رووداو دیجیتاڵ
گرووپی میوزیکی کۆما ئامەد، رۆژی 30ی کانوونی دووەمی 2026 لە ئەنقەرە کۆنسێرتێک ساز دەکات.
کۆما ئامەد، ساڵی 1988 لە ئەنقەرە دامەزرا، بەڵام دواتر لە ساڵی 1997 بەهۆی گوشارە سیاسییەکانی ئەو کاتەوە ئەندامەکانی ناچار بوون بچنە دەرەوەی وڵات. گرووپە میوزیکییەکە دوای ساڵانێکی زۆر، یەکەمجارە لە ئەنقەرە کۆنسێرت دەکات.
کۆنسێرتەکە لەلایەن ناوەندی کولتووریی ئەنادۆڵ و رێکخراوی هونەریی ساناتچا رێکدەخرێت و لە ناوەندی کۆنگرە و پێشانگای کۆنگرێسیوم بەڕێوەدەچێت. لە 18ی کانوونی دووەمی 2025ـەوە دەست بە فرۆشتنی بلیتی کۆنسێرتەکە دەکرێت.
کۆما ئامەد، یەکێکە لە گرووپە دیارەکانی میوزیکی کوردی و دوای 30 ساڵ دابڕان، یەکەمجار لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ لە ئامەد کۆنسێرتی کرد. گرووپەکە لە ساڵانی 1990ـەکاندا بەهۆی تێکستی سیاسی، ستایلی تایبەتی میوزیک و ئاوازی فرەدەنگەوە بووە دەنگی نەوەیەک و ئێستا دوای ساڵانێکی دوور و درێژ لە تاراوگە، قەدەخەکاری و گوشار، خۆی بۆ دیداری هەوادارانی ئامادە دەکات.
کۆما ئامەد
گرووپەکە ساڵی 1988 لەلایەن چەند خوێندکارێکی کۆلێژەکانی پزیشکیی زانکۆکانی ئەنقەرە و هاجەتەپە دامەزرا. یەکەمین ئەندامانی گرووپەکە بریتی بوون لە عەبدولمەلیک شێخ بەکر، گوڵشەن چەتین، ساواش چاکماک، رۆهات کوتلای، فیکری کوتلای، مستەفا کارت و ئەحمەد کایا.
یەکەم ئەلبوومیان بە ناوی "کولیلکا ئازادی" لە ساڵی 1990 بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو. عەبدولمەلیک شێخ بەکر، یەکێک لە ئەندامە دامەزرێنەرەکانی گرووپەکە، لە ساڵی 1992 کۆچی دواییکرد. دواتر چەندین هونەرمەندی دیکە بەشدارییان لە گرووپەکەدا کرد، بەڵام هەندێک لە ئەندامەکانی دوای بڵاوکردنەوەی ئەلبوومی "دەرگوش" لە ساڵی 1997، بەهۆی هۆکاری سیاسییەوە ناچار بوون پەنا بۆ وڵاتانی ئەوروپا ببەن.
گرووپەکە سێ ئەلبوومی بە ناوەکانی کولیلکا ئازادی 1990، ئاگر و مرۆڤ 1995 و دەرگوش 1997 بڵاوکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ