رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای بەرلین دادگەییکردنی نەوجەوانێکی 15 ساڵی سووری دەکات، کە تۆمەتبارە بە بەشداریکردن لە پیلانگێڕییەکی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی "تیرۆریستی" بۆ سەر کۆنسێرتەکانی تایلۆر سویفت، گۆرانیبێژی ناسراوی ئەمریکی، لە ڤیەننای نەمسا.
بەپێی یاساکانی پاراستنی نهێنیی کەسی لە ئەڵمانیا و بەهۆی بچووکی تەمەنی تۆمەتبارەکە، دانیشتنی دادگە بە نهێنی بەڕێوەدەچێت و رۆژی دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025 یەکەم دانیشتن بەڕێوەچوو، بەپێی دادگە، ناوی تۆمەتبار "محەممەد أ."یە، لەلایەن داواکاری گشتیی فیدراڵییەوە دوو تۆمەتی سەرەکیی ئاڕاستە کراوە: ئامادەکاریکردن بۆ "کردەوەیەکی تووندوتیژیی مەترسیدار" و پشتیوانیکردنی رێکخراوێکی تیرۆریستی لە دەرەوەی وڵات، کە مەبەست لێی داعشە.
بەگوێرەی تۆمەتەکە ئەو نەوجەوانە ڤیدیۆیەکی فێرکاریی دروستکردنی بۆمبی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوە و بۆ گومانلێکراوێکی دیکەی نەمساوی بە ناوی "بیران"ـی تەمەن 19 ساڵی ناردووە، کە وەک گومانلێکراوی سەرەکیی بۆ هێرشکردنە سەر کۆنسێرتەکانی تایلەر سویفت ناسێندراوە.
کۆنسێرتەکانی تایلەر سویفت لە ڤیەننا، کە بڕیاربوو مانگی ئابی 2024 لە چوارچێوەی گەشتە جیهانییەکەیدا "Eras Tour" بەڕێوەبچن، دوای دەستگیرکردنی دوو گومانلێکراو لە نەمسا هەڵوەشێنرانەوە. دەسەڵاتداران ئەو کاتە رایانگەیاند، پیلانێکی روون بۆ هێرشکردنە سەر بۆنەیەکی گشتی لە پایتەخت هەبووە و کۆنسێرتەکان ئامانجی سەرەکی بوون.
عومەر حیجازی-بێرچنەر، بەرپرسی پاراستنی دەوڵەت و هەواڵگری لە وەزارەتی ناوخۆی نەمسا، رایگەیاندبوو، گومانلێکراوەکە نیازی بووە "خۆی و خەڵکێکی زۆر بکوژێت".
تایلەر سویفت ئەوکات لە رێگەی هەژماری ئینستاگرامەکەیەوە لەبارەی هەوڵە شکستخواردووەکە، ترس و نیگەرانیی خۆی لەبارەی پلانی هێرشەکە خستبووە روو کە ژیانی هەوادارانی دەخستە مەترسییەوە.
"محەممەد أ." لە هەمان رۆژی هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکاندا دەستگیرکرا. ئەو کاتە تەمەنی 14 ساڵ بووە و لە قوتابخانەیەک لە شاری فرانکفۆرت لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا خوێندوویەتی.
دادگەی بەرلین بڕیاریدا دانیشتنەکانی دادگاییکردنەکە بە نهێنی بەڕێوەبچن، ئەمەش دوای داواکارییەکی پارێزەری بەرگریکار و بەهۆی کەمیی تەمەنی تۆمەتبارەکە. دادوەر رایگەیاندووە، دانیشتنی ئاشکرا رەنگە ببێتە هۆی لەکەدارکردنی زیاتری ناوی نەوجەوانەکە، کە لە دەرەوەی زینداندایە، بەڵام رێگری لێکراوە بەشداری لە پۆلە ئاساییەکانی خوێندندا بکات.
پێشبینی دەکرێت دانیشتنەکانی دادگا تاوەکو 26ـی ئابی داهاتوو بەردەوام بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ