مایک تایسن: چیرۆکی ژیانیان دزیم و هیچیان پێنەدام

10-08-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن مایک تایسن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی لەبارەی مایک تایسن، بۆکسێنەری ئەمریکی بەرهەمهاتووە، تایسن لەبارەیەوە دەڵێت "چیرۆکی ژیانیان دزیم و هیچیان پێنەدام".
 
زنجیرەکە بەناوی 'Mike'ـە و بڕیارە لە پلاتفۆرمی ئەمریکی 'هۆلۆ' لە 25-8-2022 پەخشبکرێت، تێیدا ترێڤانتی رۆس، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی تایسن دەگێڕێت.
 
ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە بایۆگرافییە، باس لە ژیانی مایک تایسن دەکات، تێیدا تیشک خراوەتە سەر قۆناخی منداڵیی کە بە هەژاری ژیاوە، دواتر بەناوبانگبوونی وەک یاریزانێک و تۆمەتبارکردنی بە دەستدرێژی سێکسی لە 1992 و زیندانیکردنی.
 
لەم بەرهەمەدا باس لەوە کراوە کە تایسۆن لە تەمەنی نەوجوانیدا، باوکی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە گیانی لەدەستداوە، دواتر ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر بووە.
 
تایسن، لە هەژماری تایبەتیی لە تویتەر نووسیویەتی: "چیرۆکی ژیانیان دزیم و هیچیان پێنەدام". هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە: "بۆ بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری هۆلۆ، من تەنیا کۆیلەیەکم دەتوانن لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بیفرۆشن". تایسن، لە پۆستەکەدا بۆ وشەی کۆیلە تەنیا پیتی یەکەم و کۆتایی نووسیوە و پیتەکانی نێوەڕاستی ئەستێرەی داناوە.
 
لە بەرامبەردا، ستیڤن رۆگێرز، نووسەری سیناریۆی زنجیرەی 'Mike' رایگەیاند، ئەو توانای ئەوەی نەبوو گفتوگۆ لەگەڵ تایسن بکات، چونکە تایسن بە پڕۆژەیەکی دیکە لەبارەی بڵاوکردنەوەی چیرۆکی ژیانییەوە سەرقاڵبوو.
 
ئەم بەرهەمە کە بەبێ مۆڵەتی تایسن بەرهەمهاتووە، رۆگێرز، لەبارەیەوە دەڵێت، ئەو نایەوێت پشت بە یەک سەرچاوە ببەستێت، هیوای ئەوەشی خواست، تایسن زنجیرەکە ببینێت و رای بگۆڕێت.
 
مایک تایسن، لە 30-6-1966 لە ئەمریکا لە دایکبووە، بە 'پیاوی ئاسنین' ناوبانگی پەدایکردبوو، نازناوی پاڵەوانی جیهانی بۆ لێهاتووەکان لە تەمەنی 20 ساڵ و چوار مانگیدا بەدەستهێنا، بەمەش یەکەم یاریزانی بۆکسێن بوو لەو تەمەنە ئەو نازناوە بەدەستبێنێت و براوەی 37 یاریی بووە بەسەر یەکەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە