رووداو دیجیتاڵ
لە دوای فێستیڤاڵی فیلمی کان، تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی، دەچێتە لەندەن و نوێترین فیلمی "Mission: Impossible - Final Reckoning" دەناسێنێت، لە چوارچێوەی گەشتی ناساندن و بە بازاڕکردنی فیلمەکەی لە چەند وڵاتێکی جیهان.
ئەو ئەکتەرە سینەماییە، رۆژی پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، لەگەڵ بەشێک لە ستافی فیلمەکەی لە لەندەن بوو و دوا وێستگەی گەشتەکەی دەبێت بۆ ناساندنی فیلمەکەی.
کروز بۆ ناساندنی فیلمەکەی لە جیهاندا، هەوڵ بۆ تۆمارکردنی شانازییەکی دیکە بۆ ژیانی هونەریی خۆی و بەدەستهێنانی داهاتی یەک ملیار دۆلاری دەدات.
کروز لەبارەی زنجیرە فیلمی "Mission: Impossible"، رایگەیاند، گرنگترین دەستکەوتی پیشەییەتی.
لە کان پێشوازییەکی گەرم لە فیلمەکە کرا و دوای پێشاندانی، ئامادەبووان بۆ ماوەی پێنج خولەک چەپڵەیان بۆ ستافی فیلمەکە لێدا.
کروز لە 1992 بە فیلمی "Far and Away" و لە 2022 بە فیلمی "Top Gun: Maverick"، لە فێستیڤای کان بەشداربووە، ئەمجارە بووە سێیەم بەشداریی لەو رووداوە گرنگە سینەماییەدا. لە دووەم بەشدارییدا؛ خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی وەک رێزێک لە تەواوی کار و بەرهەمەکانی پێبەخشرا و کاتێک بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا رۆیشت؛ حەوت فرۆکەی جەنگیی فەرەنسا بە ئاڵای فەرەنسا نمایشێکیان بۆ ئەنجامدا.
"Mission Impossible" زنجیرە فیلمێکی سینەماییە و یەکەم بەشی لە 1996 بەرهەمهێنراوە، دووەم بەشی لە 2000 بەرهەمهاتووە، سێیەم بەشی لە 2006، چوارەم بەشی 2011، پێنجەم بەشی لە 2015، شەشەم بەشی لە 2018 بڵاوکرایەوە، چیرۆکی حەوتەم بەشی "Mission: Impossible - Dead Reckoning"، لە دوو بەش پێکدێت، یەکەمیان لە 2023 بڵاوکرایەوە و دووەمیشیان لە 2025 بڵاوکرایەوە و دەبێتە هەشتەمین بەشی.
"Mission Impossible" لە 1966 تاوەکو 1973 وەک زنجیرەی تەلەڤزیۆنی پێشکێشکراوە.
تۆم کروز، لە 3ـی تەممووزی 1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
ئەو ئەکتەرە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی "Business" لە 1986، فیلمی "The Color of Money" لە 1986 و فیلمی "Born on the 4th of July" لە 1988.
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ