رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نێتفلێکس رایگەیاند، بە بڕی یەک ملیار یۆڕۆ، لە ماوەی سێ ساڵدا وەبەرهێنان لە ئیسپانیا دەکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ یادی 10 ساڵەی کۆمپانیاکە لە ئیسپانیا.
تێد ساراندۆس، بەڕێوەبەری هاوبەشی جێبەجێکاری کۆمپانیای نێتفلێکس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە مەدرید رایگەیاند، لە نێوان ساڵانی 2025 بۆ 2028 یەک ملیار یۆرۆ (1.2 ملیار دۆلار) لە ئیسپانیا وەبەرهێنان دەکات.
ئاماژە بۆ ئەوەشکرا، پێشتر نێتفلێکس بە بڕی 1.6 ملیار یۆرۆ (1.8 ملیار دۆلار) وەبەرهێنانی لە ئیسپانیا کردووە.
ئەو کۆمپانیایە گەورەترین کۆمەڵگەی ستۆدیۆکانی لە ئەوروپا لەو وڵاتە کردووەتەوە و بریتییە لە 10 گۆڕەپانی وێنەگرتن.
ئیسپانیا ئەو بڕە پارە زۆرە بۆ وەبەرهێنانی نێتفلێکس، توانی بە رێژەیەکی زۆر فەرەنسا تێپەڕێنێت کە 250 ملیۆن یۆرۆ (285.1 ملیۆن دۆلار) وەبەرهێنانی تێدا کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەی بەشداربووان لە پلاتفۆڕمی خزمەتگوزاری نێتفلێکس لە فەرەنسا 14.6 ملیۆن بەشداربووە و لە ئیسپانیا 8.7 ملیۆنە.
لە دوای دەنگدانەوەی درامای "Money Heist" و فیلمی "Society of the Snow" کە نێتفلێکس لە ئیسپانیا بەرهەمی هێناون، وایکردووە ئەو کۆمپانیایە وەبەرهێنانی زیاتر لەو وڵاتەدا بکات، بە گشتی تاوەکو ئێستا هەشت بەرهەمی ئەو کۆمپانیایە کە لە ئیسپانیا بەرهەمهاتوون، لە بەرهەمە پڕبینەرەکانن کە بە زمانی ئینگلیزی نین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ