رووداو دیجیتاڵ
نووری بیلگە جەیلان دەرهێنەری ناسراوی سینەمای تورکیا، لە پێنجەمین فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئامادە دەبێت و ماستەر کڵاسێک بەڕێوەدەبات.
شەهێن سابیر، بەرپرسی راگەیاندنی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند، لە خولی ئەمساڵی فیستیڤاڵدا یەکێک لە دەرهێنەرە ناسراوەکانی سینەمای تورکیا بەشدار دەبێت، ئەویش نووری بیلگە جەیلانە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فیستیڤاڵدا، جەیلان، ماستەر کڵاسێک بەڕێوەدەبات کە بێ بەرامبەرە و بڕیارە کاژێر 11ـی بەیانی 19-21-2021 لە ستی سینەما لە سلێمانی بەڕێوەبچێت.
نووری بیلگە جەیلان، لە 26 کانوونی دووەمی 1959 لە ئیستەنبووڵ لە تورکیا لە دایکبووە، دەرهێنەر، سیناریۆنووس و وێنەگری سینەماییە.
براوەی چەندین خەڵاتی جیهانییە، بە فیلمی سینەمایی 'Winter Sleep' خەڵاتی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە 2014 وەرگرتووە.
لە 1993 وەک ئەکتەرێک چووەتە نێو جیهانی سینەما، هەر لەو ساڵەدا کاری دەرهێنانی بۆ یەکەم کورتەفیلمی کردووە، لە 1997 کاری دەرهێنانی بۆ یەکەم فیلمی بڵندی بەناوی 'Town' کردووە.
ئەو دەرهێنەرە لە 2008 کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی 'Three Monkeys' کرد و توانی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بباتەوە و لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بیانییەکان ئۆسکاریش بەربژێر بوو.
جەیلان، لە 2009 وەک ئەندامی لیژنەی هەڵسەناگندنی فیلمە، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بەشداربوو و لە 2011 بە فیلمی 'Once Upon A Time in Anatolia' خەڵاتی گەورەی لێژنەی دادوەری لە هەمان فیستیڤاڵدا بەدەستهێنا.
چالاکییەکانی پێنجەیم فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی، لە 17 تاوەکو 23 ئەم مانگە لە تەلاری هونەری و ستی سینەما لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، تێیدا 143 فیلم لە 35 وڵاتەوە بەشدارن و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری فیستیڤاڵەکەیە.
لە فیلمە بەشداربووەکان، 57 فیلمی کوردی هەن، هەروەها 21 فیلمی سینەمایی هەیە و ئەو فیلمانەی بە زمانی ئینگلیزی ژێرنووسی کوردییان بۆ کراوە، فیلمە بیانییەکانی بە زمانی دیکەن، وەک فارسی و فەرەنسی، ژێرنووسی کوردی و ئینگلیزییان بۆ کراوە.
تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیستیڤاڵەکە و لە چوار خولی رابردووشدا سپۆنسەر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ