ئیلی سەعب بە دیزاینە کلاسیکییەکانی دەگەڕێتەوە پاریس

10-07-2025
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیلی سەعب، دیزاینەری ناسراوی لوبنانی، نوێترین کۆمەڵە دیزاینی پاییزەی نمایشکرد، تێیدا بە شێوەیەکی چاوەڕوانکراو گەڕایەوە سەر ستایلە کلاسیکییەکانی خۆی کە بەهۆیەوە ناوبانگی پەیدا کردووە.
 
نمایشەکە رۆژی چوارشەممە لە پاریس بەڕێوەچوو، تێیدا مۆدێلەکان بە قادرمەیەکی بەردینی زێڕیندا و لەگەڵ ئاوازی میوزیکی کلاسیک هاتنە خوارەوە. 
 
سەعب لەم کۆلێکشنەدا پشتی بە ستایلە ناسراوەکانی خۆی بەستبوو، وەک بەکارهێنانی قوماشی مەخمەڵی گرانبەها، عەزیی درێژ، ملوانکەی مرواری و خشڵ و بەردی گرانبەها. هەروەها نەخشی گوڵ بەشێکی سەرەکیی دیزاینەکان بوو و سوودی لە شێوازی جلوبەرگی سەرەتای سەدەی 19ـی ئەورووپا وەرگرتبوو.
 
لە دیارترین دیزاینەکانیشی، ئەو عەزییە کلکدارانە بوون کە بە وردەکاریی گرانبەها رازێنرابوونەوە.
 
هەرچەندە هەندێک رەخنەگر پێیانوایە دیزاینەکانی سەعب دووبارەن، بەڵام ئەو سەلماندی کە جێگیربوون لەسەر ستایلێکی دیاریکراو و پابەندبوونی خۆی بە جوانیی کلاسیکی ژنانە و پیشەگەریی ورد دووپات کردەوە. 
 
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس، تایبەت بە جلوبەرگی پاییز و زستانی 2025-2026 بۆ جلوبەرگە ناوازە و گرانبەهاکان، لە 7ـی تەممووزی 2025 دەستیپێکرد و ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆتایی دێت.
 
ئیلی سەعب، لە 1964 لە بەیروت لە دایکبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەهرەی لە بواری دیزایندا دەرکەوتووە و وێنەی جلوبەرگی بە وێنە کێشاوە و جلی بۆ خوشکەکەی دیزایین کردووە. 
 
لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە بواری دیزاینی جلوبەرگدا لە پاریس خوێندوویەتی، دواتر گەڕاوەتەوە لوبنان و خانەیەکی تایبەتی کردووەتەوە و وەک دیزاینەرێک کاری کردووە.
 
لە 1997 یەکەم کۆلێکشنی تایبەت بە خۆی لە دەرەوەی لوبنان بڵاوکردەوە، ئەویش لە ئیتاڵیا بوو و یەکەم دیزاینەری عەرەب بوو بەرهەمەکانی لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی رۆما بخرێنەڕوو، لە 2002 هالی بێری، ئەکتەری ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین ئەکتەر، لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار جلێکی لە دیزاینی ئەو دیزاینەرە پۆشی.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە