ئەستێرە دیارەکانی جیهان لە فێستیڤاڵی فیلمی کان دەردەکەونەوە

12-05-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سبەی یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین رووداوە سینەماییەکان لە جیهاندا دەستپێدەکات، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کانە و ئەستێرە سینەماییەکانی جیهان دووبارە لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ دەردەکەونەوە.
 
78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە 13 تاوەکو 24ـی ئایاری 2025 لە شاری کانی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. لەم هەفتەیەدا دوایین ئامادەکارییەکانی فێستیڤاڵ کراون و رووی کۆشکی فێستیڤاڵەکان کە فێستیڤاڵی کانی تێدا بەڕێوەدەچێت، بە پۆستەری سەرەکیی فێستیڤاڵ داپۆشراوە.
 
سینەماکارانی هۆلیوود ئامادەبوونێکی بەهێزیان لە فێستیڤاڵدا دەبێت، لەوانەش تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی کە بە فیلمی "Mission: Impossible – The Final Reckoning" بەشدارە. سێ ساڵ بەسەر بەشداریی ئەو ئەکتەرە لە فێستیڤاڵەکەدا بە فیلمی "Top Gun: Maverick" تێدەپەرێت کە داهاتی نزیکەی ملیارێک و نیو دۆلاری لە بۆکس ئۆفیس هەبوو.
 
هەوڵەکانی کروز بۆ ناساندنی فیلمەکەی لە جیهاندا و بەشداریی لە یەکێک لە گرنگترین رووداوە سینەماییەکانی جیهان، هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی شانازییەکی دیکە بۆ ژیانی هونەریی خۆی و بەدەستهێنانی داهاتێکی یەک ملیار دۆلاری.
 

لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین بە رۆبێرت دی دنیرۆ، ئەکتەری ئەمریکی دەبەخشرێت، وەک رێزلێنانێک لە کار و بەرهەمە سینەماییەکانی، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی 49 ساڵ بەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین بۆ فیلمی "Taxi Driver" لە رۆڵگێڕانی ئەو ئەکتەرە.
 
سپایک لی، ئەستێرەیەکی دیکەی ئەمریکییە و جارێکی دیکە لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا دەردەکەوێتەوە، لە 2021 سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵەکەی کرد، ئەمساڵ بە فیلمی "Highest 2 Lowest" بەشدارە کە چیرۆکەکەی لە فیلمی "High To Low" وەرگیراوە و بەرهەمی 1963یە، دینزڵ واشنتن، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە.
 
فیلمە نوێیەکەی لی لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ پێشاندەدرێت، هاوشانی فیلمی "Honey Don’t"ـی ئیسان کوین، ئەکتەری ئەمریکی کە چیرۆکەکەی تەواوکەری فیلمی "Drive Away Dolls"ـی ئەو دەرهێنەرەیە و ساڵی رابردوو بڵاوکرایەوە.
 
بەشداریی ئەو فیلمساز و ئەستێرانەی هۆلیوود، ئاماژەیەکە بۆ پێگە و هێزی فێستیڤاڵەکە لە جیهانی سینەمادا.
 

لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا، جەعفەر پەناهی، دەرهێنەری ئێرانی بە فیلمی "A Simple Accident" بەشدارە کە تەواوکەری فیلمی "No Bears"یە و لە 2022 کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، خەڵاتی شێری زێڕینی لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیز بەدەستهێنا.
 
"Eddington" لە بەشی پێشبڕکێدا بەشدارە، پۆستەرەکەی ئاماژەیە بۆ بڵاوبوونەوەی ئایدز لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا و گوایە ناوەڕۆکی باس لە سەردەمی کۆرۆناش دەکات، خواکین فینێکس کارەکتەری فیلمی "Joker" رۆڵی تێدا دەگێڕێت.
 
بەشداریی سکارلێت جۆهانسن، ئەکتەری ئەمریکی لە فێستیڤاڵەکەدا جیاواز دەردکەوێت و بە فیلمی "Eleanor The Great" ئەزموونێک لە بواری دەرهێنانی سینەمایی دەخاتەڕوو.
 

جولیێت بیۆنش، ئەکتەری فەرەنسی، وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەریی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە دەستنیشانکرا کە خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین دەبەخشێتە باشترین فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا و 22 فیلم کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی دەکەن.
 
ئەو بڕیارەی رێکخەرانی فێستیڤاڵ، لە دوای تێپەڕبوونی 40 ساڵە بەسەر یەکەم دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرەیە لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی فیلمی کان لە  1985.
 
جولیێت بیۆنش، پێشتر لەمبارەیەوە رایگەیاندبوو، کاتێک لە 1985 بۆ یەکەمجار وەک ئەکتەرێکی گەنجی پڕ وروژان و دڵەڕواکێ، بەسەر پلیکانەکانی فێستیڤاڵدا سەرکەوت، لەو بڕوایەدا نەبوو دوای چوار دەیە وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەری دەگەڕێتەوە.
 
لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا، جولیێت بیۆنش، وەک یەکێک لە کاریگەرترین ئەستێرەکانی سینەمای جیهاندا خۆی ناساند و لە 70 فیلمی درامایی، کۆمێدی و وروژاندندا رۆڵی گێڕاوە.
 
لە 1983یەوە رووی لە سینەما کردووە، یەکەم دەرکەوتنی بەهێزی لە فیلمی "Rendez-vous" بوو کە لە 1985 بڵاوکرایەوە، بەهۆیەوە لە فێستیڤاڵی فیلمی کان بەشداربوو. لەو کاتەوە و تاوەکو ئێستا ساڵانە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە دەبێت و زۆر جار گوتوویەتی: "لە فێستیڤاڵی کان لەدایکبووم".
 
"سەعید ئەفەندی" فیلمێکی عیراقییە و دەرهێنەرەکەی کامەران حوسنی، دەرهێنەری کوردە، لە 1956 بەرهەمهێنراوە و بڕیارە لە بەشی کلاسیکی فێستیڤاڵی فیلمی کان پێشانبدرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە 10ـی ئایاری 2025 بڵاوکرایەوە، لیژنەی "حەسەن ئیبن حەیسەم بۆ یادەوەریی بینراوی عێراقی" لە نووسینگەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فیلمەکە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی بە فەرمی نوێنەرایەتیی عێراق لە بەشی کلاسیکی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەدا بکات.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە رێگەی پڕۆژەی سینەماتیکی عێراق کار بۆ زیندووکردنەوەی کەلەپووری سینەمای عێراقی دەکرێت و ناساندنیەتی بە جیهان. فیلمەکە لەلایەن پەیمانگەی نیشتمانیی هونەرە بیستراو و بینراوەکانی فەرەنسی نۆژەنکراوەتەوە، ئەمەش یەکێک لەو 104 فیلمە بڵندە عێراقییانەیە و مێژووی بەرهەمهێنانیان لە چلەکانی سەدەی رابردوو تاوەکو دەیەی یەکەمی سەدەی 21ـە و کار بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنیان دەکرێت.
 

رێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، لە نیسانی 2025 پۆستەری 78ـەمین خولی فێستیڤاڵەکەیان بڵاوکردەوە کە لە دوو پۆستەر پێکدێت و وێنەی فیلمی "A Man and a Woman" لە دەرهێنانی کلود لولوش، دەرهێنەری فەرەنسی لەخۆدەگرێت.
 
فیلمەکە فەرەنسییە و ناوەڕۆکێکی رۆمانسیی هەیە، لە 1966 خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵی کانی بردووەتەوە کە خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینە، دواتریش خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێناوە.
 
دوو پۆستەر لە یەک پۆستەردا چاپکراوە، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی فێستیڤاڵی کاندا روودەدات.
 

بەکارهێنانی وێنەی فیلمەکە لە پۆستەری خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵ، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 60 ساڵە بەسەر بەرهەمهێنانیدا، وێنەی دیمەنێکی باوەشی نێوان دوو کارەکتەری سەرەکیی نێو فیلمەکە لەخۆدەگرێت کە 20 چرکەیە، ئەو باوەشە وەک هێمایەکی رۆمانسییەت لە سینەمای جیهاندا دەناسرێت.
 
لە راگەیێندراوێکی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی فێستیڤاڵی فیلمی کاندا هاتووە: "ئەم هەڵبژاردنە لە سەردەمی هەڵوەشاندنەوە و دابەشبووندایە، دووبارە بیرخستنەوەی هێزی سینەمایە لە کۆکردنەوەی جەستە، دڵ و رۆحەکان، هەروەها بەرجەستەکردنی ئازادی، جووڵە و یادکردنەوەی ژیانە".
 
ئاماژە بۆ ئەوەشکرابوو: "لە جیهانێکدا کە هەورەکان چڕتر دەبن، چیتر رووناکی لە ئاسمانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە درەوشانەوەی مرۆڤایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت، لە نێوان دوو مرۆڤ کە ئاشتبوونەتەوە".
 
بەڕێوەبەرایەتیی بەشی "کان کلاسیک" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، ناوەڕۆکی بەرنامەی بەشەکەی ئاشکرا کردووە و بڕیارە فیلمێکی چارڵی چاپلن پێشانبدرێت.
 
فیلمەکە بەناوی "The Gold Rush"یە و بەبۆنەی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانی، لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە پێشاندەدرێت.
 
فێستیڤاڵی فیلمی کان، چەند بەش لەخۆی دەگرێت، یەکێک لەو بەشانە، پێشاندانی فیلمە کلاسیکییەکان و گفتوگۆکردنە لەبارەیانەوە.
 
چارڵی چاپلن، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، دەرهێنەر، ئاوازدانەری ئینگلیزی، بە دیارترین ئەستێرەی سەردەمی سینەمای بێدەنگ دەناسرێت، بەهۆی دەنگدانەوەی بەرهەمەکانی لە جیهاندا، بە یەکێک لە ئایکۆنەکان لە مێژووی سینەمای جیهاندا دەناسرێت. 
 
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
 
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
 
سینەمەکارانی کورد بە فیلمەکانیان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوونە، بەڵام تەنیا یڵماز گونەی، دەرهێنەری کورد، لە 1982 توانی ببێتە براوی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین.
 
هەروەها شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری کورد، پێشتر لەرێگەی فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لەبارەی کارەساتی ئەنفال، سێ خەڵاتی لە بەشی رەخنەگران لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەفتە نمایشی جلوبەرگی داکار. وێنە؛ AFP

داکار جیاوازتر لە پایتەختەکانی فاشن دیزاینەکانی لە نێو بەلەم نمایش دەکات

بیست و سێیەمین خولی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی داکار لە سێنیگال، بە شێوازێکی جیاواز و چاوەڕواننەکراو بەڕێوەچوو؛ لەجیاتی هۆڵە داخراوەکان و رۆیشتن لەسەر فەرش، مۆدێلەکان لەسەر بەلەمی ماسیگران و لەنێو شەپۆلەکانی دەریادا جلوبەرگەکانیان نمایشکرد.