ئەستێرەیەکی پۆپی ژاپۆنی دەبێتە ئەکتەری زنجیرەی (Shōgun)

19-11-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن رێن مێگورۆ Shōgun
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێن مێگورۆ، گۆرانیبێژ و ئەکتەری ژاپۆنی، پەیوەندی بە ئەکتەرانی وەرزی دووەمی زنجیرە مێژووییە بەناوبانگەکەی (Shōgun)ـەوە کرد و رایگەیاند، رۆڵی کارەکتەری (کازوتادا) دەگێڕێت.
 
رێن مێگورۆ، ئەندامی گرووپی بەناوبانگی پۆپی (سنۆ مان)ـە، خۆشحاڵیی خۆی بەم بەشدارییە دەربڕی و گوتی: "دوای بینینی وەرزی یەکەمی زنجیرەکە لە دیزنی پڵەس، زۆر سەرسام بووم بە شێوازی ناوازەی پێشاندانی و هەستم بە گەرموگوڕییەکی زۆر کرد بۆ بەشداربوون تێیدا".
 
مێگورۆ ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ناسینی تیمی بەرهەمهێنان و بینینی ئەکتەری سەرەکی، هیرۆیۆکی سانادا، بەشداریی لە تاقیکردنەوەکاندا کردووە و ئێستا خەونەکەی بووەتە راستی. ئەو جەختی لەوە کردەوە، پابەند دەبێت بە پاراستنی میراتی زنجیرەکە و رۆڵەکەی بەوپەڕی وردییەوە دەگێڕێت.
 
(Shōgun) لە رۆمانە بەناوبانگەکەی جەیمس کلاڤێڵ لە 1975 وەرگیراوە، باس لە گەیشتنی کەشتیوانێکی ئینگلیز بەناوی جۆن بلاکسۆرن دەکات. چیرۆکەکە تیشک دەخاتە سەر ململانێ سیاسییەکان، جیاوازییە کولتوورییەکان و هەوڵی لۆرد یۆشی تۆرانگا بۆ گەیشتن بە لووتکەی دەسەڵات و بوون بە شۆگن، واتە فەرمانڕەوای سەربازیی ژاپۆن.
 
وەرزی یەکەمی زنجیرەکە سەرکەوتنێکی گەورەی لە ئاستی جیهاندا بەدەستهێنا و بووە پڕبینەرترین زنجیرە لە پلاتفۆرمی دیزنی پڵەس و هولو. رەخنەگران ستایشی وردەکارییە مێژووییەکانی، نواندنی بەهێزی ئەکتەرەکان و بەرهەمهێنانەکەیان کردووە.
 
رووداوەکانی وەرزی دووەم، یەک دەیە دوای کۆتاییهاتنی وەرزی یەکەم دەستپێدەکەن و بڕیارە کاری وێنەگرتنی لە کانوونی دووەمی 2026 دەستپێبکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە فیلمی  (Avatar: Fire and Ash)

بەشی سێیەمی (Avatar) لە سینەماکانە و لە چین 17 ملیۆن دۆلار بەدەستهێناوە

فیلمی (Avatar: Fire and Ash)ـی جەیمس کامیرۆن، لە نمایشە بەراییەکانی رۆژی پێنجشەممەدا لە ئەمریکای باکوور 12 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، ئامانجی بەرهەمهێنەرانی کۆتاییهێنانە بە 2025 بە بەهێزترین فیلمی ساڵ.