'Alcarras' خەڵاتی ورچی زێڕینی فیستیڤاڵی فیلمی بەرلینی بەدەستهێنا

17-02-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن بەرلین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

خەڵاتەکانی 72مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین راگەێندران و فیلمی کەتەلۆنی 'Alcarras' لە دەرهێنانی کارلا سیمۆن، توانی خەڵاتی ورچی زیڕین بەدەستبێنێت کە خەڵاتی سەرەکیی فیستیڤاڵەکەیە.
 
خەڵاتەکان شەوی رابردوو 16-2-2022 راگەیێندران کە لە دوای کێبڕکیی 18 فیلم لە بەشی کێبڕکێدا، ئەم بەرهەمە سینەماییە خێزانییە توانی خەڵاتی سەرەکیی فیستیڤاڵ بباتەوە و خەڵاتەکە لەلایەن لیژنەی دادوەرییەوە راگەیێندرا و ئێم نایت شاملان، دەرهێنەری ئەمریکی سەرۆکایەتی لیژنەکەی کردووە.
 
فیلمەکە باس لە خێزانێک دەکات کە لە گوندێکی کاتالۆنیای ئیسپانیا سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی خۆخن لە نێو باخێکدا، بەڵام کەسانێک دەیانەوێت دەست بەسەر باخەکەدا بگرن و دار خۆخەکان ببڕنەوە و لە شوێنی ئەودا لەرێگەی تیشکی خۆر وزە بەرهەمبێنن.
 
مالتەم کاپتان، ئەکتەری ئەڵمانی – تورک، لە رێگەی فیلمی سینەمایی 'Rabiye Kurnaz vs. George W. Bush.' لە دەرهێنانی ئاندریاس درێسن، خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستهێنا.
 
خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بۆ کلەیێر دێنز، خانمە دەرهێنەری فەرەنسی بوو کە بە فیلمی 'Both Sides of the Blade' لە چالاکییەکانی فیستیڤاڵ بەشداربوو.
 
خەڵاتی گەورەی لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵ بە فیلمی کۆری 'The Novelist's Film' لە دەرهێنانی هۆنگ سانگسۆ بەخشرا.
 
72مین فیستیڤاڵی نیودەوڵەتیی فیلمی بەرلین کە بە یەکێک لە گرنگترین فیستیڤاڵە سینەماییەکان لە جیهاندا دەناسرێت، لە 10-2-2022 لە کۆشکی بەرلینالە لە بەرلینی ئەڵمانیا دەستیپێکرد و خەڵاتەکانی لە 16 مانگ دابەشکران و لە 20ـی هەمان مانگ کۆتایی بە چالاکییەکانی دێت.
 
لە خولی ئەمساڵدا تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن ئامادەبن کە ژەمە ڤاکسینی تەواویان دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە، یاخود ئەوانەی تووشبوونە و بەم دواییە چاکبوونەتەوە، لە هەمانکاتتدا پشکنین بۆ بەشداربووان دەکرێت و دەمامک دابین دەکرێت.
 
هەر بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن، تەنیا 50٪ شوێنی دانیشتن بۆ بینینی فیلمە لە سینەماکاندا بەکاردێن و تەواوی ئاهەنگ و ئاهەنگەکانی پێشوازیکردن لە فیستیڤاڵدا هەوڵوەشاونەتەوە.
 
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بە بەرلینالە دەناسرێت، یەکەم خولی لە 1951 لە بەرلین لە ئەڵمانیا سازکراوە و ساڵانە لە مانگی شوبات بەڕێوەدەچێت.
 
لە فیستیڤاڵەکەدا خەڵاتی ورچی زیڕین و زیوین دەبەخشرێت کە هێمایەکە بۆ شاری بەرلین، هەروەها خەڵاتی کامێرای بەرلینالە بەو کەسانە دەبەخشرێت کە خزمەتی فیستیڤاڵەکەیان کردووە.
 
ساڵانە لە فیستیڤاڵەکەدا نزیکەی 300 هەزار بلیت دەفرۆشرێن و فیستیڤاڵەکە بەوە ناسراوە کە زۆرترین ئامادەبووی هەیە، لە هەر خولێکدا نزیکەی 400 فیلم نمایش دەکات و نزیکەی 20 فیلم کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەکەن.
 
ساڵانە زیاتر لە چوار هەزار و 200 رووماڵی رۆژنامەوانی لە 110 وڵاتەوە بۆ فیستیڤاڵەکە دەکرێت.
 
لە یەکەم خولی فیستیڤاڵەکەدا کە لە 1951 بەڕێوەچوو، پێنج خەڵاتی ورچی زیڕین بەخشران، فیلمی ئەمریکی 'Cinderella' خەڵاتی ورچی زێڕین و خەڵاتی جەماوەری وەک باشترین فیلمی وەرگرت.
 
لە 1952 و 1955، براوەی خەڵاتی ورچی زێڕین بە دەنگدانی بینەران بوو، لە 1956 خەڵاتی ورچی زێڕین لەلایەن لیژنەی دادوەرییەوە دەبەخشرێت.
 
لە 2015 بەشێکی تایبەت بە زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان لە فیستیڤاڵەکەدا کرایەوە و لە 71مین خولیشی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چالاکییەکانی کەمکرایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڤن کۆستنەر لە فیلمی (Horizon)

کێڤن کۆستنەر بەهۆی نەدانی پارەی جلوبەرگ سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت

لە کاتێکدا کێڤن کۆستنەر، ئەکتەر و دەرهێنەری ناسراوی هۆڵیوود، هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی بودجە دەدات تاوەکو زنجیرە فیلمە کلاسیکییەکەی (Horizon: An American Saga) تەواو بکات، ئێستا بەهۆی نەدانی پارەی کرێی جلوبەرگی فیلمەکە، رووبەڕووی سکاڵایەکی یاسایی بووەتەوە.