رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند عەزیز وەیسی لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی دەڵێت: "لە دادگە ویستیان بەڵێننامەم پێ پڕ بکەنەوە و بڵێم پەشیمانم لەو کلیپەی بڵاوم کردووەتەوە، بەڵام من گوتم لەگەڵ خەڵکەکەمم و هیچ پەشیمان نیم لەو کارەی کردوومە".
رۆژی دووشەممە 17-10-2022 عەزیز وەیسی، هونەرمەندی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "لە ئەوروپا ستۆرییەکم لە هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیام دانابوو؛ هەربۆیە لە رێگەی نامەوە بانگهێشتی دادگە کرام و کاتێک گەڕامەوە بۆ ئێران، دادگە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکردم و کاتێک چووم، زانیم کە هۆکارەکەی هەر ئەو ڤیدیۆ کلیپە بوو کە بڵاوم کردبووەوە".
عەزیز وەیسی دەڵێت: "ماوەی رۆژێک لە گرتووخانە راگیرام و دواتر بە دانانی بارمتە ئازادکرام تا ئەو کاتەی دادگە بڕیار لەبارەی کەیسەکەم دەدات"؛ لەبارەی چۆنێتیی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکانیش گوتی: "لەبەرئەوەی من دەنگ و ناوم هەیە، نەیانتوانی لە زیندان خراپ مامەڵەم لەگەڵ بکەن".
عەزیز وەیسی گوتی: "بەڵێننامەیان پێ پڕکردمەوە بۆ ئەوەی لەکاتی بڕیاردان لە کەیسەکەم لەبەردەم دادوەر ئامادەبم. لە دادگە پێیانگوتم دان بەوەدا بنێم کە هەڵە بووم لەوەی کلیپەکەم بڵاوکردووەتەوە، بەڵام من پێم گوتن لەگەڵ خەڵکەکەمم و ئەگەر ئێستا هەر شتێکم، ئەو خەڵکە منیان کردووە بەو کەسە؛ بۆیە هاودەنگم لەگەڵیان و لە کارەکەم پەشیمان نیم".
عەزیز وەیسی گوتی: "بە دانانی تاپۆی خانووەکەم، رێگەیان پێدام بێمە دەرەوە، بەڵام دیار نییە کەی دادگە جارێکی دیکە لەسەر کەیسەکەم کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات، پێیان گوتم لە رێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگاداریت بۆ دەنێرین".
بەیانیی رۆژی شەممە 15-10-2022 عەزیز وەیسی، هونەرمەندی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کرماشانەوە دەستگیرکرا و دوای رۆژێک بە دانانی بارمتە تا کاتی بڕیاری دادگا، ئازادکرا.
عەزیز وەیسی بەم دواییە لە هەژماری تایبەتیی لە ئینستاگرام پۆست و ستۆری لەبارەی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردبووەوە، هەروەها گۆرانییەکی لەبارەی ئەو دۆخە بڵاوکردەوە.
عەزیز وەیسی لە 1968 لە سەلاسی باوەجانی سەر بە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، گۆرانی بە زمانی کوردی و فارسی دەڵێت، بە گۆرانیی شاد و هەڵپەڕکێ ناوبانگی پەیداکردووە.
ئەو هونەرمەندە خاوەنی چەند ئەلبوومێکی گۆرانییە، لەوانە 'بەمۆ'، 'سەهەند'، 'سۆما'، 'دیلان'، 'سەما'، 'هەرزانە' و 'نەورۆز'.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ