لە بۆکان بەرهەمی 40 وێنەکێش و دیزاینەر لە پێشانگەیکەدا خرانەڕوو

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
شێوەکار دڵشاد محەممەدی، بەشداربووی پێشانگەی (ئافرەت)
شێوەکار دڵشاد محەممەدی، بەشداربووی پێشانگەی (ئافرەت)
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشانگەی شێوەکاریی (ئافرەت) کرایەوە، تێیدا 40 شێوەکار و دیزاینەری شارەکە بەشدارییان کردووە و بە بەرهەمەکانیان گوزارشت لە کولتوور، ئەدەب و دابونەریتی کوردی دەکەن.
 
پێشانگەکە لەلایەن گرووپێک لە کچانی گەنجی شارەکەوە رێکخراوە، تێیدا توانا هونەرییەکانیان خستووەتە روو و لە رێگەی تابلۆ و دیزاینە جیاوازەکانەوە، گۆشەیەک لە ژیانی رەسەنی کوردەوارییان نەخشاندووە.
 
مینا کەریمی، بەڕێوەبەری پێشانگەکە بە رووداوی راگەیاند، ئامانجیان ناساندنی زیاتری ناسنامەی کوردییە و گوتی: "78 تابلۆ کاری 40 لە خاتوونەکانی منە کە لەو پێشانگە هاوبەشەدا بەشدارن. ناونیشانی پێشانگەکەمان سەبارەت بە کولتووری کوردە. بە رای من هەر کەسێک دەبێ کولتوور و ناسنامەی خۆی بناسێت، بیزانێت و شانازی پێوە بکات".
 
بەشێک لەو بەرهەمانەی نمایشکراون، جەخت لەسەر جلوبەرگ، کەرەستە کەلەپوورییەکان و رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەی کوردی دەکەنەوە. بە بڕوای بەشداربووان، هەستی نەتەوەیی وایکردووە کارەکانیان جیاوازتر دەربکەوێت.
 
بێهناز حامیدی، یەکێک لە شێوەکارە بەشداربووەکان دەڵێت: "راستی لە پێشانگەکانی دیکە زۆر زیاترە، بە بەڵگەی ئەو هەستی کوردایەتی و ئەو خستنەڕووە جوان و زیندووانەی ئێمە؛ کارەکانمان بەراستی جیاوازی هەیە".
 
دڵشاد محەممەدی، شێوەکارێکی دیکەیە و لە تابلۆکەیدا سەرنجی خستووەتە سەر دروستکردنی کڵاش لەلایەن ژنانەوە و بۆ رووداو گوتی: "تابلۆکەی من تابلۆیەکی کوردییە، ژنان لە سەردەمی خۆیدا کڵاشیان بە دەستی خۆیان ساز دەکرد. کڵاش، کەوشێکی کوردییە کە کوردەکان بۆ شایی لەبەری دەکەن".
 
پێشانگەی (ئافرەت) رۆژی یەکشەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2025 دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو و پێشوازی لێکرا.
 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە