رووداو- هەولێر
(یاشار کەمال.. سترانبێژی رووناکی) نوێترین بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە لەبارەی ژیان و بیرکردنەوەی رۆماننووسی گەورەی کورد و تورکینووس یاشار کەمال (1923- 2015).
ئەم کتێبە کە لە نووسین و ئامادەکردن و وەرگێڕانی سیروان رەحیمە، لە 189 لاپەڕەی قەبارە مامناوەندی پێکهاتووە، دنیابینی و بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانی ئەو نووسەرە لە زاری ئاشنا هەرە نزیکەکانییەوە دەخاتەڕوو. کەسانی وەک کۆرنێلیۆس بیشهۆف، وەرگێڕ و زمانناسی ئەڵمان - ئارا گویلەر، وێنەگری بە رەچەڵەک ئەرمەنی خەڵکی ئیستەنبووڵ. پ. د.نۆربێرت مێکلەنبورگ، پسپۆڕی ئەدەبیات و رەخنەی ئەدەبی - لوسیەن لایتس، بەڕێوەبەری وەشانخانەی ئۆنیۆن لە سویسرا- موسلیم یوجەل، نووسەر- زولفو لیڤانەلی، رۆماننووس- ئەحمەد گوینەشتەکین، نیگارکێش و رۆنی مارگۆلیس، نووسەر و رۆژنامەڤان کە ئاشنا و هاودەمی یاشار کەمال بوون. هەموویان بیرەوەرییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەو نووسەرە دەگێڕنەوە.
هەر لەم هەڤپەیڤینانە کە لەوبارەوە لەگەڵیان کراوە، بەڵگەفیلمێک بە هەمان ناونیشان لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو و لە نووسین و دەرهێنانی سیروان رەحیم بەرهەمهێنراوە. بەڵگەفیلمەکەش باس لە هەڵوێستەکانی یاشار کەمال دەکات سەبارەت بە کێشەی کورد لە تورکیا، قەدەخەکردنی زمانی کوردی، ژینگە، هەژاری و کێشەی دیموکراسی لەو وڵاتە.
یاشار کەمال خاوەنی 25 کتێبی رۆمان و چیرۆکە کە بە زمانی تورکی نووسراون، بەڵام بەرهەمەکانی هەر زوو سنوورەکانی تورکیایان بڕی و هەندێکیان بۆ زیاتر لە 40 زمان وەرگێڕدراون. لەو سۆنگەیەشەوە نزیکەی 40 خەڵاتی جیهانی و نێوخۆیی پێبەخشراوە، هەموو ئەمانەش یاشار کەمالیان کردە نووسەرێکی جیهانی، هەرچەندە بەهۆی هەڵوێستەکانی لەبارەی کێشەی کورد و مەسەلەی دیموکراسی لە تورکیا، بەرەوڕووی گوشاری زۆری دەوڵەت بووەوە تاوەکو ئاستی ئەوەی کە درایە دادگا. لەو کتێبەدا زۆر بۆچوون و پێشبینی گرنگی یاشار کەمال دەبینن، لەوانەش پێشبینیکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ ناو سووریا.
سیروان رەحیم، لەبارەی ئەم بەرهەمە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "هەموو ئەو هەڤپەیڤینانە و هەروەها ئەو بابەتانەی لەسەر یاشار کەمال نووسراون، بەسەریەکەوە بوونە کەرەستەی ئەم کتێبە. بەوهیوایەی شایستەی ئەدەبیات و کەسایەتیی ناوێکی گرنگی وەکو یاشار کەمال بێت".
پەرتووکەکە ئێستا لە پەرتووکخانەکانی باشووری کورددستان دەستدەکەوێت، هەروەها لەو دوو بەستەرەدا دەتوانن بەڵگەفیلمەکە و چاپی ئەلیکترۆنی کتێبەکە ببینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ