هەیڤ قارەمان چوارەم جارە لە گەلەری جەك شەینمەن پێشانگا دەكاتەوە و پێشانگاكەی 45 رۆژ بەردەوام دەبێ
رووداو- هەولێر
بۆ ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێك گالەری بەناوبانگی جەك شەینمەنی نیویۆرك میوانداریی تابلۆكانی هەیڤ قارەمان، خانمە نیگاركێشی كورد دەكات. پێشانگاكە لەژێر ناونیشانی "مرۆڤێكی تەواو نا"یە كە فۆكەسی لەسەر پرسی ناسنامەی ژنە لە جیهانی ئەمڕۆدا. پێشانگاكە هەتا كۆتایی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێ.
ئەوە چوارەم جارە هەیڤ لەو گەلەرییە پێشانگا دەكاتەوە، زۆربەی رەخنەگرانی هونەریش پێیانوایە مۆركی سەرەكی و جێی ستایشی بەرهەمەكانی هەیڤ بەرفراوانیی بابەتە سیاسی و تاكەكەسییەكانە لە تابلۆكانیدا، لەوانەش ئەزموونی ژیانی پەنابەرێتی و ئەزموونی ژیانی ژنێكی عێراقی كە لە دوای رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەرەوە لە رۆژئاوا دەژی.
هەیڤ لە دایكێكی كورد بەناوی سیزار بەرزنجی و باوكێكی عەرەب لە بەغدا لەدایكبووە. لە كاتی جەنگی یەكەمی كەنداو لە ساڵی 1991، لەگەڵ دایكی بەرەو كوردستان رایانكردبوو، ساڵێك دواتر بە قاچاخ بەرەو سوید بەڕێكەوتبوون. ئەگەرچی سوید ژیانی هەیڤ و خێزانەكەی لە چەرمسەری رزگار كرد، بەڵام هەر ئەو ژیانە سەرەتای تەحەدایەكی نوێ بوو بۆ هونەرمەندە كوردەكە، ئەویش دۆزینەوەی خۆی بوو لە كۆمەڵگایەكدا كە تەواو جیاواز بوو لەو.

هەیڤ لە هەڤپەیڤینێكدا بۆ (ئارت دوبەی) دەڵێ: "من لە باكووری سوید دەژیام، لە هەموویان جیاواز بووم، تاكەكەسی قژڕەش بووم لە نێویاندا. تاكە رێگا بۆ رزگاربوون ئەوە بوو لە ناویاندا بتوێمەوە. قژم زەرد كرد و زمانە سویدییەكەم باش كرد. هەموو ئەمانە لە پێناو ئەوەی كە خۆم لەبیر بكەم. بۆ ئەوەی چیدی وەك نامۆیەك سەیر نەكرێم. بەمە من بەشێك لە خۆمم لەدەستدا".
بەڵام هونەر دەرگایەكی نوێی لەو هەیڤە لەبیركراوە كردەوە، بە دەربڕینی خۆی "ئیدی بوو بە زەروورەتێك كە بەردەوام لە بەرهەمەكانمدا جەخت لەسەر ئەو دیوە لەبیركراوەی خۆم بكەمەوە. ئەگەر سەیری ستۆدیۆكەم بكەن، دەبینن تابلۆی ژن گەمارۆیان داوم، وەك بڵێی سوپایەك لە ژنم دروست كردبێ".
بەڵام كێشەی ناسنامەی تاكەكەسی لای هەیڤ دابڕاو نییە لە كێشەی ژنبوون لە جیهانی ئەمڕۆی هونەردا، كە یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكانی پێشانگاكەی ئەمجارەیەتی. هونەرمەندە كوردەكە لەوبارەوە بە ماڵپەڕی (ئەلفەنار)ی میسری دەڵێ: "ئەگەر بمەوێ بە شێوەیەكی زۆر بنچینەیی باسی ئەوە كێشەیە بكەم، ئەوە دەڵێم ئافرەتان (لە جیهانی هونەردا) هاووڵاتیی پلە دوون".
هەیڤ قارەمان كە ئێستا لە لۆس ئەنجلس دادەنیشێ، رەتیدەكاتەوە ئەو وەك "ئافرەتێكی خەڵكی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی" مامەڵە لەگەڵ هونەرەكەیدا بكات یان "وەك ئافرەتێكی چەوساوەی عێراقی"، بەڵكو لای ئەو كێشەكە پەیوەندی بە پێگەی ئافرەتانەوە هەیە لە جیهانی هونەردا بەشێوەیەكی گشتی. وەك خۆی دەڵێ: "هەموومان دەزانین ئافرەتان لە جیهانی هونەردا كەمتر دەردەخرێن و پارەی كەمتریان پێدەدرێ، بۆیەش ئێمە وەك بوونەوەرێكی كەمتر سەیر دەكرێین".
مەدینە تلۆستانۆڤا لە شیكردنەوەیەكدا كە بۆ پێشانگاكەی ئەمجارەی هەیڤ نووسیویەتی، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە "لەم پڕۆژە نوێیەدا، هەیڤ قارەمان باسی گۆڕانی خۆی دەكات لە بابەتێكی گوێڕایەڵەوە بۆ خودێكی خاوەن ئیرادە، ئەو شوێنەش كە ئەم گۆڕانەی تێدا بەرجەستە دەكرێ جەستەیە، كە چیدی ئامادە نییە سیمبوڵی ئازارچەشتن بێ".
بە دەگمەن هونەرمەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست توانیویانە مۆڵەتی نمایشكردنی تابلۆكانیان لەو گەلەرییە بەناوبانگەی نیویۆرك وەربگرن. بەڕێوەبەرایەتی گەلەرییەكە لە بەیاننامەیەكدا دەنووسێ: "گەلەریی جەك شەینمەن دڵخۆشە بە نمایشكردنی پڕۆژەی "مرۆڤێكی تەواو نا" كە كۆمەڵێك كاری هەیڤ قارەمانە و چوارەم پێشانگای ئەو هونەرمەندەیە لە گەلەرییەكەمان".

پڕۆژەكەی ئەمجارەی هەیڤ ژمارەیەك تابلۆی گەورە و پەیكەری بچووك لەخۆدەگرێ، تێیاندا فیگەری ئافرەتی رووت دەخرێنەڕوو. وەك خۆی دەڵێ پێشتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیاندەگوت نابێ فیگەری رووت بكێشێ یان ئەندامی زاووزێ لە بەرهەمەكانیدا دەربخات، بەڵام ئێستا پێیوایە ئەو رووتییە گوزارشت لە روحی هونەری ئەو دەكات.
هەیڤ دەڵێ "چێژێكی زۆرم لە كێشانی ئەوانە بینیوە. من هونەرمەندێكم كۆنترۆڵێكی زۆرم لەسەر بەرهەمەكانمە، هەر جووڵەیەكی قەڵەمەكەم بیركردنەوەی لە پشتە، بەڵام لە كاتی كێشانەوە و دانانی ئەو بەرهەمانەدا شتی خۆبەخۆیش زۆر هەبووە كە نەمزانیوە لە كوێوە بۆم هاتوون".
جەستەی مرۆڤ، بە تایبەتی جەستەی ژن، توخمێكی سەرەكیی ناو بەرهەمەكانی هەیڤە، جەستەیەكی رووت كە رووتییەكەیان خەم و ئازاریان بە زەقی تێیدا دیارە. هەیڤ خۆی ئافرەتێكی ئەسمەری قژ لوولە، بەڵام زۆربەی ئافرەتەكانی تابلۆكانی سوور و سپین و لێویان سوورێكی تۆخە.
هەیڤ لەبارەی وجوودی تۆخی جەستە لە تابلۆكانیدا بە (ئەلفەنار)ی گوت: "جەستە باری یادەوەرییەكانی ئێمە هەڵدەگرێ، نەخشی هەموو یادەوەرییەكان بەسەر جەستەوە دیارن". بەڵام ئەو چاوەڕێ ناكات بینەری تابلۆكانی هەست یان بیركردنەوەیەكی تایبەتیان لەلا دروست ببێ، چونكە دەڵێت "كارەكانی من زۆر تاكەكەسین، بەڵام هەستیش دەكەم ئەم بەرهەمانە بەشێكن لە مێژوو و ژیانێكی كۆیی گەورەتر". واتە بەشێكە لە مێژوویەكی سیاسی بەرفراوانتر كە تەنیا لە مەینەتی یەك كەسدا قەتیس نابێ.
زۆر كەس لە رۆژئاوا پێیانوایە هونەرمەند نابێت لە تابلۆكانیدا دیار بێ، بە جۆرێك بەشێكی زۆر لە تەكنیكە هونەرییەكان بۆ شاردنەوەی هونەرمەند خۆیین لەناو تابلۆكانیدا. هەیڤ قارەمان لەگەڵ ئەو بۆچوونە تەبا نییە و دەڵێ: "دەزانم زۆر هونەرمەند لەگەڵ ئەوەدا نین كە هونەرمەند خۆی تێكەڵ بە كارەكانی بكات، بەڵام لای من ئەوەی تاكەكەسییە سیاسی و گشتیشە. من ناتوانم خۆم لە كارەكانم جیابكەمەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ