بێژەن کامکار دەبێتە 76 ساڵ و هانای کچی بە "خۆری ژیانی" دەیناسێنێت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن بێژەن کامکار هانا کامکار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

19ـی کانوونی یەکەمی 2025، هاوکاتە لەگەڵ 76ـەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی یەکێک لە دیارترین هونەرمەندە کوردەکان، ئەویش بێژەن کامکارە. بەم بۆنەیەوە هانا کامکاری کچی، ڤیدیۆیی باوکی بڵاوکردووەتەوە و پەیامێکی پڕ لە سۆزی ئاڕاستە کردووە.
 
هانا کامکار لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام، ڤیدیۆیەکی بێژەن کامکاری بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەف لێدەدات و گۆرانییە بەناوبانگەکەی (خۆشە هەورامان) دەڵێتەوە. هانا لەگەڵ ڤیدیۆکەدا دەقێکی ئەدەبی و پڕ لە هەستی بۆ باوکی نووسیوە و وەک "خۆری ژیانی" ناساندوویەتی.
 
لە پەیامەکەدا هانا ئاماژە بە دۆخی تەندروستی و بڕیاری دوورکەوتنەوەی باوکی لە شانۆ دەکات و دەنووسێت: "راستە تۆ ماڵئاواییت لە شانۆ کرد تاوەکو {شایەد کاتێکی دیکە}، راستە تۆش وەک بنانی مامۆستا و مورشدت بڕوات وایە دوای 70 ساڵی نابێت ببیتە سڕەرەوەی مێژووی خۆت، راستە دەستەکانت دەلەرزن و بە سەختی قەڵەم دەگریت بە دەستەوە بۆ چارەسەرکردنی وشە یەکتربڕەکانت، بەڵام سوێند بەو بەرەکەتەی بەردەوام خۆت سوێندی پێ دەخۆیت، تۆ هێشتا سەرچاوەی هەموو درەوشانەوەکانی سەر شانۆیت".
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، کچەکەی بێژەن کامکار وەسفی دەف ژەنینەکەی دەکات و دەڵێت: "هێشتا دەف لە نێو دەستەکانتدا جوانترین سەمای جیهان دەکات، هێشتا دەنگت دڵ دەلەرزێنێت و جۆش و خرۆش دەخوڵقێنێت".
 
هانا داوا لە باوکی دەکات، هەرچەندە لە شانۆ دوورکەوتووەتەوە و لێیەوە دوورە، بەڵام لەژێر لێوەوە بۆ خۆی و دەوروبەرەکەی هەر بڵێت و بژەنێت، تاوەکو رووناکی و ئاو بۆ نیشتمان دەگەڕێتەوە.
 
بێژەن کامکار، لە ساڵی 1949 لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، وەک یەکێک لە پایە هەرە بەرزەکانی میوزیکی کوردی و فارسی دەناسرێت. ئەو بەوە ناسراوە کە توانی ئامێری دەف لە خانەقا و تەکێکانەوە بهێنێتە سەر شانۆ گەورەکانی جیهان و بیکاتە بەشێکی دانەبڕاو لە ئۆرکێسترا و گرووپە میوزیکییەکان. لە گرووپی کامکاران، رۆڵێکی بێ وێنەی هەبووە لە ناساندنی هونەر و میوزیکی رەسەنی کوردی بە جیهان.
 
سەرەڕای ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە کەمتر لە کۆنسێرتەکاندا دەردەکەوێت، بەڵام وەک هانا دەڵێت، هێشتا دەنگ و ژەنینی ئەو، جادووی خۆی لەدەست نەداوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شێوەکار دڵشاد محەممەدی، بەشداربووی پێشانگەی (ئافرەت)

لە بۆکان بەرهەمی 40 وێنەکێش و دیزاینەر لە پێشانگەیکەدا خرانەڕوو

لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشانگەی شێوەکاریی (ئافرەت) کرایەوە، تێیدا 40 شێوەکار و دیزاینەری شارەکە بەشدارییان کردووە و بە بەرهەمەکانیان گوزارشت لە کولتوور، ئەدەب و دابونەریتی کوردی دەکەن.