'کۆشکی کەمبەرلاند' چیرۆکی پیاوێکی ئەمریکیی نهێنیئامێز دەگێڕێتەوە

13-08-2025
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
ماڵی رۆجەر کەمبەرلاند لە دهۆک
ماڵی رۆجەر کەمبەرلاند لە دهۆک
نیشانەکردن رۆجەر کەمبەرلاند
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکێکی کۆنی دهۆکدا، پاشماوەی خانوویەک هەیە کە بە "کۆشکی کەمبەرلاند" ناسراوە. ئەم خانووە چیرۆکی پیاوێکی ئەمریکی دەگێڕێتەوە کە نزیکەی 100 ساڵ لەمەوبەر لە دهۆک ژیاوە و تاوەکو ئێستاش کەسایەتییەکەی بە نهێنی ماوەتەوە. ئێستا فیلمسازێکی بەریتانی خەریکی بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمێکە بۆ ئاشکراکردنی راستییەکانی ژیانی ئەو کەسایەتییە.
 
رۆجەر کەمبەرلاند، پیاوێکی ئەمریکی بوو کە لە 1923ـەوە تاوەکو 1938 لەو خانووەی دهۆک ژیاوە. ژیانی کەمبەرلاند پڕە لە گێڕانەوەی جیاواز؛ هەندێک بە گەشتیار و خێرخواز و بانگخوازی ئایینی کریستیان دەیناسێنن، هەندێکی دیکەش پێیان وایە "سیخوڕ یان ئەفسەری سەربازی" بووە.
 
جێرمی، فیلمسازێکی بەریتانییە و بە زمانێکی کوردیی پاراو قسە دەکات، بڕیاریداوە بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی رۆجەر کەمبەرلان بەرهەمبهێنێت.
 
جێرمی بە رووداوی راگەیاند: "قسە و گێڕانەوەی زۆر لەسەر کەمبەرلاند هەن. هەندێک دەڵێن دۆستی کورد بووە، هەندێکیش بە دوژمن ناوی دەبەن. ئێمە لە رێگەی ئەم بەڵگەفیلمەوە دەمانەوێت راستییەکان بۆ خەڵک روون بکەینەوە و بزانین کێ بووە و چیی کردووە".
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی جێرمی کۆی کردوونەتەوە، رۆجەر کەمبەرلاند کوڕی جووتیارێک بووە لە کالیفۆرنیای ئەمریکا و وەک بانگخوازێکی کریستیان ویستوویەتی بچێتە ئەفغانستان کە بە "سەختیرن شوێنی جیهان"ـی زانیوە، بەڵام کەنیسەکەی لەبری ئەفغانستان، رەوانەی باشووری کوردستانیان کردووە.
 
کەمبەرلاند لە 1923 دێتە دهۆک و لە ماوەی سێ مانگدا لە سێمێل فێری زمانی کوردی دەبێت و وەک کوردەکان بە پاراوی قسەی پێ دەکات.
 
سەرەڕای ئەوەی کەسایەتییەکی خۆشەویست بووە، بەڵام لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی عێراق جموجووڵی سنووردار کراوە. دواجار لە 1938 دوو کەس وەک میوان سەردانی دەکەن و لەنێو ماڵەکەی خۆیدا بە دەمانچە دەیکوژن.
 
ئێستا جێرمی لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکردنی بەڵگەفیلمەکەیدایە و دەیەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە: ئایا رۆجەر کەمبەرلان دۆستی کورد بوو یان دوژمن؟
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە