رووداو دیجیتاڵ
مۆزەخانەی بەناوبانگی جیهانیی مادام توسۆ کە بارەگای سەرەکیی لە لەندەنە، 13 پەیکەری مۆمیی تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی پۆپی ئەمریکی دروستکردووە و بڕیارە لە چەند وڵاتێک نمایشیان بکات.
پەیکەرەکان گوزارشت لە ساتە دیار و ناوازەکانی گەشتی هونەریی ریکۆردشکێنی تایلۆر سویفت دەکەن کە بەناوی "The Eras Tour"ـە بوو.
دانیاڵ کولن، دیزاینەری باڵای پەیکەرەکان لە مۆزەخانەکە، رایگەیاند: "سەرچاوەی ئیلهامی ئەم پرۆژەیە، پەرەسەندنی ستایلی ناوازەی تایلۆر بوو لە ماوەی کاروانی هونەرییدا. هەستمان کرد گەشتی "The Eras Tour" ئەوەندە گەورە و ناوازەیە، کە پێویست بوو لە مادام توسۆ پێشانی بدەن، بۆیە 13 پەیکەرمان دروستکرد کە ئاماژەیە بۆ 11 سەردەمی هونەریی جیاوازی تایلۆر و ژمارە 13یش ژمارەی بەختی ئەوە."
گوتیشی: "هەوڵمدا، تا ئەو شوێنەی بکرێت، ئەو جلوبەرگانە هەڵبژێرم کە تایلۆر لە هەمان شار یان وڵاتدا لەبەری کردوون کە لقێکی مادام توسۆی لێیە."
40 هونەرمەند لە مۆزەخانەکە بۆ ماوەی 14 مانگ کاریان لەسەر پرۆژەکە کردووە. پەیکەرەکان کۆپیی ئەو جلوبەرگانەن کە سویفت لە گەشتە هونەرییەکەی لەبەری کردوون، هەندێ وردەکاریش لەلایەن دیزاینەرەکانەوە زیادکراون.
بڕیارە پەیکەرەکان لە لقەکانی مۆزەخانەکە لە شارەکانی ئەمستردام، بەرلین، بوداپێست، هۆڵیوود، هۆنگ کۆنگ، لاس ڤێگەس، لەندەن، ناشڤیڵ، نیویۆرک، ئۆرلاندۆ و سیدنی نمایش بکرێن.
مۆزەخانەی مادام توسۆ یەکێکە لە بەناوبانگترین زنجیرە مۆزەخانەکانی مۆمە لە جیهاندا، لە 1835 لە شاری لەندەن لەلایەن ماری توسۆ، پەیکەرتاشی فەرەنسی دامەزراوە.
ئەم مۆزەخانەیە بە دروستکردنی پەیکەری مۆمیی کەسایەتییە ناودار و مێژووییەکان، هەروەها کارەکتەرە بەناوبانگەکانی فیلم و تەلەڤیزیۆن ناسراوە. یەکەم لقی مۆزەخانەکە لە دەرەوەی بەریتانیا لە 1970 لە ئەمستردامی هۆڵەندا کرایەوە.
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ