دادگە بڕیاری 18 مانگ زیندانیکردنی بۆ جێرارد دوپاردیۆ دەرکرد

13-05-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن جێرارد دوپاردیۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە تۆمەتی گێچەڵی سێکسی بۆ سەر دوو ژن، دادگەیەک لە پاریسی فەرەنسا، بڕیاری 18 مانگ زیندانیکردنی بۆ جێرارد دوپاردیۆ، ئەکتەری فەرەنسی دەرکرد، بەڵام زیندانیکردنی ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.  
 
بڕیارەکە رۆژی سێشەممە 13ـی ئایاری 2025 دەرچوو و ئەو ئەکتەرە لە دانیشتنی دادگە ئامادە نەبوو و پێشتر تۆمەتەکەی رەتکردبووەوە.
 
بەهۆی کەمی ماوەی سزاکە جێبەجێ ناکرێت، بەڵام تاوانەکە بەسەر تاوانبارەکەدا سەپێندراوە و لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر تاوانێک لە ماوەی داهاتوودا، سزای زیدانییە کۆنەکەش بەسەر تاوانباردا دەسەپێدرێت.
 
دوپاردیۆ (76 ساڵ)، بەوە تۆمەتبارکراوە کە لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی "Les Volets Verts" لە 2021، گێچەڵی سێکسی کردبێتە سەر دیزاینەرێکی دیکۆری فیلم (54 ساڵ) و یاریدەدەری دەرهێنەری فیلم (34 ساڵ).
 
پێشتر ئەو دوو ژنە بە فەرمی سکاڵایان تۆمارکردبوو و ئاماژەیان بۆ ئەوە کردبوو، لە کاتی کارکردن قسەی ناشرینیان پێگوتراوە و بە شێوەیەکی نەشیاو دەستیان لێدراوە، هەروەها دوپاردیۆ قاچی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی یەکێکیان بخاتە سەر زەوی، دواتر لە بەردەم ئامادەبووان گێچەڵی سێکسی پێکراوە.
 
بڕیاربوو دوپاردیۆ لە تشرینی یەکەمی 2025 لە پاریس دادگەیی بکرێت، بەڵام پارێزەرەکەی بە بیانووی نەخۆشکەوتنی ئەو ئەکتەرە، دادگەییکردنەکەی دواخست. 
 
لەلایەکی دیکەوە، شارلۆت ئارنۆ، ئەکتەری کەنەدی، لە 2018 کاتێک تەمەنی 22 ساڵ بوو، یەکەم سکاڵای لە دژی دوپاردیۆ تۆمارکرد، گوایە لە دوو بۆنەی جیاواز لە ماڵەکەیدا لە پاریس، دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەری. 
 
ئەو ئەکتەرە گەنجە، لە 2020 بۆ جاری دووەم سکاڵای لەسەر ئەو ئەکتەرە فەرەنسییە تۆمارکرد، دوای ئەوەی سکاڵای یەکەمی رەتکرایەوە.
  
دوپاردیۆ لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندین جار تۆمەتی گێچەڵ و درستدرێژیی سێکسیی خراوەتە پاڵ، بەڵام ئەو بەردەوام ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.
 
جێرارد دوپاردیۆ، بە یەکێک لە ئەکتەرە ناسراوەکانی فەرەنسا هەژمار دەکرێت و براوەی دوو خەڵاتی سیزاری فەرەنسییە وەک باشترین ئەکتەر، جگە لە کاری ئەکتەری، دەرهێنەری چەند فیلمێکیشە، هەروەها خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بەدەستهێناوە و بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بووە.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە