رووداو دیجیتاڵ
لە دوای دوورخستنەوەی سیلین دیۆن، هونەرمەندی کەنەدی لە لیستی باشترین 200 هونەرمەندی هەموو چاخەکان، ناڕەزایی بەشێک لە هەوادارانی لێکەوتەوە.
بەم دواییە گۆڤاری 'رۆلینگ ستۆن'، لیستی نوێی باشترین 200 هونەرمەندی هەموو چاخەکانی بڵاوکردەوە و ناوی دیۆنی لە نێو دەرهێنراوە کە پێشتر لە لیستەکەدا هەبوو، بەهۆیەوە بەشێک لە هەودارانی ئەو گۆرانیبێژە چوونە بەردەم بارەگای ئەو گۆڤارە لە نیویۆرکی ئەمریکا و ناڕەزاییان دەربڕی.
گۆڤارەکە هیچ وەڵامێكی هەودارانی دیۆنی نەدایەوە، هەروەها سیلین دیۆن تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەمبارەیەوە نەبووە.
دیۆن، بەم دواییە بەهۆی نەخۆشکەوتنی، گەشتە هونەرییەکەی 2022 بۆ ئەمساڵ دواخست.
لە مانگی تشرینی دووەمی 2022، ئەو هونەرمەندە جیهانییە رایگەیاند، لە فیلمێکی سینەماییدا رۆڵ دەگڕێت، ئەویش رۆڵی راستەقینەی خۆیەتی و فیلمەکە بەناوی'Love Again' یە و لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و رۆمانسییەکانە.
بڕیارە ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 12ـی ئایاری 2023 لە سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت.
ئەو هونەرمەندە لە پۆستێکدا لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەبارەی فیلمەکەوە نووسیبووی "لە سینەما دەتانبینم"، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو، لە فیلمەکەدا لەگەڵ پریانکا چۆپرا، ئەکتەری هیندی و سام هیون، ئەکتەری سکۆتلەندی رۆڵ دەگێرێت.
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو، لە فیلمەکەدا چەند گۆرانییەکی نوێ پێشکێش دەکات کە لەلایەن کۆمپانیای سۆنییەوە بەرهەمهاتوون.
دیۆن، لە نیسانی ئەمساڵ، گەشتە هونەرییەکەی لە ئەوروپا بۆ 2023 دواخست، هۆکارەکەیشی بۆ کێشەی تەندروستیی خۆی گەڕاندەوە.
سیلین دیۆن، لە 30 ئازاری 1968 لە کەنەدا لەدایکبووە، 200 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی لە سەرتاسەری جیهاندا فرۆشراون، سەرەتا بە فەرەنسی گۆرانی گوتووە و لە 1982 لە دوای خەڵاتکردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی یاماها بۆ گۆرانی میللی و پێشبڕکێی یۆرۆڤیژن لە 1988 ناوبانگی پەیداکرد.
لە 1990 یەکەم ئەلبوومی بە زمانی ئینگلیزی بەناوی 'Inison' بڵاوکردەوە و بەهۆیەوە ناوبانگییەکی بەدەستهێنا، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی زمانی فەرمییان ئینگلیزییە.
لەرێگەی گۆرانی 'My Heart Will Go On' ناوبانگییەکی زۆری بەدەستهێنا و لە فیلمی سینەمایی 'Titanic' بڵاوکرایەوە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە پێنج خەڵاتی گرامی.
جگە لە فەرەنسی و ئینگلیزی، بە زمانی ئیسپانی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، ژاپۆنی و چینی گۆرانی گوتووە، لە 2009 داهاتی ئەلبووم و کۆنسێرتەکانی 747 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ