پەیکەرسازێکی کورد سەرنجی خەڵکی ئەڵمانیا رادەکێشێت

15-06-2024
رووداو @Rudawkurdish
ساڵح نەمر
ساڵح نەمر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ساڵح نەمر پەیکەرسازە، خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە و هەر لە کوردستانیش دەستی بە کاری هونەری کردووە. ئێستا لە ئەڵمانیا کارە ناوازەکانی بوونەتە جێی سەرنجی ئەڵمانەکان.
 
ساڵح نەمر دەڵێت، خەڵکی گوندێکی کۆچەرانە لە دێرکی رۆژئاوای کوردستان، لە شام پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە لە ساڵی 1995؛ هەر لە سەرەتای قۆناخی خوێندنی پەیمانگە لە قۆناخی یەکەم و دووەمدا بە باشی دەستی بە فێربوونی پەیکەرتاشی کردووە و بە باشی هونەرەکە فێربووە.
 
لە ساڵی 2014وە ساڵح لە ئەڵمانیا دەژی و لەوێش هەر کاری پەیکەرتاشیی دەکات و خوولی فێربوونی پەیکەرتاشی دەکاتەوە، ئەوەش بەهۆی حەزی خەڵک بۆ فێربوونی هونەرەکە. ئەو دەڵێت، "سەرەتا گرنگە چۆن بتوانیت لەگەڵ بەردێک مامەڵە بکەیت و وەکو ئەوەی قسەی لەگەڵ بکەیت و بیکەیت بە شتێک کە خۆت بتەوێت."
 
فلۆریان توولی، پەیکەرتاش دەڵێت، "رۆژێک هاتمە شوێنی کارەکەم. دوو پیاوی سووری لەوێ وەستابوون. یەکێکیان گوتی، بەدوای کاردا دەگەڕێم و منیش گوتم: هیچ کارێکم بۆ تۆ نییە. پاشان تەلەفۆنەکەم زەنگی لێدا و ژنێک گوتی، ئەو بەدوای کاردا ناگەڕێت، بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێت کە بتوانێت کار بکات، بەم شێوەیەش هاوڕێم ساڵح نەمرم ناسی."
 
فلۆریان وەکو خۆی دەڵێت، بە پیشەی خۆی وەستای بەردە، "ساڵحیش هەمیشە پێم دەڵێت، تۆ ماسترۆی منیت، منیش دەڵێم: بەڵێ، بەڵام تۆ پرۆفیسۆری منیت."
 
 
ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2016وە کاری پەیکەرسازی لەو وڵاتە دەکات و ئێستا پڕۆژەیەکی هەیە و ماوەی ساڵێک زیاترە کاری لەسەر دەکات، ئەویش ئەوەیە، "لە ناوچەی کۆچەری ئێمە هەندێک شایی و هەڵپەڕکێ هەن بەداخەوە ئێستا نەماون و ونبوون، دەمەوێت لە رێگەی پڕۆژەکەمەوە ئەو شایی و هەڵپەڕکێیانە لە رێگەی تاشینەوە دۆکیۆمێنت بکەم. گرنگە خەڵک و حکومەت بزانن کە کولتوور وەکو قەڵایەکی گەورە وایە کە بتوانین خۆمان لەنێویدا بپارێزین و لەنێو نەچین."
 
ساڵح نەمر لە سوێدەوە لە رێگەی سکایپ باسی چالاکییەکی کرد کە بڕیارە رۆژی شەممە دەستپێبکات و گوتی، "فێستیڤاڵ و چالاکییەکی هونەرییە لە شاری مالمۆ لە باشووری سوێد بەڕێوەدەچێت، تاوەکو 18ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، تێیدا بەشی کوردی لە چالاکییەکەدا بەشدارە."
 
بە گوتەی ساڵح، لە چالاکییەکەدا 11 هونەرمەندی کورد بەشدارن و پێکهاتوون لە هەشت پیاو و سێ ژن، لە ماوەی چوار بۆ پێنج رۆژدا کارە هونەرییەکانی خۆیان نمایش دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە