رووداو دیجیتاڵ
لە پێشانگەیەکدا لە رۆمای ئیتاڵیا، سەت تابلۆی هونەریی ئێدوارد مونک بەرچاو دەکەون، تێیدا جیهانی پڕ لە دڵەڕواکێی ئەو شێوەکارە نەرویجییە خراوەتەڕوو.
تابلۆکان گوزارشت لە قووڵترین ئازاری مرۆڤایەتی دەکەن و لە مۆزەخانەی ئێدوارد مونک، لە ئۆسلۆی نەرویج هێنراون.
یەکێک لە تابلۆ بەناوبانگەکانی مونک بەناوی "هاوار"ـە و لە پێشانگەکەدا بەدی دەکرێت و بە بەردگرافی رەش و سپی لە 1895 کێشراوە.
مونک، بە یەکێک لە دیارترین هونەرمەندە هێماسازەکانی سەدەی نۆزدەیەم دەناسرێت، "کچە گەنجەکانی سەر پرد" و "خەمۆکی" لە تابلۆ بەناوبانگەکانی دیکەی ئەون و لە پێشانگەکەدا بەرچاو دەکەون.
ئەو هونەرمەندە ژیانێکی پڕ لە خەم و ئازاری هەبوو، بە رادەیەک بەرەو سنووری شێتبوون پەلکێشی کردبوو، هۆکارەکەش لەدەستدانی دایک و خوشکی بوو لە تەمەنێکی زوودا، هەروەها مردنی دڵتەزێنی باوکی و پەیوەندیی ئازاربەخشی لەگەڵ دەستگیرانەکەی تۆلا لارسن.
هاواری نێو ناخی مونک، لە تابلۆکانیدا رەنگیداوەتەوە و بەشێوەیەکی بەرچاو رەنگی لە تابلۆکانیدا بەکارهێناوە، هەستیار بووە لەوەی چۆن هەست و ئازارەکانی لە رێگەی تابلۆکانییەوە بگەیێنێت.
کۆستانتینۆ دۆراسیۆ، رێکخەری پێشانگەکە دەڵێت، مونک نووسیویەتی "من ئەوە ناکێشم کە دەیبینم، بەڵکو ئەوەیە کە بینیومە"، بۆیە هەر تابلۆیەکی گوزارشت لە بیرەوەرییەک دەکات.
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم، گەنگەشەیەکی گەرم لە نێوان فەیلەسووف، دەروونناس و هونەرمەنداندا هەبوو، لەبارەی ئەوەی چاو دەیبینێت، دواتر مێشک چ کاریگەرییەکی لەسەر تێڕوانینی مرۆڤ دەبێت.
دۆراسیۆ، لەبارەی تابلۆی "مردن لە ژووری نەخۆشدا" (1895) دەڵێت: "ئێمە دەزانین رووبەڕووی ساتێک دەبینەوە کە خێزان لەگەڵ کەسێک لە سەرەمەرگ کۆبووەتەوە، بەڵام کەسەکەی لە سەرەمەرگە و پاڵەوانی تابلۆکەیە، نابینین، چونکە زۆرجار بیرەوەرییەکانمان، ئازارەکانمان ناهێڵێت".
لە هونەری شێوەکاریدا مونک بەوە ناسراوە کە بینەر پەلکێشی وێنەیەکی پڕ لە دڵەڕواکێ دەکات.
پێشانگەکە بەناونیشانی "مونک. هاواری ناخ"ـە، ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی شوبات 2025 لە کۆشکی بۆناپارت دەکرێتەوە و تاوەکو 2ـی حوزەیرانی 2025 بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ