەیاند، مێژوو و رۆڵ و کاریگەرىی ئەو هونەرمەندە لە نێوەندی هونەرى شانۆ و دراماى کوردی بەرز دەنرخێنن و گوتی: "ئەو خزمەتە زۆرەى لە ماوەى ژیانى خۆی پێشکێشی کردووە، جێگەی شانازییە بۆ شارى هەولێر".
ئەیام ئەکرەم، ناسراو بە (شەمۆ) لە 1964 لە گەڕەكی خانەقای هەولێر لەدایك بووە، دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی موسڵە لە 1988. لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بەکاری ھونەری کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی دیاری شانۆیی، دراما و فیلمە و بە یەکێک لە دیارترین ئەکتەرە دیارەکانی کۆمیدیا لە کوردستان دەناسرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ