رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی لۆس ئەنجلس بە فەرمی تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست"ـی ئاراستەی نیک رەینەر کرد کە باوکی، رۆب رەینەر، دەرهێنەر و ئەکتەری ناسراوی هۆلیوود و میشێل سینگەری دایکی کوشت.
نەیسن هۆکمان، داواکاری گشتیی ناوچەکە رایگەیاند، نیک رەینەری تەمەن 32 ساڵ، رووبەڕووی دوو تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" بووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، تۆمەتبارەکە چەقۆی بەکارهێناوە، ئەمەش لە دۆسییەکەدا جێگیر کراوە کە رەنگە سزاکەی قورستر بکات. هێشتا بڕیار نەدراوە داواکاری گشتی داوای سزای لەسێدارەدان بۆ تۆمەتبار دەکات یان نا؟
رۆژی یەکشەممە 14ـی کانوونی یەکەم، تەرمی رۆب رەینەر (78 ساڵ) و میشێل سینگەر رەینەر لە ماڵەکەی خۆیان لە لۆس ئەنجلس دۆزرانەوە کە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیانەوە دیار بووە. پۆلیس چەند کاژێرێک دوای رووداوەکە، نیک رەینەری، نووسەر و سیناریۆنووسی لە نزیک زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا دەستگیر کرد.
بڕیار بوو رۆژی سێشەممە، نیک لەبەردەم دادوەر ئامادە بێت، بەڵام ئالان جاکسن، پارێزەری تۆمەتبار رایگەیاند، بەهۆی "کێشەی تەندروستی"ـیەوە نەتوانراوە نیک لە زیندانەوە بۆ دادگە بگوازرێتەوە، بۆیە دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی کانوونی یەکەم دواخرا.
نیک رەینەر لە ساڵانی رابردوودا ئاڵوودەی بە مادەی هۆشبەرەوە بوو. ئەم کێشەیە ببووە هەوێنی فیلمی (Being Charlie) لە 2016 کە نیک نووسەرەکەی بوو و رۆب رەینەری باوکیشی کاری دەرهێنانی بۆ کردبوو. لەو کاتەدا رۆب رەینەر بە میدیاکانی گوتووە: "ئەو فیلمە وای لێکردین باشتر لە یەکدی تێبگەین".
سێ مانگ بەر لە ئێستا، نیک لەگەڵ دایک و باوکی لە ئاهەنگی ناساندنی فیلمی (Spinal Tap 2) دەرکەوتبوو.
رۆب رەینەر جگە لەوەی دەرهێنەرێکی دیاریی هۆڵیوود بوو و خاوەنی بەرهەمی وەک (The Princess Bride) و (A Few Good Men) بوو، چالاکڤانێکی دیاری دیموکراتەکان بوو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کاردانەوەیەکدا کە مشتومڕی لێکەوتەوە، لە پۆستێکدا رۆب رەینەری بەستەوە بە هەڵوێستە تووندە سیاسییەکانی رۆب دژی خودی ترەمپ.
بیل کلینتن، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا و هێلاری کلینتن، هاوڕێی نزیکی خێزانەکە، رایانگەیاند، دڵگرانن بەو کۆستە. هەروەها کاسی بەیتس، ئەکتەری بەناوبانگ کە بە فیلمی (Misery)ـی رۆب رەینەر خەڵاتی ئۆسکاری وەرگرتبوو، گوتی: "رۆب پیاوێکی زیرەک و میهرەبان بوو، ژیانی منی گۆڕی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ