رووداو دیجیتاڵ
هاوکات لەگەڵ رۆژی ئاڵای کوردستان، هەردوو هونەرمەندی ناسراو ئەیوب عەلی و گارا سازکار، دوای دەیەیەک لە بەرهەمە ناودارەکەیان (کوردم)، جارێکی دیکە لە بەرهەمێکی نیشتمانیی نوێدا بەناوی (ئاڵای کوردستان) پێکەوە کار دەکەن.
گارا سازکار، هونەرمەند و بەشداربووی بەرهەمەکە، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و سیپان رۆژهەڵاتی پرۆدیوسەریەتی، وردەکاریی بەرهەمهێنانی بەرهەمەکە خستەڕوو.
گارا سازکار لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پاڵنەری دروستکردنی ئەم بەرهەمە، بە سۆزێکی نیشتمانییەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کارکردن بۆ نیشتمان ئەرکە نەک هەڵبژاردن، گوتیشی: "ئەمە ئەرکێکە لەسەر شانمان و گەرەکە ئێمە پێشکێشی میللەتی خۆمانی بکەین؛ ئێمە قەرزاری ئەم نیشتمانەین، بمانەوێت و نەمانەوێت".
سازکار جەختی لەوە کردەوە، هەرکەسێک لە هەر بوارێکدا بێت، پێویستە خزمەت بە خاکەکەی بکات و هونەرمەندانیش دەبێت لە رێگەی هونەرەکەیانەوە ئەو قەرزە بدەنەوە.
گارا سازکار لەبارەی بەرهەمی (ئاڵای کوردستان) ئاشکرای کرد، سەرەڕای ئەوەی ئەو لە دانیمارک بوو و ئەیوب عەلی لە بەریتانیا، بەڵام بە هەماهەنگییەکی ورد کارەکەیان ئەنجامداوە. تۆمارکردنی دەنگەکان لە ستۆدیۆکانی لەندەن و ئەڵمانیا کراوە، کاری میکس و ماستەرینگ لەلایەن رێناس میرانەوە لە هانۆڤەر ئەنجامدراوە.
ئەو هونەرمەند کوردە کە لە دانیمارک ژیان بەسەر دەبات، ئاماژەی بەوە دا، نابێت بە کەمترخەمی کار بۆ نیشتمان بکرێت و گوتی: "پێویستە کارەکە رێک و پێک بێت بۆ ئەوەی شایستەی مێژوو و کولتووری کورد بێت".
ئەم دەبێتە دووەم بەرهەمی دوێتی ئەو دوو هونەرمەندە کوردە بەناوی (کوردم) کە بەر لە 10 ساڵاو بڵاوکرایەوە و دانەگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. گارا سازکار لەمبارەیەوە گوتی: "هەرچەندە (کوردم) تام و چێژی تایبەتی خۆی هەبوو، بەڵام دڵنیام ئەم بەرهەمە نوێیەش جێگەی خۆی لە دڵی خەڵکدا دەکاتەوە و لەسەر زاران دەمێنێتەوە".
بەرهەمی (ئاڵای کوردستان) لە ئاواز و تێکستی ئەیوب عەلییە و گارا سازکار تێکستی کرمانجییەکەی نووسیوە. سیپان فادڵ، دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستان، کاری دەرهێنانی بۆ بەرهەمەکە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ