دەرهێنەری 'Lord of the Rings' دەنگۆی وازهێنانی رەتدەکاتەوە

15-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن پیتەر جاکسن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پیتەر جاکسن، دەرهێنەری نیوزلەندی، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە وازی لە کاری فیلمسازی هێناوە، سەرەڕای ئەوەی لە 2014ـەوە کاری دەرهێنانی بۆ هیچ فیلمێکی سینەمایی درێژ نەکردووە. 
 
جاکسن، بە کارە ناوازەکانی وەک سێینەی "The Lord of the Rings" و "King Kong" ناوبانگی پەیداکردووە، جگە لە رەتکردنەوەی دوورکەوتنەوە لە کاری دەرهێنان؛ راشیگەیاند، کار لەسەر چەندین پڕۆژەی نوێ دەکات.
 
جاکسن، لە دوای فیلمی "The Hobbit: The Battle of the Five Armies" کە لە 2014 بڵاوکرایەوە، هیچ فیلمێکی درێژی سینەمایی بەرهەم نەهێناوە. لەبری ئەوە، سەرنجی لەسەر دەرهێنانی بەڵگەفیلم بووە، لەوانەش بەڵگەفیلمی "They Shall Not Grow Old"  و"The Beatles – Get Back" .
 
جاکسن براوەی خەڵاتی ئۆسکار، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "Screen Rant" کە بۆ پڕۆژەیەکی نوێی تایبەت بە زیندووکردنەوەی باڵندەی "موا"ی قڕبوو ئەنجامی دابوو، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و گوتی: "من خانەنشین نەبووم. ئێستا کار لەسەر سێ سیناریۆی جیاواز دەکەم و هاوکاری لە نووسینی فیلمی "The Hunt for Gollum" دەکەم کە بڕیارە ساڵی داهاتوو لەلایەن ئاندی سێرکیسەوە دەرهێنانی بۆ بکرێت". 
 
"The Lord of The Ring"  یاخود "شای ئەنگوستیلەکان"، رۆمانێکی خەیاڵییە و لە نووسینی جەی ئاڕ ئاڕ تۆلکین، نووسەری بەریتانییە، لە ساڵانی 1937-1943 نووسراوە و بە یەکێک لە رۆمانە پڕفرۆشەکان دەناسرێت و زیاتر لە 150 ملیۆن کۆپیی فرۆشراوە.
 
رۆمانەکە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و بۆ 38 زمان وەرگێڕدراوە، لە 2003 نازناوی خۆشەویستترین رۆمانی بەریتانیی پێبەخشرا.
 
چیرۆکی ئەم بەرهەمە باس لە هەوڵەکانی ساورۆن دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی زەوی ناوڕاست، ئەویش لەرێگەی هێزی ئەڵقەیەکەوە کە خۆی دروستی کردووە، لە دوای ونبوونی، هەولی بەدەستهێنانەوەی دەدات.
 
چیرۆکی رۆمانەکە وەک فیلم، شانۆ، ئەنیمەیشن، میوزیک و یاریی ڤیدیۆیی بەرهەمهاتووە.
 

فیلمی "The Lord of The Ring" لە 2001-2003 بڵاوکراوەتەوە و پیتەر جاکسن کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، داهاتی هەر سێ بەشی لە سینەماکانی جیهاندا دوو ملیار و 981 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و بودجەی هەرسێ بەشی 281 ملیۆن دۆلارە.
 
سیناریۆی زنجیرە فیلمەکە لە 1997 دەستیپێکرد و وێنەگرتنی لە 11ـی تشرینی یەکەمی 1999 دەستیپێکرد و تاوەکو 22ـی کانوونی یەکەمی 2000 بەردەوام بوو، بەربژێری 30 خەڵاتی ئۆسکار بوو و توانی 17 خەڵات بەدەستبێنێت.
 
هاوارد شۆر، ئاوازدانەری میوزیکی فیلمەکەیە و لە 1999 کاری لەسەر کردووە، ئۆرکێسترای فیلهارمۆنیکی لەندەن تۆماری کردووە کە 120 ژەنیار تێیدا بەشداربوون و لە دوای بڵاوبوونەوەی دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.
 
لە 1978 چیرۆکی رۆمانەکە وەک فیلمێکی ئەنیمەیشن بەرهەمهاتووە و ماوەکەی دوو کاژێر و 12 خولەکە، لە دەرهێنانی رالف باکشییە، بودجەی بەرهەمهێنانی چوار ملیۆن دۆلارە و داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکا و کەنەدا 30 ملیۆن دۆلار بووە.
 

ئەم بەرهەمە وەک زنجیرەش بەناوی "The Lord of the Rings: The Rings of Power" بەرهەمهێنراوە و بودجەی بەرهەمهێنانی یەک ملیار دۆلاری ئەمریکییە، بەمەش وەک گرانترین زنجیرەی تەلەڤزیۆنی ناسێندراوە و لەلایەن کۆمپانیای ئەمازۆن بەرهەمهێنراوە و مافی بەرهەمهێنانی بە بڕی 250 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کڕیوەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە