لە 2029ـەوە ئۆسکار تەنیا لە یوتیوب پەخش دەکرێت

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئۆسکار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەکادیمیای هونەر و زانستە سینەماییەکان رایگەیاند، لە 2029ـەوە مافی پەخشکردنی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار دەدرێتە پلاتفۆرمی یوتیوب و کۆتایی بە گرێبەستە مێژووییەکەی لەگەڵ کەناڵی (ABC)ـی ئەمەریکی دەهێنێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەکادیمیاکە کە رۆژی چوارشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2025 {بە کاتی ئەمریکا} بڵاوکرایەوە، تۆڕی (ABC) بەردەوام دەبێت لە گواستنەوەی رێوڕەسمەکە تاوەکو 2028، کە دەکاتە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی خەڵاتەکە.
 
لە 2029ـەوە تاوەکو 2033، یوتیوب دەبێتە خاوەنی مافی جیهانی پەخشی ئۆسکار. ئەمە تەنیا رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان ناگرێتەوە، بەڵکو رووماڵی فەرشی سوور، خەڵاتەکانی گۆڤێرنەرس و راگەیاندنی بەربژێرەکانیش لەخۆدەگرێت.
 
پەخشەکە لە یوتیوب بۆ سەرجەم بینەران لە جیهاندا بێ بەرامبەر دەبێت، هەروەها بۆ بەشداربووانی (YouTube TV) بەردەست دەبێت. بۆ ئەوەی بگاتە زۆرترین بینەر، پەخشەکە بە چەندین تراکی دەنگیی زمانە جیاوازەکان و ژێرنووسەوە ئامادە دەکرێت.
 
ئەم بڕیارە بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی تەلەڤزیۆندا ناسێندراوە. لە نێوان چوار خەڵاتە گەورەکەی ئەمەریکا (ئۆسکار، گرامی، ئێمی و تۆنی)، ئۆسکار دەبێتە یەکەمین رێوڕەسم کە بە تەواوی پەخشی تەلەڤزیۆنی جێدەهێڵێت و دەچێتە دنیای دیجیتاڵ.
 
بیڵ کرامەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەکادیمیاکە و لینێت هاوێڵ، سەرۆکی ئەکادیمیاکە لەوبارەیەوە گوتیان: "ئێمە رێکخراوێکی نێودەوڵەتین و ئەم هاوبەشییە لەگەڵ یوتیوب رێگەمان دەدات دەستگەیشتن بە کارەکانی ئەکادیمیا بۆ فراوانترین بینەری جیهانی مسۆگەر بکەین، کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی ئەندامانمان و کۆمەڵگەی سینەماییە".
 
یوتیوب کە خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای گۆگڵ دەگەڕێتەوە، خاوەنی نزیکەی دوو ملیار بینەرە لە جیهاندا. نیل مۆهان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یوتیوب رایگەیاند: "هاوبەشیکردن لەگەڵ ئەکادیمیاکە بۆ گواستنەوەی ئەم ئاهەنگە هونەرییە بۆ بینەران لە هەموو جیهان، ئیلهامبەخش دەبێت بۆ نەوەیەکی نوێ لە داهێنان و خۆشەویستانی سینەما".
 
تاوەکو ئێستا بەهای دارایی گرێبەستە نوێیەکە لەگەڵ یوتیوب ئاشکرا نەکراوە.
 
تۆڕی (ABC) کە سەر بە کۆمپانیای واڵت دیزنییە، نزیکەی نیو سەددەیە ماڵی پەخشی ئۆسکار بووە. هەرچەندە تۆڕی (NBC) لە 1953 بۆ یەکەمجار ئۆسکاری پەخشکرد، بەڵام (ABC) لە 1961 مافەکەی وەرگرت و جگە لە ماوەی نێوان 1971 بۆ 1975، بەردەوام لەو کەناڵەوە پەخشکراوە.
 
تۆڕی (ABC) لە پەیامێکدا رایگەیاند: "شانازی دەکەین کە بۆ زیاتر لە نیو سەددە ماڵی ئۆسکار بووین. بە پەرۆشەوەین بۆ سێ پەخشی داهاتوو، بەتایبەتی ئاهەنگی سەت ساڵەی ئۆسکار لە ساڵی 2028".
 
دوایین رێوڕەسمی ئۆسکار کە لە رێگەی (ABC)ـەوە پەخشکرا، نزیکەی 19.7 ملیۆن بینەری هەبوو، بەراورد بە ساڵی پێشووتر کەمێک زیادی کردبوو. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شێوەکار دڵشاد محەممەدی، بەشداربووی پێشانگەی (ئافرەت)

لە بۆکان بەرهەمی 40 وێنەکێش و دیزاینەر لە پێشانگەیکەدا خرانەڕوو

لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشانگەی شێوەکاریی (ئافرەت) کرایەوە، تێیدا 40 شێوەکار و دیزاینەری شارەکە بەشدارییان کردووە و بە بەرهەمەکانیان گوزارشت لە کولتوور، ئەدەب و دابونەریتی کوردی دەکەن.