رووداو دیجیتاڵ
"Elite Force - B.R.I" فیلمێکی بەریتانییە، بەشێکی چیرۆکی فیلمەکەی لەبارەی ئازایەتی و چاونەترسیی پێشمەرگەیە، تێیدا دانی دارێن، ئەکتەری کورد رۆڵی پێشمەرگەیەک دەگێڕێت.
دانی دارێن، بە رووداوی راگەیاند، فیلمی "Elite Force - B.R.I" واتا "هێزی دەستەبژێر - کوتانی بەرگری جەستە"، ماوەکەی 120 خولەکە و 2023 لە بەریتانیا وێنەگیراوە، لە پلاتفۆڕمەکانی ئەپڵ تیڤی پڵەس، هۆلۆ، ئەمازۆن پڕایم، ئایتوون بڵاوکراوەتەوە. گوتیشی، لە ماوەی 12 رۆژدا 305 هەزار بینەری هەبووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکە ئەکشەنە و لە کانوونی دووەمی 2025 بڵاوکرایەوە، باس لە پرۆفیسۆرێکی یاخی دەکات کە چوار سەرباز لە هەر جەمسەرێکی زەوی دەهێنێت، هەریەکەیان لە باشترین شەڕکەرەکانن، یەکێک لەوانە پێشمەرگەیەکە بەناوی کاوە و ئەو رۆڵەکەی دەگێڕێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەک سەرباز لە جیهانەوە دەڕفێندرێن و دەنێردرێن بۆ لای زانایەکی یاخی بوو لە لەندەنی بەریتانیا، ئەویش لەرێگەی کوتانی جەستە؛ لەگەڵ ئاوێتەکردنی خوێنی تیمساح و چەند مادەیەک بۆ گۆرینی دی ئێن ئەی، بە مەبەستی ئامادەکردنی سەربازی نەمر کە مرۆڤایەتی پێشبینی دەکات بۆ تۆڵەسەندنەوە لە گەندەڵی لە سەرتاسەری جیهاندا.
فیلمەکە لە دەرهێنانی رۆمان ئلپدیۆە و لە وێنەگرتنی سامی مەتییە. دارێن لەبارەی بەشداریی لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا گوتی، لە ژمارەیەک فێستیڤاڵ بەشداربووە و شەش خەڵاتی بەدەستهێناوە.
دانی دارێن، لە سنووری قەڵادزێی باشووری کوردستان لەدایکبووە، لە کۆتایی 2003ـەوە لە بەریتانیا دژی و وەک ئەکتەر، بەرهەمهێنەر و نووسەر لە سینەمادا کار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ